بەھۆی لافاوەوە لە پاکستان نزیکەی ھەزار کەس گیانیان لەدەستدا
٢٧ی ئابی ٢٠٢٢
٥٩٥
حکومەتی پاکستان لە کۆبوونەوەیەکدا بۆ تاوتوێکردنی چۆنێتی ڕووبەڕووبوونەوەی باران بارین و لافاوی بەھێز، کە ناوچەیەکی بەرفراوانی وڵاتەکەی گرتووەتەوە، داوای لە سوپای وڵاتەکەی کرد بە ھانای خەڵکەوە بچێت.
نوسینگەی سەرۆک وەزیرانی پاکستانیش بڵاویکردەوە، باران بارین و لافاو کاریگەریی لەسەر ٣٠ ملیۆن کەس ھەبووە لە سەرتاسەری وڵات و بەوھۆیەشەوە تا ئێستا نزیکەی ھەزار کەس گیانیان لەدەستداوە.
سەرۆک وەزیرانی پاکستان داوای کۆبوونەوەیەکی بە پەلەشی کردووە لەگەڵ باڵیۆز و نوێنەرانی وڵاتانی بیانی، بۆ ئەوەی بەفەرمی داوای کۆمەک و ھاریکاری فریاگوزاری لە کۆمەڵی نێودەوڵەتی بکات.
ناوەندی چاودێری کەشناسی پاکستان بڵاویکردەوە، ڕێژەی باران بارین لەم وەرزەدا لە چاو ساڵانی ڕابردوودا بەڕێژەی ٢٠٠٪ زیادیکردووە، بەشێوەیەک ماوەی ٧٠ ساڵە پاکستان باران بارین و لافاوی لەو شێوەیەی بەخۆیەوە نەبینیوە.