ژمارەیەک لێپرسراوی ئەمریکا بە ئاژانسی رۆیتەرزیان راگەیاند، ئەو دوو کەشتییە سەر بە دەریاوانیی ئەمریکان و ئاوە نێودەوڵەتییەکانیان لە گەرووی تایوان تێپەڕاندووە.

ھێزی دەریاوانی ئەمریکاش رایگەیاند، ئەو ھەنگاوە دەیسەلمێنێت کە ئەمریکا پابەندە بە ناوچەی ئازاد و کراوە لە دەوروبەری زەریای ھندی و ھێمن. 

تێپەڕبوونی ئەو دوو کەشتییەی ئەمریکا لە کاتێکدایە کە ناکۆکییەکان لە نێوان چین و تایوان لەلایەک و چین و ئەمریکا لەلایەکی تر قوڵ بووەتەوە، بە تایبەت دوای سەردانەکەی "نانسی پیلۆسی" بۆ تایوان، کە بەھۆیەوە چین مانۆڕی جەنگی نزیک ئەو وڵاتە دەستپێکرد. 

لە چەند ساڵی رابردووشدا، کەشتی جەنگی ئەمریکا و وڵاتانی بەریتانیا و کەنەدا گەرووی تایوانیان تێپەڕاندووە، ئەوەش نیگەرانی چینی لێکەوتۆتەوە.