نوسینگەی لیز ترەس بڵاوکردەوە، سەرۆک وەزیرانی بەریتانیا بەتەلەفۆن قسەی لەگەڵ سەرۆکی ئۆکراین کردووە و پشتیووانی وڵاتەکەی بۆ ئازادی و دیموکراسیی ئۆکراین و جەنگ بەرامبەر روسیا دووپاتکردووەتەوە و بانگھێشتی زیلینسکی بۆ سەردانکردنی ئۆکراین قبوڵکردووە و ئامادەیی دەربڕیووە سەردانی ئەو وڵاتە بکات.
بەریتانیا یەکێکە لەو وڵاتانی گەورەترین پاڵپشتیی ئۆکراین دەکات لە جەنگ بەرامبەر روسیا و لەسەرەتای دەستپێکردنی جەنگەکەوە نزیکەی حەوت ھەزار چەکی دژە تانک و سەدان مووشەک و زرێپۆشی رەوانەی ئۆکراین کردووە و راھێنانیش بە سەربازانی ئەو وڵاتە دەکات، ئەوە جگە لەسەپاندنی چەندین سزای قورس بەسەر روسیادا.
ئاژانسی سانای ڕەسمی سوریا لە زاری سەرچاوەیەکی سەربازییەوە رایگەیاندووە، ئیسرائیل ژمارەیەک مووشەک لە دەریای سپی ناوەڕاستەوە ئاراستەی فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی حەلەبی کردووە و زیانی ماددی لێکەوتووەتەوە.
ڕوانگەی سوری بۆ مافەکانی مرۆڤی ڕاگەیاندووە، لە ئەنجامی ھێرشە مووشەکییەکەی ئیسرائیل بۆ سەر فرۆکەخانەی نێودەوڵەتی حەلەب ھەشت کەس بوونەتە قوربانی.
ھاوکات وەزارەتی گواستنەوەی سوریا ڕایگەیاندووە، سەرجەم ئەو گەشتە ئاسمانییانەی لە ڕێگەی فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی حەلەبەوە بەرنامەیان بۆ دانراوە دەگوازرێنەوە بۆ فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی دیمەشق.
"تاکیس تیدۆریاکاکۆس" وەزیری پاراستنی ھاووڵاتیانی یۆنان لە میانەی سەردانێکیدا بۆ دورگەی ئیفرۆس ڕایگەیاند، ١٤٠ کلیۆمەتر دیواری کۆنکرێتی و تەلی دڕکراوی زیاد دەکەن بۆ سەر ئەو دیوارە ٤٠ کیلۆمەترییەی کە لەسەر ڕووباری مەریچ دروستکراوە.
وتیشی، حکومەتی یۆنان ئامێری چاودێری ئەلکترۆنی نوێ و بەلەم و فڕۆکەی دیکە بۆ چاودێرکردنی سنورەکانی لەگەڵ تورکیا دابین دەکات، گەڕانەکانیش لە سنورەکە چڕتر دەکرێنەوە و ھێزی زیاتر ڕەوانەی سنورەکان دەکرێت.
ئاژانسی فرانس پرێس بڵاویکردەوە، رۆژنامەنووسانی کۆشکی سپی سەبارەت بە پێویستی پۆلێنکردنی روسیا لە لیستی وڵاتانی ھاوکاری تیرۆر پرسیاریان لە بایدن کردووە و ئەویش بە (نەخێر) وەڵامی داوەتەوە.
ئەوەش لەکاتێکدایە ماوەیەکە سەرۆکی ئۆکراین و ئەندامانی کۆنگرێسی ئەمریکا بە پشتیوانی نانسی بیلوسی سەرۆکی ئەنجومەنی نوێنەران فشاریان خستووەتە سەر ئیدارەی بایدن بۆ پۆلێنکردنی روسیا لە لیستی ووڵاتانی ھاوکاری تیرۆر.
لەبەرامبەردا وەزارەتی دەرەوەی روسیا ھۆشداری دابوو لە ھەوڵەکانی دانانی وڵاتەکەی لە لیستی تیرۆر و رایگەیاندبوو دانانی وڵاتەکەی لە لیستی تیرۆر دەبێتە ھۆی بچڕاندنی پەیوەندییە دیبلۆماسییەکانی روسیا و ئەمریکا.
بۆریس جۆنسن لە وتاری ماڵئاواییدا لە "داونینگ ستریت" پشتیوانی خۆی بۆ "ترەس" دەربڕی و رایگەیاند سەرکەوتووبوون لە بەرزکردنەوەی ئاستی خزمەتگوزاری و ھەزاران ھەلی کاریان رەخساندووە و سەرکەوتووبوون لە جێبەجێکردنی کشانەوەی بەریتانیا لە یەکێتی ئەوروپا، لە کاتێکدا بەریتانیا روبەڕووی قەیرانی ئابوری قورس بووەوە.
