مووشەکەکە لە ناوەندی گەردوونی کینیدی لە ویلایەتی فلۆریداوە ھەڵدەدرێت لە چوارچێوەی پڕۆگرامی "ئارتێمیس ١"، گەشتەکە ماوەی ٤٢ رۆژ دەخایەنێت بەر لەوەی مووشەکەکە بگەڕێتەوە سەر زەوی.
رەوانە کردنی ئەو مووشەکە، گەورەترین پڕۆژەیە کە ناسا ئەنجامی بدات لە ساڵی ١٩٦٩ەوە، شارەزایانیش دەڵێن، گەڕانەوەی ناسا بۆ سەر مانگ تەنھا بۆ بەجێھێشتنی جێپەنجەی نییە، بەڵکو دەیەوێت بنکەی ھەمیشەیی لەسەر مانگ دابمەزرێنێت، بەر لەوەی وڵاتی چین خۆی بگەیەنێتە سەر مانگ.
ئاژانسی ناسا پلانیشی ھەیە کە ئەگەر بەھۆی خراپی کەشوھەواوە نەتوانرا ئارتێمیس ١ ئاڕاستە بکرێت، ئەوا پڕۆسەکە بۆ رۆژانی ٢ و ٥ی مانگی داھاتوو دوادەخات.
ژمارەیەک لێپرسراوی ئەمریکا بە ئاژانسی رۆیتەرزیان راگەیاند، ئەو دوو کەشتییە سەر بە دەریاوانیی ئەمریکان و ئاوە نێودەوڵەتییەکانیان لە گەرووی تایوان تێپەڕاندووە.
ھێزی دەریاوانی ئەمریکاش رایگەیاند، ئەو ھەنگاوە دەیسەلمێنێت کە ئەمریکا پابەندە بە ناوچەی ئازاد و کراوە لە دەوروبەری زەریای ھندی و ھێمن.
تێپەڕبوونی ئەو دوو کەشتییەی ئەمریکا لە کاتێکدایە کە ناکۆکییەکان لە نێوان چین و تایوان لەلایەک و چین و ئەمریکا لەلایەکی تر قوڵ بووەتەوە، بە تایبەت دوای سەردانەکەی "نانسی پیلۆسی" بۆ تایوان، کە بەھۆیەوە چین مانۆڕی جەنگی نزیک ئەو وڵاتە دەستپێکرد.
لە چەند ساڵی رابردووشدا، کەشتی جەنگی ئەمریکا و وڵاتانی بەریتانیا و کەنەدا گەرووی تایوانیان تێپەڕاندووە، ئەوەش نیگەرانی چینی لێکەوتۆتەوە.
ئاژانسی "نور نیوز"ی نزیک لە ئەنجومەنی باڵای ئاسایشی نەتەوەیی ئێران بڵاویکردەوە، تاران تا رۆژی ھەینی ھەڵوێستی خۆی سەبارەت بە وەڵامی ئەمریکا لەسەر رەشنوسی رێککەوتنی ئەتۆمی ناخاتەڕوو.
وتیشی تا ئێستا بەردەوامن لە تاوتوێکردنی وەڵامەکانی ئەمریکا سەبارەت بە رێککەوتنەکە و لە ھەمو وردەکارییەکان دەکۆڵنەوە.
لەلایەکی ترەوە، "بەنی گانتس" وەزیری بەرگری ئیسرائیل رایگەیاندووە، گەڕانەوە بۆ رێککەوتنی ئەتۆمی رێگر نابێت لەوەی تاران ببێتە خاوەن چەکی ئەتۆمی.
رەنج پشدەری رۆژنامەنوس رایگەیاند، یەختێک بە٨٠ سەرنشینەوە بێسەروشوێنە و کەسوکاری بەشێک لەو کۆچبەرانە ماوەی دوو رۆژە پەیوەندیان پێوە دەکەن، کە کۆمەڵێ کۆچبەر دوای دەرچونیان لە تورکیا دەنگیان نەماوە، داواکارن لەرێی ئێمەوە سۆراخێکیان دەست کەوێت.
وتیشی، بەپێی وتەی رێبەرەکەیان بێت کۆچبەرەکان ژمارەیان ٨٠ سەرنیشینە، پێکھاتوون لە کورد و فارس و رۆژھەڵاتی، دەڵێت کە گەیشتونەتە ئیتالیا لە کەمپی کرۆتۆن دەستەبەسەرن، بەڵام تاوەکو ئێستا پشتراست نەکراوەتەوە.
ئاماژەی بەوەشکرد، باس لەوە دەکرێت ئێوارەی چوار شەمە کۆچبەرەکان پەیوەندیان کردوە لە ئاوی سێ پەنجەن دواتر دەنگیان نامێنێت.
