کۆریای باکور مووشەکێکی بالیستی تاقیدەکاتەوە
لاڤە
١٢ی تەمووزی ٢٠٢٣
٢٨٣
دەستەی ئەرکانی ھاوبەشی کۆریای باشور بڵاویکردەوە، کۆریای باکور مووشەکێکی بالیستی بە ئاڕاستەی دەریای خۆرھەڵات تاقیکردووەتەوە و سەرۆکی کۆریای باشوریش ھۆشداریدایە پیۆنگ یانگ، کە باجی ئەو کارەیان دەدەن.
ھاوکات وەزارەتی بەرگری ژاپۆن رایگەیاندووە، ئاگاداری ھەڵدانی ئەو مووشەکەن کە ٧٤ خولەک بە ئاسمانەوە بووە، ئەوەش زۆرترین ماوەیە کە مووشەکێکی کۆریای باکور ئەو ماوەیە مابێتەوە.
سەرچاوەکانیش رایانگەیاندووە، مووشەکەکە بە بەرزی شەش ھەزار کیلۆمەتر و مەودای ھەزار کیلۆمەتر فڕیوە و لە دەرەوەی ناوچەی ئابوری ژاپۆن بە دووری ٢٥٠ کیلۆمەتر لە دوورگەی "ئوکوشیری" کەوتووە.
دوایین تاقیکردنەوەی مووشەکی کۆریای باکور لە رۆژی ١٥ی حوزەیرانی رابردوو بوو، ئەم تاقیکردنەوە تازەیەش دوای ئەوە ھات کە خوشکی "کیم جۆنگ ئون" سەرۆکی کۆریای باکور ھەڕەشەی کرد، ھەر سەتەلایتێکی ئەمریکی سنوری ئاسمانی وڵاتەکەیان ببەزێنێت، تێکیدەشکێنن.