ھێزی ئاسایشی ناوخۆی باکور و خۆرھەڵاتی سوریا رایگەیاند، لە ماوەی ١٠ رۆژدا لە ئۆپراسیۆنێکی تایبەتدا لە کەمپی ھۆل، ١٤ چەکداری داعش دەستگیرکراون وپێنج خەندەقیش کە لەلایەن ئەو چەکدارانەوە بەکارھاتوون، دۆزراونەتەوە، دەستیشیان گرتووە بەسەر ١٦ مۆبایلدا لە ژێر زەویدا.

ھەر لە چوارچێوی ئەو ھەڵمەتەدا، ٥٠%ی کەمپەکە پشکنینی بۆ کراوە و ١٢١ گومانلێکراو کە لە نێوانیادا ١٥ ژن ھەیە، دەستگیرکراون. 

لە کەمپی ھۆڵ زیاتر لە ٦٥ ھەزار خێزانی چەکدارانی داعش دەژین کە ٩٤%یان ژن و منداڵن، بەپێی ئامارەکانی نەتەوە یەکگرتووەکانیش، لەسەرەتای ساڵی رابردووەوە تائێستا، زیاتر لە ١٠٠ کەس کوژراون.

پسپۆڕانی ئەمنیش ھۆشداری دەدەن لە سەرھەڵدانی نەوەیەکی تری داعش لە کەمپی ھۆلەوە.