وتەبێژی دەستەی فریاگوزاری دەریایی ئیسپانیا رایگەیاند، تیمەکان دوای رزگارکردنی ٧٨ کۆچبەر و گواستنەوەیان بۆ دوورگەی (گران کەناریا) سەرەتا زانیارییانداوە لە بوونی بەلەمێکی دیکە بە ٨٦ کۆچبەرەوە و تیمەکانی دەریاوانی لە رێگەی فڕۆکە و کەشتییەوە دەستیان بە گەڕان کردووە، بەڵام تائێستا ھیچ شتێکیان نەدۆزیوەتەوە.
بە پێی زانیاریی رێکخراوە مرۆییەکانی ئیسپانیا، سێ بەلەمی کۆچبەران کە لە چەند رۆژی رابردوودا لە کەناراوەکانی سەنیگالەوە بەڕێکەوتوون چارەنوسییان نادیارە و یەکێک لە بەلەمەکان ٢٠٠ کۆچبەر و ئەوانی دیکەش ھەریەکەیان ٥٠ و ٧٠ کۆچبەریان تێدا بووە.
وەزارەتی حەج و عومرەی سعودیە راگەیاندوە، دوای کەمتر لە ھەفتەیەک لە سەرکەوتنی رێورەسمی حەج، دەستیکردووە بە پێدانی ڤیزا بە خوازیارانی ئەنجامدانی عومرە.
ئاماژەی بەوەشکردووە، خوازیارانی نیشتەجێی سعودیە و وڵاتانی ئەنجومەنی ھاریکاری کەنداو دەتوانن لە رێگەی ھەردوو ئەپڵیکەشتنی ( نسوک) و (تەوەکەلنا) داواکاری پێشکەش بکەن و وادەی ئەنجامدانی عومرە بەدەستبھێنن.
ئەمساڵ بۆ یەکەمجار لەدوای سەرھەڵدانی پەتای کۆرۆنا، حاجیان بەبێ ھیچ کۆت و بەندێک فەریزەی حەجیان بەجێھێنا و ملیۆنێک و ٨٠٠ ھەزار حاجی بەشدارییان کرد.
دەستەی ئەرکانی ھاوبەشی کۆریای باشور بڵاویکردەوە، کۆریای باکور مووشەکێکی بالیستی بە ئاڕاستەی دەریای خۆرھەڵات تاقیکردووەتەوە و سەرۆکی کۆریای باشوریش ھۆشداریدایە پیۆنگ یانگ، کە باجی ئەو کارەیان دەدەن.
ھاوکات وەزارەتی بەرگری ژاپۆن رایگەیاندووە، ئاگاداری ھەڵدانی ئەو مووشەکەن کە ٧٤ خولەک بە ئاسمانەوە بووە، ئەوەش زۆرترین ماوەیە کە مووشەکێکی کۆریای باکور ئەو ماوەیە مابێتەوە.
سەرچاوەکانیش رایانگەیاندووە، مووشەکەکە بە بەرزی شەش ھەزار کیلۆمەتر و مەودای ھەزار کیلۆمەتر فڕیوە و لە دەرەوەی ناوچەی ئابوری ژاپۆن بە دووری ٢٥٠ کیلۆمەتر لە دوورگەی "ئوکوشیری" کەوتووە.
دوایین تاقیکردنەوەی مووشەکی کۆریای باکور لە رۆژی ١٥ی حوزەیرانی رابردوو بوو، ئەم تاقیکردنەوە تازەیەش دوای ئەوە ھات کە خوشکی "کیم جۆنگ ئون" سەرۆکی کۆریای باکور ھەڕەشەی کرد، ھەر سەتەلایتێکی ئەمریکی سنوری ئاسمانی وڵاتەکەیان ببەزێنێت، تێکیدەشکێنن.
یانس ستۆڵتەنبێرگ، سکرتێری گشتیی ھاوپەیمانیی ناتۆ بەر لە کۆبوونەوەی لوتکەی ھاوپەیمانییەکە لە لیتوانیا بە رۆژنامەنووسانی راگەیاند، روسیا تاک لایەنە ھەڵسوکەوت دەکات و داھاتوویەکی باشی نابێت، بۆیە پێویستە ڤلادیمێر پوتن سەرۆکی روسیا کۆتایی بێنێت بە ھێرشەکانی بۆ سەر ئۆکراین، لە پەراوێزی کۆبوونەوەکانیشدا ھەموو ئەندامانی ناتۆ ھاوڕابوون لەسەر ناردنی ھاوکاری بۆ ئۆکراین.
