پسپۆڕانی ئابوری ئەڵمانیا رایانگەیاندووە، ھەموو ھاووڵاتییەکی ئەڵمانی روبەڕووی ھەڵاوسان و کەمبوونەوەی پێدانی وزە دەبێتەوە لە وەرزی پاییزدا، ھەروەھا درکیان بەوە کردووە کە حکومەت ھێندەی بەڵێن دەدات، ئەوەندە پابەندی بەڵێنەکانی نابێت، بۆیە ئەگەری سەرھەڵدانی خۆپیشاندانی فراوان لە ئارادایە.
ژمارەیەک لە پەرلەمانتارانی ئەڵمانیاش باس لەوە دەکەن، سیاسەتی سزادانی روسیا کاریگەری لەسەر خۆشگوزەرانی ھاووڵاتیانی ئەڵمانیا دروستکردووە و داوایان لە سیاسەتمەداران کرد، دەست ھەڵبگرن لە عینادی و تاوتوێی ھەڵگرتنی ئەو سزایانە بکەن کە بەھۆی جەنگی ئۆکراین، بە سەر مۆسکۆدا سەپاندوویانە.
دەشڵێن، ئەڵمانیا ھیچ جێگرەوەیەکی بۆ غازی روسیا نەدۆزیوەتەوە و ئێستا پارەی زیاتریش دەدات بە روسیا بە بەراورد بە رابردوو.
بریارە سبەینی یائیر لاپید سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل بۆ تاوتوێکردنی رێکەوتنی ئەتۆمی ئێران بەسەردانێک بگاتە واشنتۆنی پایتەختی ئەمریکا و بە پێی میدیای ئیسرائیلش، لاپید لە سەردانەکەیدا چاوی دەکەوێت بە جۆ بایدن سەرۆکی ئەمریکا و باس لە مەترسییەکانی رێکەوتنی ئەتۆمیەکەی ئێران دەکرێت.
سەرەڕای ئەوەی واشنتۆن ھەوڵدەدات ئەو رێکەوتنە زیندووبکاتەوە، بەڵام لاپید جەختی لەوە کردووەتەوە، لەگەڵ وڵاتە زلھێزەکان ھەموو ھەوڵێک دەدەن بۆ رێگریکردن لە دوبارە ئیمزاکردنی ئەو رێککەوتنە.
وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا ڕایگەیاند، بە گوێرەی گرێبەستەکە ئیدارەی بایدن ڕەزامەندی داوە لەسەر فرۆشتنی چەندین جۆر موشەکی پێشکەوتوو و نوێکردنەوەی سیستمی ڕادارەکانی تایوان.
ئاماژەی بەوەشکردووە، ئەو گرێبەستە نوێیە لەگەڵ تایوان، بۆ بەرگریکردنە لە بەرژەوەندییە ئابوری و ئەمنییەکانی واشنتۆن.
لەبەرامبەریشدا وتەبێژی باڵیۆزخانەی چین لە ئەمریکا، ھەڕەشەی گرتنەبەری ڕێوشوێنی پێویستی کرد، لەبەرامبەر ھەر مەترسییەک کە زیان بگەیەنێت بە یەکپارچەیی چین.
(میتحات سانجار) ھاوسەرۆکی گشتیی (ھەدەپە) داوای لە ئۆپۆزسیۆنی تورکیا کرد، "کاندیدێکی ھاوبەش" بۆ ھەڵبژاردنی سەرۆکایەتی کۆمار پەسەند بکەن، وتیشی، لەگەڵ چوار حزبی ئۆپۆزسیۆن گفتوگۆ دەکەن، بۆ ئەوەی ھاوپەیمانێتییەک بە ناوی (ھاوپەیمانی میللەت) پێکبھێنن کە ئەوانیش، پارتی گەلی کۆماری و پارتی دیموکرات و پارتی دەڤا و پارتی ئایندەن.
سانجار راشیگەیاند، پرۆسەکە ئەوەیە کە بە ھیچ شێوەیەک باسی ناوی کاندیدی سەرۆک کۆمار ناکەن، بەڵکو (ھەدەپە) ھەڵوێستێکی درێژخایەن پەیڕەو دەکات کە ھاوتەریبە لەگەڵ پێداویستییەکانی پێگەیشتنی دیموکراسیدا، جەختی لەوەشکردەوە، ئامانجی سەرەکی (ھەدەپە) رێککەوتنە لەسەر بەرنامەیەکی ھاوبەش کە لە خولی یەکەمدا، ھەڵبژاردنەکان بباتەوە.
