لەسەر كوشتنی زانایەكی ئەتۆمی ئێران سزای لەسێدارەدانی بەسەر سێ كەسدا سەپاند
لاڤە
٥ی تشرینی دووەمی ٢٠٢٤
١١٦
بە تۆمەتی تیرۆركردنی زانایەكی ئەتۆمی، ئێران سزای لەسێدارەدانی بەسەر سێ كەسدا سەپاند.
ئەسغەر جیهانگیر وتەبێژی دەسەڵاتی دادوەری ئێران لە كۆنفرانسێكی رۆژنامەوانیدا لە تاران رایگەیاند، لە دادگای ورمێ لە كۆی هەشت كەس رێكاری پێویست دژی سێ كەس گیراوەتەبەر و سزای لەسێدارەدانیان بەسەردا سەپێندراوە بە تۆمەتی تیرۆركردنی زانایەكی ئەتۆمی، دۆسیەكەش لە قۆناغی تێهەڵچوونەوەدایە.
وتیشی، ئەو سێ كەسە لە ئازەربایجان دەستگیركران و تۆمەتی سیخوڕییان لە بەرژەوەندی ئیسرائیل خراوەتەپاڵ.
موحسن فەخری زادە ئەو زانا ئەتۆمییە بوو كە لە مانگی تشرینی دووەمی ساڵی ٢٠٢٠ لە نزیك تاران لە هێرشێكدا بۆ سەر ئۆتۆمبێلەكەی كوژرا، ئێران ئیسرائیلی تۆمەتباركرد بە هێرشەكە و تائێستا ئیسرائیل وەڵامی ئەو تۆمەتانەی نەداوەتەوە. هاوكات موحسن فەخری زادە لەژێر سزاكانی ئەمریكادا بوو، بەهۆی ئەو رۆڵەی لە پڕۆگرامی ئەتۆمی ئێراندا هەیبوو.