پەیوەست بە گرژی و قەیرانەکانیش، سکرتێری گشتیی ھاوپەیمانیی ناتۆ جەختی لەوەکردەوە کە ناتۆ لە ھەموو ناوچەکاندا ھەوڵی چارەسەرکردنی گرژیی و قەیرانەکان دەدات.
سەرۆکایەتی کۆماری تورکیا بڵاویکردەوە، ئەمڕۆ لە لە پەراوێزی لوتکەی ناتۆ، رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرکۆماری تورکیا و جۆ بایدن، سەرۆکی ئەمریکا کۆدەبنەوە.
دوو رۆژ لەمەوبەریش ئەردۆغان پەیوەندییەکی تەلەفۆنی لەگەڵ بایدن ئەنجامدابوو و ھەردوولا باسیان لە پرسی ئەندامیەتی ئۆکراین و سوید لە ناتۆ، ئەندامیەتی تورکیا لە یەکێتی ئەوروپا و رادەستکردنی فڕۆکەی F-١٦ بە ئەنقەرە کردبوو.
سەرۆک کۆماری تورکیا دەڵێت، لە بەرامبەر رازیبوونی وڵاتەکەی بە ئەندامێتی سوید لە ناتۆ، دەبێت تورکیاش ببێتە ئەندام لە یەکێتی ئەوروپا.
ئەنتۆنی بلینکن، وەزیری دەرەوەی ئەمریکا لە میانی کۆبوونەوەی لوتکەی ناتۆ لە لیتوانیا رایگەیاند، وڵاتی ئۆکراین بۆ ئەوەی ببێتە ئەندامی ھاوپەیمانی ناتۆ، پێویستە چاکسازی لە ناوخۆی وڵاتەکەیدا بکات، لەوانە ریفۆڕم لە ھێزە سەربازییەکانی و دیموکراسیەت لە وڵاتەکەی.
ئەوەشی خستەڕوو، لەئێستادا ئۆکراین بەھۆی جەنگی روسیاوە ناتوانێت ببێتە ئەندامی ھاوپەیمانی ناتۆ، بەڵام ھەنگاوی باش نراوە بۆ بە ئەندامبوونی ئەو وڵاتە لە ھاوپەیمانییەکە.
وەزیری دەرەوەی ئەمریکا وتیشی، بۆمبی ھێشووی و تەقەمەنییان پێشکەشی ئۆکراین کردووە و لە داھاتوودا ھاوکاری دیکەی سەربازی رەوانەی ئەو وڵاتە دەکەن، ھەروەھا ئەگەر لەسەر ئاستی نێودەوڵەتی ھاوکاری سەربازی پێشکەشی ئۆکراین نەکرێت، ئەوا ئەو وڵاتە ناتوانێت بەرگری لەخۆی بکات، لە جەنگدا بەرامبەر روسیا.
بایدن لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ کەناڵی سی ئێن ئێن رایگەیاند، پێویستە ئۆکراین پێوەرەکانی دیکەی وەک بەدیموکراتیبوون بۆ ئەندامێتیی ناتۆ جێبەجێ بکات و بۆ ئەوەی ھەڵسەنگاندن بۆ ئەندامێتیی لە ناتۆ بکرێت پێویستە جەنگ کۆتایی بێت.
سەرۆکی ئەمریکا ڕاشیگەیاند، ئەگەر ئۆکراین لە کاتی جەنگدا لەگەڵ رووسیا بھێندرێتە نێو ھاوپەیمانیی ناتۆوە، ئەمە بەو مانایە دێت کە ھاوپەیمانییەکەش دەچێتە نێو جەنگەکەوە، لەکاتێکدا (ناتۆ) لە جەنگدا نییە لەگەڵ رووسیا.
ھێلێنا مالینۆ، وتەبێژی رێکخراوی ئیسپانی کامیندۆ فرۆنتێراس بۆ ھاوکاریکرنی کۆچبەران، بە ئاژانسی رۆیتەرزی راگەیاند، ١٥ رۆژ لەمەوبەر سێ کەشتی کۆچبەران کە ٣٠٠ کۆچبەریان ھەڵگرتووە و لە کەنارەکانی سەنیگالەوە بەرەو دوورگەکانی کەناری لە ئیسپانیا بەڕێکەوتوون، لە زەریای ئەتڵەسیدا بێسەروشوێن بوون.
ئاماژەی بەوەشکردووە، یەکێک لە کەشتییەکان نزیکەی ٢٠٠ کۆچبەری ھەڵگرتووە و دوو کەشتیەکەی دیکەش ھەریەکەیان نزیکەی ٦٠ کۆچبەریان ھەڵگرتووە و لە ئێستاشدا خانەوادەکانیان نیگەرانن لە سەلامەتی گیانی کۆچبەرەکان .
