فیدانت باتل وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا رایگەیاند، بەمنزیکانە ئەنتۆنی بلینکن وەزیری دەرەوەی وڵاتەکەی باڵیۆزێکی گەڕۆک دیاریدەکات بۆ مامەڵەکردن لەگەڵ وڵاتانی جەمسەری باکور و دانیشتوانە رەسەنەکەی و خاوەن بەرژەوەندییەکان. 

وتیشی، جەمسەری باکوری گۆی زەوی ناوچەیەکی ئارام و گەشەکردووە و گرنگییەکی ستراتیژی بۆ وڵاتەکەیان ھەیە.

بەھۆی بەرزبوونەوەی پلەکانی گەرما و توانەوەی بەستەڵەکەکانی باکور، ئەگەرەکانی کردنەوەی رێڕەوی ئاوی زیادکردووە کە پێشتر تێپەڕینی کەشتی بازرگانی و سەربازی لەناوچەکەدا ئەستەم بوو.

ھاوکات روسیاش بە جێگیرکردنی ژێردەریایی و فڕۆکەی جەنگی، پێگەی خۆی لە ناوچەکەدا بەھێزکردووە و  بەردەوامە لە پەرەپێدانی گەورەترین کەشتی شکێنەری بەستەڵەک و رێکخستنی گەشت بۆ ناوچەکە.