گەیشتنی کۆچبەران بە کەناراوەکانی بەریتانیا ژمارەیەکی پێوانەیی تۆمارکرد
کوردسات نیوز
٥ی ئەیلوولی ٢٠٢٢
١٬٢٥٠
بەپێی ئامارەکانی دەزگای لوتکە، کۆی ژمارەی ئەو کۆچبەرانەی کە ئەمساڵ دەگەنە بەریتانیا دەگاتە شەست ھەزار کۆچبەر و تەنھا لە ماوەی یەک رۆژی ھەفتەی رابردووشدا، ٩٦٠ کۆچبەر بە ٢٠ بەلەم و لە رێگەی ئاوی فەڕەنساوە خۆیان گەیاندووەتە ئەو وڵاتە.
بەپێی ئامارەکە، سەرەڕای گرتنەبەری ڕێوشوێنی توند بۆ سنوردارکردنی کۆچی نایاسایی لەلایەن فەڕەنسا و ھەڕەشەکانی بەریتانیا، ژمارەی ئەو کۆچبەرانەی لەئەمساڵدا کەناڵی ئینگلیزییان بەزاندووە و گەیشتوونەتە خاکی بەریتانیا لەو ژمارەیە زیاترە کە لە ساڵی ٢٠٢١ تۆمارکراوە و ٢٨ ھەزار و ٥٠٠ کەس بووە.
بەپێی ئامارە رەسمییەکانیش، لە سەرەتای ئەمساڵەوە تائێستا ٢٢ ھەزار و ٦٧٠ کۆچبەر ڕێڕەوە ئاوییەکەی نێوان فەڕەنسا و بەریتانیایان بەزاندووە، ئەمەش دوو ھێندە زیاترە لەو ژمارەیەی لە ھەمان ماوەی ساڵی ڕابردوودا تۆمارکراوە.
کۆچبەرانی کورد یادەوەری ناخۆشیان لەگەڵ کەناڵی ئینگلیزیدا ھەیە و لە ٢٤ی تشرینی دووەمی ساڵی رابردوو، لەکاتی پەڕینەوەیان بۆ بەریتانیا، ٢٧ کۆچبەر لەو کەناڵەدا خنکان کە زۆربەیان خەڵکی ھەرێمی کوردستان بوون.