ھاوکات ھەر ئەمڕۆ بۆریس جۆنسن دەستلەکارکێشانەوەکەی پێشکەشی شاژنە ئیلیزابێسی دووەم دەکات لە سکۆتلەندا و دواتر "لیز ترەس" سەرۆک وەزیرانی نوێی بەریتانیا لەلایەن شاژنە ئیلیزابێسەوە پێشوازی لێدەکرێت و دەبێتە ١٥یەمین سەرۆک وەزیرانی بەریتانیا لە سەردەمی شاژنە ئیلیزابێس، کە ماوەی ٧٠ ساڵە لەسەر تەختی دەسەڵاتە.
دواتر "لیز ترەس" دەگەڕێتەوە لەندەن و یەکەم وتاری خۆی لە بارەگای حکومەت لە "داونینگ ستریت" پێشکەشدەکات.
رۆژی چوارشەممەش "ترەس" رێکارەکانی پێکھێنانی حکومەتی نوێی بەریتانیا دەستپێدەکات و بۆ یەکەمینجار روبەڕوی "کەیر ستارمر" سەرۆکی ئۆپۆزسیۆنی بەریتانیا لە پەرلەمان دەبێتەوە.
دوێنێ، لیز ترەس لەبەرامبەر ریشی سوناک سەرکەوت و بە زۆرینەی دەنگی پارتی پارێزگاران بووە سەرۆکی پارتی پارێزگاران و سەرۆک وەزیرانی نوێی بەریتانیا.
چوارچێوەی ھەماھەنگی شیعەکان لە راگەیەندراوێکدا لە بارەی ئاستنگەکانی بەردەم پێکھێنانی حکومەتی نوێی عێراق ئاماژەی بەوە کردووە، بەھۆی زۆری کێشە و ناکۆکی لە نێوان لایەنە سیاسییەکان و بەردەوامی چەقبەستوویی سیاسی ، دەستوەردانی وڵاتانی دەرەکی لە کاروباری ناوخۆی عێراق زۆر زیادیکردووە و ھەندێک لایەنی ناوخۆییش ھۆکار و رێگەخۆشکەرن بۆ ئەو دەستوەردانە دەرەکییە.
راشیگەیاندووە، چوارچێوەی ھەماھەنگی ھەوڵێکی زۆر دەدات بۆئەوەی بە زوترین کات حکومەتی نوێی عێراق پێکبھێنێت، بەڵام بەشێک لە وڵاتانی ناوچەکە و دراوسێ و جیھانیش کێشە و رێگری زۆر بۆ ھەوڵانە دروست دەکەن و دژی ئەوەن حکومەتی نوێ لەلایەن چوارچێوەی ھەماھەنگییەوە پێکبھێنرێت.
وەزارەتی ناوخۆی عێراق رایگەیاندووە، دوای ماوەیەکی زۆر لە گفتوگۆ و دانوستان لەگەڵ وەزارەتی ناوخۆی سعودیە، یاداشتێکی لێکتێگەیشتنیان لە بواری ئەمنیدا ئیمزا کردووە کە پاراستنی سنورەکان و رێگریکردن بازرگانیکردن بە ماددەی ھۆشبەر و ھەڵاتنی تۆمەتباران و داواکراوانی یاسا، خاڵی سەرەکی لێکتێگەیشتنەکەن.
ئاماژەی بەوەشکردوە، ئەنجومەنی بریکارانی ئاسایشی نیشتیمانی عێراقیش ئیمزاکردنی ئەو لێکتێگەیشتنەی پەسەند کردووە و بڕیاریشە لە داھاتوودا فراوانتریش بکرێت و زۆر بواری دیکەی ئەمنیش بگرێتەوە.
ئامانجی مانۆرەکە ڕاھێنانە لەسەر ھێرش و ئوپراسیۆنی تایبەت لە دژی تیرۆر و ھەڕەشەی بەکارھێنانی چەکی کۆمەڵکوژ.
لە بەیاننامەیەکدا سوپای ئوردن بڵاویکردەوە، ڕاھێنانەکان بەمەبەستی ھەماھەنگی کاری ھاوبەشە لە نێوان ھێزە ئەمنی و سەربازییەکانی وڵاتانی بەشدار بوو، لەسەر ڕوبەڕوبونەوەی تیرۆر و گەشەپێدانی توانای ھێزە ئەمنیەکان و ھاوکاری نێوان دەزگا جیاجیاکانی دەوڵەت، بۆ چۆنێتی وەڵامدانەوەی ھەڕەشە و مەترسییەکان و قەیرانە ناوخۆییەکان.
