هەڵبژاردنی سەرۆكایەتی ئەمریكا دەستیپێكرد
لاڤە
٥ی تشرینی دووەمی ٢٠٢٤
١٠٣
بەكاتی هەرێمی كوردستان، هەڵبژاردنی سەرۆكایەتی ئەمریكا دەستیپێكردووە و تا بەرەبەیانی سبەینێ بەردەوامدەبێت، نزیكەی ٢٤٤ ملیۆن ئەمریكیش مافی دەنگدانیان هەیە.
ئەوە ٦٠یەمین خولی هەڵبژاردنی سەرۆكایەتی ئەمریكایە و ٤٧یەمین سەرۆك هەڵدەبژێرێت بۆ چوار ساڵی داهاتوو، تائێستاش زیاتر لە ٨٠ ملیۆن ئەمریكی پێشوەختە لەڕێی ئۆنلاین یاخود پۆستەوە دەنگیانداوە.
بۆ ئەم هەڵبژاردنە، كێبڕكێی توند لەنێوان دۆناڵد ترەمپ كاندیدی كۆمارییەكان و كامالا هاریس كاندیدی دیموكراتەكاندا هەیە و بەپێی راپرسییەكان، ئاستی جەماوەری ترەمپ و هاریس لەیەكەوە نزیكە و جیاوازییەكی كەم لەنێوانیاندا هەیە.
هاوكات پێشبینیدەكرێت ویلایەتە خۆڵەمێشییەكان كە حەوت ویلایەتن ئەنجامی ئەو هەڵبژاردنە یەكلابكەنەوە، كە ویلایەتەكانی ئەریزۆنا و جۆرجیا و میشیگن و نیڤادا و نۆرس كارۆلینا و پەنسلڤانیا و ویسكونسنن. لە دەوروبەری باڵەخانەكانی واشنتۆنی پایتەختیش رێوشوێنی ئەمنی توند گیراوەتەبەر.
رۆژی ٢٠ی كانونی دووەمی ساڵی داهاتووش، سەرۆكی نوێی ئەمریكا سوێندی یاسایی دەخوات و دەستبەكاردەبێت.