جۆن کێربی وتەبێژی ئاسایشی نەتەوەیی کۆشکی سپی ئەمریکا، ڕایگەیاند، جۆ بایدن سەرۆکی ئەمریکا لەو بڕوایەدایە، ڕێگەچارەی دیپلۆماتی و گەڕانەوە بۆ ڕێککەوتنی ئەتۆمی باشترین چارەسەرە.
جۆن کێربی ئاماژەی بەوەش کرد، وتوێژکارەکان لە ھەموو کات نزیکترن بۆ ڕێککەوتن لەچاو دوو ھەفتە لەمەوبەر.
وتەبێژی ئاسایشی نەتەوەیی کۆشکی سپی ڕوونی کردەوە، ئیدارەی ئەمریکا وەڵامی خۆی پێشکەش کردوە، بەو ھیوایەی ئەنجامی ئەرێنی ھەبێت.
جەختیشیکردەوە، ئەگەر تاران ببێتە خاوەنی چەکی ئەتۆمی چارەسەرکردنی ھەر کێشەیەک لە ناوچەکەدا قورس دەبێت.
فیدانت باتل وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا رایگەیاند، بەمنزیکانە ئەنتۆنی بلینکن وەزیری دەرەوەی وڵاتەکەی باڵیۆزێکی گەڕۆک دیاریدەکات بۆ مامەڵەکردن لەگەڵ وڵاتانی جەمسەری باکور و دانیشتوانە رەسەنەکەی و خاوەن بەرژەوەندییەکان.
وتیشی، جەمسەری باکوری گۆی زەوی ناوچەیەکی ئارام و گەشەکردووە و گرنگییەکی ستراتیژی بۆ وڵاتەکەیان ھەیە.
بەھۆی بەرزبوونەوەی پلەکانی گەرما و توانەوەی بەستەڵەکەکانی باکور، ئەگەرەکانی کردنەوەی رێڕەوی ئاوی زیادکردووە کە پێشتر تێپەڕینی کەشتی بازرگانی و سەربازی لەناوچەکەدا ئەستەم بوو.
ھاوکات روسیاش بە جێگیرکردنی ژێردەریایی و فڕۆکەی جەنگی، پێگەی خۆی لە ناوچەکەدا بەھێزکردووە و بەردەوامە لە پەرەپێدانی گەورەترین کەشتی شکێنەری بەستەڵەک و رێکخستنی گەشت بۆ ناوچەکە.
حکومەتی پاکستان لە کۆبوونەوەیەکدا بۆ تاوتوێکردنی چۆنێتی ڕووبەڕووبوونەوەی باران بارین و لافاوی بەھێز، کە ناوچەیەکی بەرفراوانی وڵاتەکەی گرتووەتەوە، داوای لە سوپای وڵاتەکەی کرد بە ھانای خەڵکەوە بچێت.
نوسینگەی سەرۆک وەزیرانی پاکستانیش بڵاویکردەوە، باران بارین و لافاو کاریگەریی لەسەر ٣٠ ملیۆن کەس ھەبووە لە سەرتاسەری وڵات و بەوھۆیەشەوە تا ئێستا نزیکەی ھەزار کەس گیانیان لەدەستداوە.
سەرۆک وەزیرانی پاکستان داوای کۆبوونەوەیەکی بە پەلەشی کردووە لەگەڵ باڵیۆز و نوێنەرانی وڵاتانی بیانی، بۆ ئەوەی بەفەرمی داوای کۆمەک و ھاریکاری فریاگوزاری لە کۆمەڵی نێودەوڵەتی بکات.
ناوەندی چاودێری کەشناسی پاکستان بڵاویکردەوە، ڕێژەی باران بارین لەم وەرزەدا لە چاو ساڵانی ڕابردوودا بەڕێژەی ٢٠٠٪ زیادیکردووە، بەشێوەیەک ماوەی ٧٠ ساڵە پاکستان باران بارین و لافاوی لەو شێوەیەی بەخۆیەوە نەبینیوە.
کۆمپانیای ھەواڵگری ئاسمانی ئیسرائیل بڵاویکردەوە، بە پێی وێنەی مانگە دەستکردەکان، روسیا سیستمی بەرگری ئێس ٣٠٠ی لە باکوری رۆژئاوای سوریا ھەڵوەشاندووەتەوە و گواستویەتییەوە بۆ بەندەری تەرتوس بە مەبەستی رەوانەکردنی بۆ بەندەری نۆڤۆرۆسیسکی سەر دەریای رەش.