بڕیاریشە لە ماوەی ڕاھێنانەکاندا چەندین دیدار و سمینار لەلایەن فەرماندە سەربازییەکانی وڵاتانەوە سازبکرێت، بۆ تاوتوێکردنی ئەو مەترسیە ئەمنیانەی کە لە جیھاندا ھاتونەتە ئاراوە.
ئاژانسی ھەواڵی رۆیتەرز ئاشکرایکرد ، بەیانی ئەمرۆ بومەلەرزەیەک بە گوڕی ٥.٣ پارێزگای کوناری باکوری خۆرھەڵاتی ئەفغانستانی ھەژاندووە و لە ئەنجامدا لانیکەم هەشت کەس گیانیان لەدەستداوە و پێشبینیش دەکرێت ئامارەکە زیاتر ببێت.جگە لە زیانە گیانییەکانیش ، بومەلەرزەکە زیانی ماددیشی لێکەوتووەتەوە.
ئەوە لەکاتێکدایە تا ئێستا ئەفغانستان بە دەست زیانەکانی ئەو بومەلەرزەیەوە دەناڵێت کە لە مانگی حوزەیرانی ڕابردوودا ئەو وڵاتەی ھەژاند و زیاتر لە ھەزار کەسی کردە قوربانی و چەندین گوندی خۆرھەڵاتی ئەفغانستانی لەناوبرد .
راوێژکاری ئەڵمانیا ئاماژەی بۆ ئەوە کردوە، لە کۆتایی ساڵی رابردوەوە ئامادەکاری دەکەن بۆ ئەوەی چیتر پشت بە وزەی روسیا نەبەستن و بە پێی ئەو پلانەش کە دایان رشتوە لە مانگی کانونی یەکەمی ٢٠٢٢ ەوە ، بە تەواوی دەستبەرداری وزەی روسیا دەبن، چونکە ئەڵمانیا کۆگاکانی غازی پڕ کردوە و پێی باشترە سوتەمەنی روسیا بەکار نەھێنێت، ھەروەھا رایگەیاندوە، دەزانن ئەو بڕیارە وادەکات ئەڵمانیا بەقۆناغێکی سەختدا تێپەڕێت، بەڵام ھیوادارن کە ناچار نەبن لەھەندێک کاتدا کارەبا و غاز لە ئەڵمانییەکان ببڕن.
کەمال کلیچدارئۆغڵو سەرۆکی پارتی گەلی کۆماری جەھەپە کە گەورەترین پارتی ئۆپۆزسیونی ئەو وڵاتەیە راگەیاند، ئەگەر ھاوپەیمانی شەش لایەنەکە لەسەر ناوەکەی رێکبکەون ئامادەیە خۆی کاندیدبکات بۆ سەرۆکایەتی کۆمار.
وتیشی، پێویستە شەش لایەنی سیاسی کۆدەنگی ھاوبەش پێکبھێنن و لەسەر ھەموو پرسەکان و چۆنیەتی ئەنجامدانی ھەڵبژاردنەکان بگەنە ڕێککەوتن.
ھاوکات تەمەل کارامۆڵا ئۆغڵو سەرۆکی پارتی سەعادەت کە یەکێک لە ھاوپەیمانی شەش لایەنەکە، کاندیدکردنی عەبدوڵا گوول)سەرۆکی پێشووی تورکیا بە گونجاو دزانێت و دەڵێت، عەبدوڵا گوول ئەزموونێکی باشی ھەیە و لەھەمانکاتدا ھەڵوێستی ڕوونە و خوشی ئامادەیە ئەگەر ئەوان رێکبکەون.
بەپێی ئامارەکانی دەزگای لوتکە، کۆی ژمارەی ئەو کۆچبەرانەی کە ئەمساڵ دەگەنە بەریتانیا دەگاتە شەست ھەزار کۆچبەر و تەنھا لە ماوەی یەک رۆژی ھەفتەی رابردووشدا، ٩٦٠ کۆچبەر بە ٢٠ بەلەم و لە رێگەی ئاوی فەڕەنساوە خۆیان گەیاندووەتە ئەو وڵاتە.
بەپێی ئامارەکە، سەرەڕای گرتنەبەری ڕێوشوێنی توند بۆ سنوردارکردنی کۆچی نایاسایی لەلایەن فەڕەنسا و ھەڕەشەکانی بەریتانیا، ژمارەی ئەو کۆچبەرانەی لەئەمساڵدا کەناڵی ئینگلیزییان بەزاندووە و گەیشتوونەتە خاکی بەریتانیا لەو ژمارەیە زیاترە کە لە ساڵی ٢٠٢١ تۆمارکراوە و ٢٨ ھەزار و ٥٠٠ کەس بووە.