ئاژانسی ھەوالی نۆڤۆستی روسیا لە زاری میخائیل گروسی، بەڕێوەبەری ئاژانسی نێودەوڵەتی وزەی ئەتۆم بڵاویکردەوە، تیمی ڕێکخراوەکە شوێنی بۆردومان و کاریگەرییەکانی لەسەر وێستگەی ئەۆتۆمی زاپۆریژیا تۆمارکردووە، کە بووەتە مەترسی لەسەر سەلامەتی ئەو وێستگە ئەتۆمییە.
لە لایەکی دیکەوە حکومەتی ئۆکراین دانی بەوەدا، بنکەیەکی ڕوسیای لە ناوچەیەکی دەوروبەری وێستگە ئەتۆمییەکە بۆردومانکردووە، لە کاتێکدا کارمەندانی ئاژانسی نێودەوڵەتی وزەی ئەتۆم لە بەسەرکردنەوەی ویستگەی ئەتۆمی زاپۆریژیادا بوون.
علی رەزا سەباحی فەرد فەرماندەی ھێزی بەرگری ئاسمانی ئێران رایگەیاند، ئێران بە ھەموو شێوەیەک و پێش ئەوەی بیر لە بواری سەربازی و چەک بکاتەوە، بە دوای ئاشتی و ئارامی و پەیوەندییەکی باش و دۆستانەدا دەگڕێت لەگەڵ سەرجەم وڵاتانی جیھان بەگشتی و وڵاتانی ناوچەکە بە تایبەت، چونکە ھیچ کاتێک ئێران پشتیوانی لە شەڕ و ئاڵۆزی ناکات و پێی وایە رێگە نییە بۆ چارەسەری کێشەکان.
وتیشی، لەگەڵ خواستی ئێران بۆ ئاشتی و ئارامی، لە بواری سەربازیشدا ھێزێکی پتەوی ھەیە و بەرگری ئاسمانیشی لە ئاستێکدایە کە ئامادەیە بۆ روبەڕوبوونەوەی ھەر ھەڕەشە و مەترسییەک، فەرماندەی ھێزی بەرگری ئاسمانی ئێران راشیگەیاند، بۆ بەھێزکردنی توانا بەرگرییەکانیان پشت بەھیچ وڵاتێک نابەستن و پێویستیشیان بە کەس نییە لەو بوارەدا.
دەزگای لوتکە بۆ کاروباری ئاوارە و پەنابەران رایگەیاند، پێنجشەممەی رابردوو بەھۆی شەڕ و پێکدادان لە کەمپێکی کۆچبەران لە شارۆچکەی "لۆن پلاگ" لە باکوری فەڕەنسا ٩ کۆچبەر برینداربوون.
بە وتەی شایتحاڵانی رووداوەکە، چەند کۆچبەرێکی کورد ھێرشیان کردووەتە سەر چەند کۆچبەرێکی سودانی و تەقەیان بە ئاڕاستەی کەمپەکە کردووە، بەو ھۆیەوشەوە ٩ کەس برینداربوون، تائێستاش ھۆکاری سەرەکی ڕوداوەکە نەزانراوە.
دەزگای لوتکە ئاشکراشیکردووە، کەمپی "لۆن پلاگ" نزیکەی ٤٠٠ بۆ ٥٠٠ کۆچبەری بە رەگەز عێراقی و ئێرانی و ئەفغانی و سودانی لەخۆدەگرێت و زیاتر لە ٧٠%شیان کورد و عێراقین، لە ئێستاشدا بە ھۆی لێکۆڵینەوە لە ڕووداوەکە کەمپەکە چۆڵکراوە و کۆچبەرەکان گواستراونەتەوە بۆ کەمپێکی دیکە .
(ئیلھام ئەحمەد) رایگەیاند، دوای کۆبوونەوەکانی تاران و کۆبوونەوەی پوتن و ئەردۆغان، لیژنەی دەستوریی سوریا کارەکانی ڕاگرتووە و دەستوەردانی لایەنە نێودەوڵەتییەکانیش لە کاروباری ئەو وڵاتە یارمەتی کۆتاییھاتنی شەڕ و پێکدادانەکان نادات.
ئاماژەی بەوەشکرد، سورییەکان دەتوانن بڕیار لە چارەنووسی خۆیان بدەن، بەڵام ئەگەر چاوەڕێی ھێزە دەرەکییەکان بکەن، رزگارکردنی گەل و خاکی سوریا لە دەست داگیرکەران ئەستەم دەبێت.