بە پێی زانیارییەکانی کۆمپانیاکە، گەڕاندنەوەی سیستمی ئێس ٣٠٠ لە سوریاوە بۆ روسیا، بەمەبەستی بەھێزکردنی بەرگری ئاسمانییە، کە بەھۆی جەنگی ئۆکراینەوە زیانی گەورەی بەرکەوتووە.
روسیا لە ساڵی ٢٠١٨دا بێبەرامبەر سیستمی بەرگری ئێس ٣٠٠ی لە سوریا جێگیرکرد بۆ پشتیوانیکردنی سوپای سوریا، ئەوەش دوای ئەوەی فرۆکەیەکی روسیا لە ئاسمانی ئەو وڵاتە لەلایەن ئیسرائیلەوە خرایە خوارەوەو ١٥ کەس لە تیمی فڕۆکەکە کوژران.
لەیلا حەسەن ھاوسەرۆکی ئەنجومەنی تەندروستی گەڕەکەکانی شێخ مەقسود و ئەشرەفیە، پشتڕاستیکردەوە، ئەو گەمارۆیەی کە لەلایەن ھێزەکانی"فیرقەی چوار"ی حکومەتی دیمەشق بەسەر ئەو دوو گەڕەکەدا سەپێندراوە، دەبێتە ھۆی کەمی دەرمان لە دەرمانخانەکان، وتیشی، ئەگەر گەمارۆکە بەردەوام بێت، دەرمان لە دەرمانخانەکان نامێنێت و خەڵک بەزەحمەت دەتوانن دەرمان بۆ نەخۆشەکانیان دابین بکەن.
زیاتر لە ٢١٦ ھەزار کەس لە پێکھاتە جیاوازەکان لە گەڕەکەکانی شێخ مەقسود و ئەشرەفی حەلەب دەژین، کە بەھۆی ئەم گەمارۆیەوە رووبەڕووی کەمی خۆراک و سوتەمەنی و دەرمان بوونەتەوە.
سەرحەد ئەرەن جێگری ھاوسەرۆکی گشتی و بەرپرسی کۆمسیۆنی یاسا و مافەکانی مرۆڤی ھەدەپە ڕایگەیاند، بە ھۆی نەبوونی ھەلومەرجی چارەسەری تەندروستی لە زیندانەکان، حاڵەتەکانی گیان لەدەستدان روودەدەن.
داواشی لە وەزارەتی دادی تورکیا کرد دەستبەجێ ڕێوشوێن بگرێتەبەر بۆ کۆتاییھێنان بە پێشێلکارییەکانی ناو زیندانەکان و وتی، دەبێت ژیانی ماددی و مەعنەوەی زیندانیان بپارێزرێت.
ئاشکراشیکرد، لەمساڵدا ٤٧ کەس لە زیندانەکانی تورکیا گیانیان لەدەستداوە.
لە راگەیەنراوەکەدا ھاتووە، ھێزەکانی ئاسایشی ناوخۆ لە ئۆپەراسیۆنی "مۆریی و ئاسایش" کە قۆناغی دووەمی بەڕێوە دەچێت و ھەروەھا باسی ئەوەشکراوە کە لە کاتی ئۆپەراسیۆنەکەدا خانەوادەی تیرۆریستی داعش کە ئاستەنگی دروست دەکەن، ھێرشیان کردە سەر دوو ئەندامی ژنی ھێزەکانی ئاسایشی ناوخۆی باکور و رۆژھەڵاتی سوریا.
ھەروەھا ھاوپەیمانی نێودەوڵەتی دژی داعش، ستایشی ھەڵمەتەکەی ھێزەکانی سوریای دیموکرات (ھەسەدە) و ھێزەکانی ئاساییشی ناوخۆی باکور و ڕۆژھەڵاتی سوریا دەکات لە کەمپی ھۆل.
ھاوپەیمانی نێودەوڵەتی دژی داعش لە رایگەیاند، ئەو ھەڵمەتەی ھێزەکانی سوریای دیموکراتی (ھەسەدە) و ئاسایشی ناوخۆ لە کەمپی ھۆل بە ھاوکاری ئەوان ئەنجامی دەدەن، پابەندبون بە رێگری لە گەڕانەوەی داعش بۆ ناوچەکانی باکوری رۆژھەڵاتی سوریا نیشان دەدات.
ئیریت لیلیان، دیپلۆماتکاری باڵای ئیسرائیل کە ئێستا لە ئەنقەرەیە رایگەیاند، رەنگە لە ماوەی چەند ھەفتەیەکدا پرۆسەی دووبارە دەستنیشانکردنەوەی باڵیۆزێک لە ئەنقەرە ئەنجام بدرێت.
