ئەمڕۆ لیز ترەس سەرۆک وەزیرانی نوێی بەریتانیا دەستبەکاردەبێت
کوردسات نیوز
٦ی ئەیلوولی ٢٠٢٢
٧٧٧
بۆریس جۆنسن لە وتاری ماڵئاواییدا لە "داونینگ ستریت" پشتیوانی خۆی بۆ "ترەس" دەربڕی و رایگەیاند سەرکەوتووبوون لە بەرزکردنەوەی ئاستی خزمەتگوزاری و ھەزاران ھەلی کاریان رەخساندووە و سەرکەوتووبوون لە جێبەجێکردنی کشانەوەی بەریتانیا لە یەکێتی ئەوروپا، لە کاتێکدا بەریتانیا روبەڕووی قەیرانی ئابوری قورس بووەوە.
ھاوکات ھەر ئەمڕۆ بۆریس جۆنسن دەستلەکارکێشانەوەکەی پێشکەشی شاژنە ئیلیزابێسی دووەم دەکات لە سکۆتلەندا و دواتر "لیز ترەس" سەرۆک وەزیرانی نوێی بەریتانیا لەلایەن شاژنە ئیلیزابێسەوە پێشوازی لێدەکرێت و دەبێتە ١٥یەمین سەرۆک وەزیرانی بەریتانیا لە سەردەمی شاژنە ئیلیزابێس، کە ماوەی ٧٠ ساڵە لەسەر تەختی دەسەڵاتە.
دواتر "لیز ترەس" دەگەڕێتەوە لەندەن و یەکەم وتاری خۆی لە بارەگای حکومەت لە "داونینگ ستریت" پێشکەشدەکات.
رۆژی چوارشەممەش "ترەس" رێکارەکانی پێکھێنانی حکومەتی نوێی بەریتانیا دەستپێدەکات و بۆ یەکەمینجار روبەڕوی "کەیر ستارمر" سەرۆکی ئۆپۆزسیۆنی بەریتانیا لە پەرلەمان دەبێتەوە.
دوێنێ، لیز ترەس لەبەرامبەر ریشی سوناک سەرکەوت و بە زۆرینەی دەنگی پارتی پارێزگاران بووە سەرۆکی پارتی پارێزگاران و سەرۆک وەزیرانی نوێی بەریتانیا.