فاسیلی نیبینزیا نوێنەری ھەمیشەیی روسیا لە رێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان رایگەیاند، نامەیەکی ئاڕاستەی ئەنتۆنیۆ گۆتێرێس سکرتێری گشتی رێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان کردوە و تیایدا ئاگاداری کردووەتەوە کە ئەمریکا ئامادە نییە ڤیزا بداتە ئەندامانی وەفدی روسیا کە ژمارەیان ٥٦ کەسە بۆ بەشداریکردن لە لوتکەی کۆمەڵەی گشتی نەتەوە یەکگرتووەکان کە بڕیارە ٢٠ی ئەم مانگە لە شاری نیویۆرک دەستپێبکات.
وتیشی، جگە لە وەفدی رەسمی روسیا، ئەمریکا ڤیزای نەداوەتە رۆژنامەنووسان و تیمی فڕۆکەوانی سێرگری لاڤرۆڤ وەزیری دەرەوەی روسیاش، ئەوەش کاریگەری خراپی دەبێت و ھێندەی تر ئاڵۆزییەکانی نێوان واشنتۆن و مۆسکۆ قوڵتر دەکاتەوە.
سێرگی ریابکۆڤ جێگری وەزیری دەرەوەی روسیا رایگەیاند، دەستوەردانی ئەمریکا لە کاروباری ئۆکراین و ھاوکارییە سەربازییەکانی بۆ ئەو وڵاتە و ھەڵسوکەوت و سیاسەتە ھەڵەکانی لە بەرامبەر روسیا، رۆژ لە دوای رۆژ لە زیادبووندایە و بەوەش ئەمریکا دەیسەلمێنێت کە بەرەو ئەوە ھەنگاو دەنێت بە رەسمی ببێتە لایەن و وڵاتێکی نەیاری روسیا.
وتیشی، ھیچ کاتێک روسیا لەگەڵ گەورەکردن و فراوانکردنی شەڕ و ئاڵۆزییەکان نییە، بەتایبەتیش پەنابردن بۆ چەکی ئەتۆمی، بەڵام ھەر کاتێک بگەنە ئەو بڕوایەی بوونی روسیا لە مەترسیدایە، ئامادەن چەکی ئەتۆمی بەکاربھێنن.
ناسر کەنعانی وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران رایگەیاند، چەندین بابەتی جیاوازیان لە دانوستانەکانیان لەگەڵ سعودیە ھەیە، وەک بابەتی ھەرێمی. وتیشی، گرنگ ئەوەیە ئێستا لە سعودیە تێڕوانینێکی نوێ دروستبووە بۆ ئاساییکردنەوەی پەیوەندییەکانی تاران و ریاز و دەتوانن پەیوەندییە رەسمییەکان دەستپێبکەنەوە.
وتیشی، کابینەی ئیبراھیم رەئیسی سەرۆک کۆماری ئێران، چاوی لە باشکردنی رەوشی ئابووریی ئێران و پەرەپێدانی پەیوەندییە ئابووری و بازرگانییەکانیەتی لەگەڵ ھەموو وڵاتانی تر.
ئێران و سعودیە لە ساڵی ٢٠١٦ پەیوەندییە دیبلۆماسی و سیاسییەکانیان پچڕاوە، بەڵام لە ساڵی ٢٠٢٠وە بە نێوەندگیریی عێراق دەستیان بە دانوستان کردووە و تائێستا پێنج خولی دانوستانیان ئەنجامداوە.
سەرۆکایەتیی ئەرکانی ئۆکراین لە راگەیەندراوێکدا ئاشکرای کرد، لە ٢٤ی شوباتی ئەمساڵەوە کە روسیا ھێرشی کردووەتە سەر ئۆکراین تاکو سێی مانگی ئەیلوول، ٤٩ ھەزار و ٥٠ سەربازی روسیا کوژراون و لە ٢٤ سەعاتی رابرووشدا ٣٥٠ سەربازی روسیایان کوشتووە.
سەرۆکایەتیی ئەرکانی ئۆکراین لەو راگەیەندراوەدا، ھیچ ئاماژەیەکی بە زیانە گیانییەکانی وڵاتەکەی لە جەنگەکەدا نەکردووە، تائێستاش روسیا ئەو ئامارەی ئۆکراینی پشتڕاست یان بەدرۆ نەخستووەتەوە.
لە ٢٤ی مانگی شووبانی ئەمساڵ، ڤلادیمیر پوتن سەرۆکی روسیا، دەستپێکردنی ھێرشی سەربازیی وڵاتەکەی بۆ سەر ئۆکراین راگەیاند و لەو کاتەوە سوپای روسیا چەندین شار و ناوچەی ئۆکراینی کۆنترۆڵکردووە.