لیلیان باسی لەوەکرد ئەوان چاوەڕوانن تورکیا نووسینگەی حەماس لە ئەستەنبوڵ دابخات و دەشڵێت، رێگریەکی دیکە لەبەردەم دەستنیشانکردنەوەی باڵیۆز، ھەڵبژاردنەکانی ئیسرائیلە، بەڵام ھیوادارم ھەنگاوەکە لە کاتێکی گونجاودا ئەنجام بدرێت و لە ماوەی چەند ھەفتەیەکدا پرۆسەکە تەواو بێت. کە بڕیارە رۆژی ١ی تشرینی دووەم ھەڵبژاردنی گشتی بەڕێوەدەچێت.
سەرەتای ئەم مانگە، تورکیا و ئیسرائیل دوای زیاتر لە چوار ساڵ لە بانگھێشتکردنەوەی باڵیۆزەکان، رێککەوتن لەسەر دووبارە دەستنیشانکردنەوەی باڵیۆزەکان.
مارشا بلاکبۆرن سیناتۆری ئەمریکی گەیشتە تایوان و لە تویتەر پەیامێکی ئاراستەی چین کرد و رایگەیاند، ئامانجی لە سەردانەکەی ئەوەیە کە بە بەیجین بڵێن ئەوان ناترسن.
وەزارەتی دەرەوەی تایوانیش رایگەیاند، سوپاسی ئەندامانی کۆنگرێسی ئەمریکا دەکەن کە جارێکی دیکەش پشتگیریان بۆ تایوان دووپاتدەکەنەوە، لە کاتێکدا چین ھەڕەشەکانی زیاتر دەکات.
لە ماوەی رابردوودا نانسی پیلۆسی سەرۆکی ئەنجومەنی نوێنەرانی ئەمریکا سەردانی تایوانی کرد کە گەورەترین لێپرسراوی ئەمریکییە دوای چەند دەیەیەک سەردانی تایوان بکات، دواتریش چەند ئەندامێکی دیکەی کۆنگرێسی ئەمریکا سەردانی تایوانیان کرد و ئەم سەردانانەش نیگەرانیەکی توندی چینیان لێکەوتەوە.
بەپێی راپۆرتێکی گاردیانی بەریتانی، ماوەی چەند ساڵێکە شەپۆلێکی بەھێزی گەرما و وشکەساڵی و بەبیابانبوون سەریھەڵداوە و بووەتە ھۆی گۆڕانکارییەکی زۆر لە کەشوھەوادا، ئەوەش کاریگەری خراپی لەسەر زۆربەی وڵاتانی جیھان دروستکردووە بە تایبەتیش لە ھندستان و نیمچەدوورگەی عەرەبی و ئەفریقا.
ئاماژە بەوەشکراوە، بەپێی ئامارێکی رەسمی زیانی گۆڕانکارییەکانی کەشوھەوا لەسەر ئابووری جیھان تائێستا گەیشتووەتە زیاتر لە ٢٣ تریلیۆن دۆلار.
محەمەد مەرندی راوێژکاری تیمی دانووستانکاری ئێران لە دانووستانەکانی ڤییەننا رایگەیاندووە، چەند ئاماژەیەک ھەن بۆ گەیشتن و نزیکبوونەوە لە رێککەوتنی ئەتۆمی و لە دانووستانەکانیشدا ئێران چەند دەستکەوتێکی ھەبووە بەتایبەت لە دۆسیەی گرەنتی و سزاکاندا.
راشیگەیاندووە، پێدەچێت وڵاتانی خۆرئاوا بۆیان روون بوبێتەوە کە چالاکییە ئەتۆمییەکانی ئێران بۆ تۆقاندن نییە و تەنھا بۆ بەکارھێنانی مەدەنییە، بۆیە ئێران بەگرنگی دەزانێت ئاژانسی نێودەوڵەتی وزەی ئەتۆم دۆسیەی لێکۆڵینەوە لەو ناوچانەی گومانی ھەیە ئێران چالاکی ئەتۆمی تێدا ھەبێت دابخات.
سەرۆکی موسادی ئیسرائیل رایگەیاندووە، دەرفەتی ئیمزاکردنی رێککەوتنی ئەتۆمی لەنێوان ئێران و وڵاتانی خۆرئاوا لەسەدا ١٠٠ نزیک دەبێتەوە، ئەوەشی بە کارەساتی ستراتیژی ناو بردووە.
راشیگەیاندووە، تەنھا بە ئیمزاکردنی رێککەوتنەکە و ھەڵگرتنی سزاکان لەسەر ئێران سەدان ملیار دۆلار دەچێتە ئێرانەوە و رێگە بە ئێرانیەکان دەدات تواناکانیان زۆر بەھێز بکەن و ببنە خاوەن چەکی ئەتۆمی.