بەپێی داتای رێکخراوی نێودەوڵەتیی کۆچی نەتەوەیەکگرتووەکان و رێکخراوی ئیسپانی کامیندۆ فرۆنتێراس، ساڵی رابردوو لانیکەم دوو ھەزار و ٣٠٠ کۆچبەری نایاسایی لەکاتی ھەوڵدان بۆ گەیشتن بە دوورگەکانی کەناری لە ئیسپانیا گیانیان لەدەستداوە.
رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیا لە وتارێکیدا رایگەیاند، پێویستە وڵاتانی رۆژئاوا و ناو ھاوپەیمانی ناتۆ رێگەخۆشکەربن بۆ ئەندامبوونی تورکیا لە یەکێتی ئەوروپا، لە بەرامبەر ئەوەشدا تورکیا رەزامەندی دەردەبڕێت، لەسەر ئەندامبوونی سوید لە ھاوپەیمانی ناتۆ.
ئەوەشی خستەڕوو، لە لووتکەی ناتۆدا، داوا لەو وڵاتانە دەکەن کە سزایان بەسەر تورکیادا سەپاندووە لەو کارە پاشگەزببنەوە.
یەنس ستۆڵتنبێرگ سکرتێری گشتی رێکخراوی ناتۆ، دوای کۆبوونەوەی لەگەڵ رەجەب تەیب ئەردۆغان سەرۆککۆماری تورکیا و ئۆلف کریسترسۆن سەرۆکوەزیرانی سوید لە لیتوانیا لە کۆنفڕانسێکی رۆژنامەنووسیدا رایگەیاند، ئەردۆغان رەزامەندی دەربڕیووە لە زووترین کاتدا پڕۆتۆکۆڵی بەئەندامبوونی سوید بخاتە بەردەم پەرلەمانی وڵاتەکەی و کاربکات لەگەڵ ئەنجومەنی زامنکردنی پەیماننامەکان، دووپاتیشیکردووە ئەوە رۆژێکی مێژوویی دەبێت.
راشیگەیاند، سوید پشتیوانی لە بە ئەندامبوونی تورکیا لە یەکێتی ئەوروپا و نوێکردنەوەی رێککەوتنی یەکێتی گومرگی و گەشتکردن بەبێ ڤیزا دەکات.
سکرتێری ناتۆ ئاشکرایکرد، میکانیزمی دووقۆڵی ئاسایش لەنێوان تورکیا و سوید دادەمەزرێنرێت، کە ئەوەش یەکەمجارە لە مێژووی ھاوپەیمانیەتییەکەدا ھەماھەنگی تایبەت بۆ بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر دادەمەزرێنرێت. ھەروەھا لە کۆبوونەوە سێقۆڵییەکەدا، سوید جەختی لەوە کردووەتەوە، کە پشتیوانی لە یەپەگە و پەیەدە ناکات.
ھاوکات لە کاردانەوەیەکیشدا جۆ بایدن سەرۆکی ئەمریکا پێشوازی لە بڕیارەکەی ئەردۆغان کرد، سەرۆکوەزیرانی سویدیش خۆشحالی بەرامبەر بەو ھەنگاوەی تورکیا دەربڕی.
وەزارەتی بەرگری کۆریای باکوور لە راگەیەندراوێکدا بڵاویکردەوە، ئەمریکا بە مەبەستی کۆکردنەوەی زانیاری لەسەر دوایین بەرەوپێشچوونەکانی سوپای کۆریای باکوور، لە سەرەتای مانگی تەمووزەوە تائێستا ھەشت جار سنووری ئاسمانی وڵاتەکەیان بەزاندووە.
ئەوەشی خستەڕوو، ئەمریکا بە نیازە ژێردەریاییەک لە نزیک دورگەی کۆریی جێگیربکات، کە ھەڵگری مووشەکی بالیستییە و بە وزەی ئەتۆمی کاردەکات، ئەم ھەڵسوکەوتانەی ئەو وڵاتەش وادەی ھەڵگیرسانی جەنگی ئەتۆمی لە جیھان نزیک دەکاتەوە.
وەزارەتی بەرگری کۆریای باکوور ھەڕەشەی خستنەخوارەوەی فڕۆکەکەکانی ئەمریکا لە سنووری ئاسمانی وڵاتەکەی دەکات و دەشڵێت، گرەنتی سەلامەتی ھیچ فڕۆکەیەکی ئەمریکا لە دەریای رۆژھەڵاتی کۆریا ناکەن.