بەپێی ئامارە رەسمییەکانیش، لە سەرەتای ئەمساڵەوە تائێستا ٢٢ ھەزار و ٦٧٠ کۆچبەر ڕێڕەوە ئاوییەکەی نێوان فەڕەنسا و بەریتانیایان بەزاندووە، ئەمەش دوو ھێندە زیاترە لەو ژمارەیەی لە ھەمان ماوەی ساڵی ڕابردوودا تۆمارکراوە.
کۆچبەرانی کورد یادەوەری ناخۆشیان لەگەڵ کەناڵی ئینگلیزیدا ھەیە و لە ٢٤ی تشرینی دووەمی ساڵی رابردوو، لەکاتی پەڕینەوەیان بۆ بەریتانیا، ٢٧ کۆچبەر لەو کەناڵەدا خنکان کە زۆربەیان خەڵکی ھەرێمی کوردستان بوون.
لێپرسراوانی کەناراوەکانی فەرەنسا ئاشکرایان کرد، رۆژی شەممە لە چەند ئۆپراسیۆنێکدا نزیکەی ١٩٠ کۆچبەری نایاسایی لەلایەن ھێزە دەریاییەکانی فەرەنساوە لە کەناڵی ئینگلیز رزگارکراون، کە ١١٠ یان لە کەناراوەکانی فەرەنسا بوون و دوای رزگارکردنیان گەڕێندراونەتەوە فەڕەنسا، ھەروەھا ٧٦ کۆچبەری تریش لە کەناراوکانی باکور لە ھەمان رۆژدا ڕزگارکراون.
میدیای سوریا بڵاویکردەوە، ھەلیکۆپتەرێکی سەربازیی ئەو وڵاتە لە کاتی ئەنجامدانی مەشق و راھێناندا لە باکوری رۆژھەڵاتی شاری حەما کەوتووەتە خوارەوە و بەپێی زانیارییە سەرەتاییەکان تەواوی تیمی ھەلیکۆپتەرەکە گیانیان لەدەستداوە.
ئاماژە بۆ ئەوەشکراوە، ھەلیکۆپتەرەکە بەھۆی کێشەیەکی تەکنیکی کەوتووەتەخوارەوە و لێکۆڵینەوە لە رووداوەکەش بەردەوامە.
ئاژانسی ئەنادۆڵ لە زاری سەرچاوەیەکی ئەمنی بڵاویکردەوە، تیمی ئێشکگری کەناراوەکانی تورکیا بانگەوازێکی بەھاناوەچوونیان لە کۆچبەرانی نایاسایی پێگەیشتووە کە لەسەر بەلەمێکی چووپ بوون لە نزیک قەزای (قوش ئەداسی) لە رۆژئاوای تورکیا. ڕوونیشیکردەوە، تیمەکە ئەرکەکەیان لە ناوچەکە ئەنجامداوە و حەوت کۆچبەریان دۆزیوەتەوە کە ھەڵگری ڕەگەزنامەی لیبیریا بوون، بەڵام بۆیان دەرکەوتووە یەکێک لە کۆچبەرەکان گیانی لەدەستداوە.
ھاوکات کۆچبەرە رزگاربووەکان ئاشکرایانکرد، گیان لەدەستدانی ھاوڕێکەیان لەکاتێکدا بووە کە ھێزەکانی یۆنان ناچاریکردوون بگەڕێنەوە بۆ سنوری ئاویی تورکیا.
ھێزی ئاسایشی ناوخۆی باکور و خۆرھەڵاتی سوریا رایگەیاند، لە ماوەی ١٠ رۆژدا لە ئۆپراسیۆنێکی تایبەتدا لە کەمپی ھۆل، ١٤ چەکداری داعش دەستگیرکراون وپێنج خەندەقیش کە لەلایەن ئەو چەکدارانەوە بەکارھاتوون، دۆزراونەتەوە، دەستیشیان گرتووە بەسەر ١٦ مۆبایلدا لە ژێر زەویدا.
ھەر لە چوارچێوی ئەو ھەڵمەتەدا، ٥٠%ی کەمپەکە پشکنینی بۆ کراوە و ١٢١ گومانلێکراو کە لە نێوانیادا ١٥ ژن ھەیە، دەستگیرکراون.
لە کەمپی ھۆڵ زیاتر لە ٦٥ ھەزار خێزانی چەکدارانی داعش دەژین کە ٩٤%یان ژن و منداڵن، بەپێی ئامارەکانی نەتەوە یەکگرتووەکانیش، لەسەرەتای ساڵی رابردووەوە تائێستا، زیاتر لە ١٠٠ کەس کوژراون.
پسپۆڕانی ئەمنیش ھۆشداری دەدەن لە سەرھەڵدانی نەوەیەکی تری داعش لە کەمپی ھۆلەوە.