رافائیل گروسی سەرۆکی ئاژانسی نێودەوڵەتی وزەی ئەتۆم رایگەیاند، پشکنەرانی ئاژانسی وزەی ئەتۆم لەماوەی دوو سەعاتدا ھەڵسەنگاندنیان بوارە بنەڕەتییەکانی ناو وێستگەکە و ژمارەیەک لە پسپۆڕانیان لە وێستگەکەدا دەمێننەوە.
لەلایەکی ترەوە "جۆن کێربی" رێکخەری پەیوەندییە ستراتیژییەکانی ئەنجومەنی ئاسایشی نەتەوەیی ئەمریکا رایگەیاند، بایدن لە پرسی ئەتۆمی ئۆکراین روونە و ئامادەنیە ھیچ ھێزێکی ئەمریکی رەوانەی ئۆکراین بکات بۆ دروستکردنی ناوچەی لە چەکداماڵراو لە چواردەوری وێستگەی ئەتۆمی زاپۆریژیا و تەنھا داوایانکردوە ناوچەیەکی لەچەکداماڵراو لە دەوری وێستگەکە دروست بکرێت.
ھەر لەسەر ھەمان پرس ئاژانسی تاس بڵاویکردەوە، روسیا داوایکردوە، ئەنجومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی رۆژی ٦ی ئەم مانگە بۆ تاوتوێکردنی رەوشی وێستگەکە کۆببێتەوە.
وێستگەی ئەتۆمی زاپۆریژیا لە ژێر کۆنترۆڵی ھێزەکانی روسیادایە و لەماوەی رابردوودا مۆسکۆ و کیێڤ چەندین جار یەکتریان تۆمەتبار کرد بە تۆپبارانکردنی وێستگەکە.
ئەنتۆنی بلینکن وەزیری دەرەوەی ئەمریکا ڕایگەیاند، راپۆرتی نەتەوە یەکگرتووەکان مەترسییەکانی ئەوانی پشتڕاستکردەوە، سەبارەت بەتاوان و جینۆسایدی کەمینە مسوڵمانە ئیگۆرییەکان، لە ھەرێمی شینگیانگ لەلایەن دەسەڵاتدارانی چینەوە.
وەزیری دەرەوەی ئەمریکا جەختیکردەوە، بەردەوام دەبن لەسەر فشار دروستکردن لەسەر چین، لەپێنا ئازادکردنی دەستگیرکراوە ئیگۆرییەکان و ئاشکراکردنی چارەنووسی بێسەروشوێنکراوەکانی ھەرێمەکە.
حکومەتی چین ڕاپۆرتەکە ڕەتدەکاتەوە و بە نایاسایی ناو دەبات و، پێی وایە لەلایەن ئەمریکا و ژمارەیەک لە وڵاتانی خۆرئاواوە ئامادەکراوە.
کۆمیسیاری باڵای مافی مرۆڤی نەتەوە یەکگرتووەکان لە ڕاپۆرتێکدا ئاشکرایکرد، لە ھەرێمی شینگیانگ ، ئیگۆرییەکان ڕووبەڕووی ئەشکەنجەدان و توندوتیژی سێکسی دەبنەوە و لەو بارەیەوە بەڵگەی حاشاھەڵنەگریان دەستکەوتووە.
ئاژانسی ھەواڵی سانای سوریا بڵاوی کردەوە، بەھۆی ھێرشی موشەکی ئیسرائیلەوە بۆ سەر فڕۆکەخانەی حەلەب، فڕگەی فڕۆکەخانەکە بە تەواوی پەکیکەوتوە، و چیتر ناتوانرێت ھیچ گەشتێکی ئاسمانی بە دڵنیاییەوە لێوە ئەنجام بدرێت.
ئاماژەی بەوەش کردووە، ھێرشەکانی چەند ڕۆژی ڕابردوو فڕۆکەخانی دیمەشقیشی کردووەتە ئامانج و بەشێکی بە تەواوی پەکیکەوتووە، و ناتوانرێت ھیچ خزمەتگوزارییەکی ئاسمانی لێوە دابین بکرێت.
لەسەر ھێرشەکانی ئیسرائیل، وەزارەتی دەرەوەی سوریا پەیامێکی ئاراستەی ئەنجومەنی ئاسایش کردووە، و ئاماژەی کردووە بە زیانەکانی سەر ھەردوو فڕۆکەخانەی حەلەب و دیمەشق.
لەلایەکی دیکەوە ناوەندی میدیایی سوپای ڕوسیا لە سوریا بڵاویکردەوە، ئیسرائیل ھێرشەکانی بە شەش فڕۆکەی جۆری ئێف ١٦ ئەنجامداوە، و ٨ موشەکیان لە دەرەوەی ئاسمانی سوریاوە ئاراستەی ھەردوو فڕۆکەخانەکە کردووە.