محەمەد دەھقان راوێژکاری سەرۆککۆماری ئێران بۆ کاروباری یاسایی لە کۆبوونەوەیەکیدا لەگەڵ ژمارەیەک مامۆستای زانکۆ و پارێزەری عێراقی رایگەیاند، ئەمریکا و ھاوپەیمانەکانی کە بەرپرسیاری کوشتنی قاسم سلێمانی فەرماندەی پێشووی فەیلەقی قودس و ئەبومەھدی موھەندیس جێگری سەرۆکی دەستی حەشدی شەعبین ھەموو دادگا و یاسا نێودەوڵەتییەکان بەکاردەھێنن لە پێناو چەواشەکردن و شاردنەوەی راستییەکانی تایبەت بەو کردەوە تیرۆریستییە.
وتیشی، بەرەسمی داوایان لە عێراق کردووە دادگای دادی ھەرێمی بە بەشداری وڵاتانی ئیسلامی دابمەزرێنێت و بەبێ ترس ھەموو راستییەکان لە بارەی کوشتنی قاسم سلێمانی و ئەبومەھدی موھەندیس ئاشکرا بکەن، چونکە پێویستە عێراق ئەو راستییە بزانێت کە ئێران بەھیچ شێوەیەک دەستبەرداری ئەو دۆسێیە نابێت تا ھەموو راستییەکان ئاشکرا نەکرێن.
مەزڵوم کۆبانێ فەرماندەی ھێزەکانی سوریای دیموکرات ھەسەدە لە یادی ١١ ساڵەی شۆِرشی رۆژئاوای کوردستاندا پەیامێکی بڵاوکردەوە و رایگەیاند، ئەو شۆڕشە گەلێک دەستکەوتی مەزنی بۆ کورد و گەلان و ناوچەکە ھێنا، لەسەرووی ھەموویەوە بوون بە خاوەنی ھێزێکی پاراستنی جەوھەری، کە ئێستا ناوی ھێزەکانی سوریای دیموکراتە.
وتیشی، تا لە سوریا چارەسەری سیاسی پێشنەکەوێت، گەلانی باکور و رۆژھەڵاتی سوریا بە تەواوی پێکھاتەکانییەوە نەگەنە مافەکانیان، دەست لە تێکۆشان ھەڵناگرن و دەستکەوتەکانی شۆڕش دەپارێزن، ھەروەھا سیستمی خۆبەڕێوەبەریی زیاتر پێشدەخەن و فراوانتری دەکەن.
محەمەد ئوزھاسکی، وەزیری ژینگە و ئاوەدانکردنەوەی تورکیا یەکەم رێوشوێنی بۆ ئەگەری روودانی بومەلەرزە لە ئیستەنبوڵ ئاشکراکرد و رایگەیاند، ٣٥٠ ھەزار یەکەی نیشتەجێبوون کە بەرگەی بومەلەرزە بگرن لە شارەکە دروستدەکرێن، وتیشی حکومەت پشتیوانی دارایی پێشکەش بە بڕی ٥٠٠ ھەزار لیرە و قەرزێکی بێسود بەبڕی ٥٠٠ ھەزار لیرە دەداتە ھاووڵاتیان بۆ نۆژەنکردنەوەی خانووەکانیان و وایانلێبکەن بەرگەی بومەلەرزە بگرن.
وتیشی، حکومەت پشتیوانیی دارایی بەبڕی ٢٥٠ ھەزار لیرە دەداتە کۆمپانیا بچوک و مامناوەندەکان تاکو باڵەخانەکانیان نۆژەنبکەنەوە.
لێکەوتەکانی زیرەکی دەستکرد کە ھەموو بوارەکانی ژیانی گرتووەتەوە، جیھانی دووچاری دڵەڕاوکێ کردووە و ئەنجومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی بۆ یەکەمجار دانیشتنێکی تایبەتکرد بە گفتوگۆکردن لەبارەی لێکەوتەکانی زیرەکی دەستکرد.
ئەنتۆنیۆ گۆتێرێز، سکرتێری گشتی نەتەوە یەکگرتووەکان رایگەیاند، زیرەکی دەستکرد کاریگەری لەسەر ھەموو بوارەکانی ژیان دەبێت و تەکنیکێکە دەتوانێت یارمەتیدەر بێت لە سنوردارکردنی ھەژاری و چارەسەری ژێرپەنجە، لەگەڵئەوەشدا لەوایە ببێتە ھەڕەشەیەکی نوێ لەسەر ئاسایش و ئارامی جیھانی.
گۆتێرێز داوای لە ئەندامانی ئەنجومەنی ئاسایش کرد تاکو ساڵی ٢٠٢٦ پەیماننامەیەکی یاسایی ئامادەبکەن بۆ قەدەغەکردنی بەکارھێنانی چەکی خودی کوشندە.