کۆریای باکوور: ھەڵسوکەوتەکانی ئەمریکا جیھان لە جەنگی ئەتۆمی نزیک دەکاتەوە
میدیاکانی ئێران بڵاویانکردەوە، بەرەبەیانی ئەمرۆ لە شاری شیراز محەمەد رامز رەشیدی و سەید نەعیم ھاشمی قیتالی، کە بەرپرسیاری سەرەکی بوون لە ھێرشەکەی ساڵی رابردووی سەرمەزاری شاھچراغ لە گۆڕەپانێکی گشتی شارەکە لەسێدارەدران.
لە مانگی ئۆکتۆبەری ساڵی رابردوو دوو چەکدار ھێرشیانکردە سەرمەزارگەی شاھچراغ لە شیراز و ١٣ کوژراوی لێکەوتەوە، دواتریش گروپی تیرۆریستی داعش بەرپرسیارێتی خۆی لە ھێرشەکە راگەیاند.
ژونار سترۆمەر وەزیری دادی سوید لە چاوپێکەوتنێکی رۆژنامەوانیدا رایگەیاندووە، سوید ھیچ کاتێک نەیویستووە و کاری بۆ ئەوە نەکردووە ببێتە سەرچاوەی بێزارکردن و سوکایەتیکردن بە ھیچ وڵات، کەس و بیروباوەڕێک، لە ھەموو یاساکانیشیدا بەتەواوی رەچاوی مافەکانی مرۆڤ کراوە.
وتیشی، رووداوەکانی ماوەی رابردوو بەھۆی سوتاندنی قورئانەوە دەریخست کە ئەو رووداوانە دەبنە ھەڕەشە و مەترسی لەسەر ئاسایشی ناوخۆی سوید، بۆیە بیریان لەوە کردووەتەوە، بە ئاراستەیەک گۆڕانکاری لەو یاسایانەدا بکەن کە رێگە بە سوتاندنی قورئان دەدەن، جارێکی تر ئەو روداوانە دووبارە نەبنەوە و رێگە نەدرێت لە سوید قورئان بسوتێنرێت.
میدیاکانی ئێران بڵاویانکردووەتەوە، بەرەبەیانی ئەمڕۆ ژمارەیەک چەکدار لە شاری زاھیدان سەربە پارێزگای سیستان و بلوژستان ھێرشیان کردووەتە سەربنکەیەکی پۆلیس کە پشتێنی بۆمبڕێژکراویشیان پێبووە، دوانیشیان خۆیان تەقاندوەتەوە و ھەوڵیانداوە ئەو بنکەی پۆلیسی شاری زاھیدان کۆنترۆَڵ بکەن، بەڵام بەوتەی ھێزە ئەمنییەکان ھێرشەکە شکستیھێناوە.
ئاماژە بەوەشکراوە، ھەرچەندە چەند سەرچاوەیەک باسیان لەوە کردووە کە لەو ھێرشەدا پۆلیسێکی ئێران کوژراوە، بەڵام تائێستا ھێزە ئەمنییەکان ھیچ زانیارییەکیان لەسەر زیانەکانی ئەو ھێرشە بڵاونەکردووەتەوە.
نرخی نەوتی خاو لە بازارەکانی جیھاندا بەرزبووەوە، کە لە ماوەی نۆ ھەفتەی رابردوو بۆ جاری یەکەمە ئەو ئاستە بەرزە تۆمار بکات، بەپێی سەرچاوەکانی ھەواڵ نرخی نەوتی خاوی برێنت یەک دۆلار و ٩٥ سەنت زیادیکردووە و کە دەکاتە لەسەدا ٢.٦ی نرخەکەی پێشووی و یەک بەرمیل نەوتی برێنت بە ٧٨ دۆلار و ٤٧ سەنت مامەڵەی پێوەکراوە.
نەوتی خاوی تەکساسیش زیاتر لە دوو دۆلار بەرزبووەتەوە و یەک بەرمیل بە ٧٣ دۆلار و ٨٦ سەنت مامەڵەی پێوەکرا.
راگەیاندنە نوێیەکی سعودیە و رووسیا بۆ کەمکردنەوەی ئاستی بەرھەمھێنانی نەوت کاریگەریی لەسەر بازارەکانی جیھان دروستکردوە و دووپاتی دەکەنەوە رێککەوتنی ئۆپیک بۆ کەمکردنەوەی ئاستی بەرھەمھێنان پێدەچێت لە نیوەی دوەمی ئەمساڵدا قەیرانی کەمبوونەوەی دابینکردنی سوتەمەنی دروست بکات و نرخەکەی ھێندەی تر بەرز بکاتەوە.