لەپێناو پەلكێشنەكردنی عیراق لە جەنگی ئیسرائیل لەگەڵ غەززە و لوبنان، وەفدێكی ئەمنی عیراق سەردانی ئێرانی كرد.

وەزارەتی ناوخۆی عیراق لە راگەیەندراوێكدا بڵاویكردەوە، بە سەرۆكایەتی عەبدولئەمیر شمەری وەزیری ناوخۆ وەفدێكی ئەمنی سەردانی ئێرانیان كردووە و پاراستنی سنورە هاوبەشەكان و كاراكردنی یاداشتەكان و مەشق و راهێنان و ئاڵوگۆڕی زانیاری و بواری ئەمنی و خوێندن و زیارەتكارانی چلە و چەندین بابەتی دیكە تاوتوێ كراون.

بەڵام سەرچاوەیەكی ئاگادار لەو سەردانە بە میدیا عیراقییەكانی راگەیاندووە، وەزیری ناوخۆ لەو سەردانەدا لەلایەن سەرۆك وەزیرانی عیراقەوە راسپێردرابوو كە هانی ئێران بدات عیراق لە تێوەگلان لە جەنگی ئیسرائیل لەگەڵ غەززە و لوبنان دوور بخاتەوە، بە تایبەت كە باس لەوە دەكرێت ئێران بە نیازە خاكی عیراق بۆ هێرشكردنە سەر ئیسرائیل بەكاربهێنێت.

سەرچاوەیەكیش لە رۆژنامەی "شەرقلئەوسەت"ەوە رایگەیاندووە، كەسایەتییە دیارەكانی چوارچێوەی هەماهەنگی رۆژانە كۆبوونەوە دەكەن بۆ دوورخستنەوەی مەترسی لە عیراق، هەروەها هەوڵەكانی محەمەد شیاع سودانیش لەوبارەیەوە بەردەوامە.