ھەردوو سوپای ژاپۆن و کۆریای باشور بڵاویانکردەوە، کۆریای باکور دوو مووشەکی بالیستی بە ئاڕاستەی دەریای خۆرھەڵات تاقیکردووەتەوە، ئەوەش دوای چەند سەعاتێک لە گەیشتنی ژێردەریاییەکی ئەمریکی بۆ بەندەری کۆریای باشور، کە یەکەمینجارە لە ماوەی چوار دەیەدا دەینێرێت.
وەزارەتی بەرگری ژاپۆنیش رایگەیاندووە، مووشەکەکان لە دەرەوەی ناوچەی ئابوری ژاپۆن کەوتوونەتەخوارەوە.
دەستەی ئەرکانی ھاوبەشی کۆریای باشوریش داوای لە کۆریای باکور کردووە دەست لەو تاقیکردنەوانە ھەڵبگرێت.
سوپای ئەمریکاش رایگەیاندووە، ئاگاداری ئەو تاقیکردنەوانەیە و دانوستان لەگەڵ ھاوپەیمانەکانی دەکات.
لەلایەکی دیکەوە، ئاژانسی ھەواڵی کۆریای باکور رایگەیاند، سەربازێکی ئەمریکی لە سنورەکاندا لەگەڵ کۆریای باشور دەستگیرکراوە، کە لە گەڕانێکدا بووە لەگەڵ رێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان.
ئاژانسی رۆیتەرز لە زاری سەرچاوەیەکەوە بڵاویکردەوە، ئەمریکا ھیواخوازە لەو ریگەیەوە ھاوکاربێت لە کەمکردنەوەی فشارەکانی ئێران بۆ سەر بەغداد بە مەبەستی بەدەستھێنانی شایستە داراییەکانی لە ھەژمارە بلۆککراوەکانی عێراق.
بە وتەی سەرچاوەکە، بۆ یەکەمجار بانکە نا عێراقییەکان دەتوانن شایستە داراییەکانی ئێران خەرجبکەن، بەڵام پێویستیان بە مۆڵەتی ئەمریکایە بۆ خەرجکردنی پارەکان، کە تەنھا بۆ مەبەستی مرۆیی دەبێت.
وێستگەکانی کارەبای عێراق پشت بە غازی ھاوردەکراو لە ئێران دەبەستن، بەھۆی سزاکانی ئەمریکا لەسەر ئێران، عێراق ناتوانێت راستەوخۆ شایستە داراییەکانی ئێران بدات، بەڵکو پێویستە ئێران پارەکانی بۆ کڕینی خواردن و پێداویستی تەندروستی بەکاربھێنێت.
ئاژانسی نێودەوڵەتی وزە لە راپۆڕتێکدا بڵاویکردەوە، سەرەڕای ئەوەی ئاڵوگۆڕەکانی ناو بازاری گازی سروشتی لە ئەوروپا بە باشی بەڕێوەدەچێت و بازاڕەکە بە گشتی بەرەوپێشچوونی بەخۆیەوە بینییووە، پێدەچێت کاتی پێویست لەبەردەستدا نەمابێت بۆ کۆگاکردنی گازی سروشتی.
ئەوەشت خستووەتەڕوو، ٪٩٥ی کۆگاکانی گازی سروشت پڕن، بەڵام پێناچێت ئەو رێژەیە بتوانێت خواست لەسەر گازەکە لە وەرزی زستاندا دابینبکات.
ئاژانسی نێودەوڵەتی وزە دەشڵێت، لە وەرزی زستان کاتێک گازی ناو کۆگاکان بەکاردەھێندرێت و رێژەی گازی لە کۆگاکراو بۆ ٪٣٠ دادەبەزێت، جگەلەوەی مەترسی تەواوبوونی لەسەر دروست دەبێت، پرۆسەی دەرھێنانی گازەکەش لە کۆگاکە سەختتر دەبێت و ئەوەش رەنگە ببێتە بەرزبوونەوەیەکی بەرچاوی نرخی گازی سروشتی لە بازاڕەکانی ئەوروپادا.
دەزگای لوتکە بۆ کاروباری ئاوارەو پەنابەران رایگەیاند، بەپێی ئەو ئامارانەی لە رێکخراوی نەتەوەیەکگرتووەکان وەریگرتووە، لە نیوەی یەکەمی ئەمساڵ ٢٨٩ منداڵ لە کاتی ھەوڵدان بۆ پەڕینەوە لە دەریای ناوەڕاست بەرەو ئەوروپا گیانیانلەدەستداوە، ئەوە ژمارەیەش دوو ھێندەی ئەو ژمارەیەیە کە لەنیوەی یەکەمی ساڵی ٢٠٢٢ تۆمارکراوە.
ئامارەی بۆ ئەوەشکردووە، ئەو ئامارە تەنیا ئەو منداڵانە دەگرێتەوە کە تەرمەکانیان دۆزراونەتەوە، ئەوانە ناگرێتەوە کە تا ئێستا بێسەروشوێنن.
ھەر بەپێی ئامارەکان، لە شەش مانگی یەکەمی ئەمساڵدا، ١١ ھەزار و ٦٠٠ منداڵ لە دەریای ناوەڕاست پەڕیونەتەوە، لە سێ مانگی یەکەمی ساڵیش، سێ ھەزار و ٣٠٠ منداڵ دەریای ناوەراستیان بڕیووە، ئەوەش ٧١٪ی ئەو منداڵانەیەکە لە رێگەی دەریای ناوەڕاستەوە دەگەنە ئەورووپا ئەو ژمارەیە سێ ھێندەی، ھەمان ماوەی ساڵی ڕابردووو.
پەرلەمانی بەریتانیا پڕۆژە یاسایەکی ریشی سوناک سەرۆکوەزیرانی وڵاتەکەی پەسەندکرد، کە تایبەتە بە کۆچبەران و ئامانج لێی بەرەنگاربوونەوەی کۆچی نایاساییە بۆ بەریتانیا، کە بەپێی یاساکە، ئەو کۆچبەرانەی بە قاچاخ پێ دەنێنە خاکی بەریتانیاوە مافی پەنابەرێتیان پێنادرێت.
ھەروەھا یاساکە نیگەرانی رێکخراوەکانی بواری مافی مرۆڤ و کۆچبەرانی لێکەوتووەوە و ئیدانەی دەکەن.
بەپێی ئامارەکان، ساڵی رابردوو زیاتر لە ٤٥ ھەزار کۆچبەری نایاسایی گەیشتوونەتە بەریتانیا، ئەمساڵیش تاکو ئێستا نزیکەی ١٣ ھەزار کۆچبەر چوونەتە ئەو وڵاتە.
جۆن کێربی، رێکخەری پەیوەندی ستراتیژییەکانی کۆشکی سپی بە رۆژنامەنوسانی راگەیاند، لەم کاتەدا واشنتۆن سەرنجی لەسەر گفتوگۆکردنە لەگەڵ ئێران بۆ گەڕاندنەوەی ئەو ھاوڵاتییە ئەمریکیانەی کە بەنایاسایی لەلایەن دەسەڵاتدارانی ئەو وڵاتەوە زیندانیکراون.
لەبارەی بوونی پەیوەندی ناڕاستەوخۆش لەنێوان ئەمریکا و ئێران لەسەر رێککەوتنێکی نوێ سەبارەت بە بەرنامە ئەتۆمییەکەی تاران، ئەو بەرپرسەی کۆشکی سپی وتی، تائێستا ھیچ رێککەوتنێکی نوێ نییە.
جەیک سۆلیڤان، راوێژکاری ئاسایشی نەتەوەیی ئەمریکایش بە کەناڵی سی بی ئێسی راگەیاند، واشنتۆن دوورە لە ھەرجۆرە رێککەوتنێکی تازە سەبارەت بەرنامەی ئەتۆمییەکەی ئێران لەگەڵ دەسەڵاتدارانی ئەو وڵاتە.
لێپرسراوانی روسیا رایانگەیاند، چەند تەقینەوەیەک پردی "کیرتش"یان ھەژاندووە، کە وشکانی روسیا بە نیمچە دوورگەی کریما دەبەستێتەوە، بەھۆشیەوە دوو کەس کوژراون و کەسێکیش برینداربووە، ھاتووچۆش لەسەر پردەکە راگیراوە.
سەرۆکی پەرلەمانی نیمچە دوورگەی کریماش کە سەر بە مۆسکۆیە رایگەیاندووە، ئەو تەقینەوەیەی لەسەر پردی کریما روویداوە، کردەوەیەکی تیرۆریستییە و لەلایەن ئۆکراینەوە ئەنجامدراوە.
"ھانا مالیار"جێگری وەزیری بەرگری ئۆکراینیش رایگەیاند، توانیویانە لە ماوەی ھەفتەی رابردوودا حەوت کیلۆمەتر چوارگۆشە لە دەوروبەری شاری "باخموت" کۆنترۆڵ بکەنەوە، بەڵام رەوشی ھێزەکانی ئۆکراین لە خارکیڤ قورسە.
یەکێتی ئەوروپا دەیەوێت لە کۆتایی ئەم مانگەدا رێکاری نوێی کۆچ بخاتە بواری جێبەجێکردنەوە، بەگوێرەی رێکارەکانیش ئەو وڵاتانەی کۆچبەر وەرناگرن دەبێت پارە بدەن لەبەرامبەر بوونی فشاری کۆچبەران لەسەر وڵاتێکی تری یەکێتییەکە، ھەر کۆچبەرێکیش کە دەگاتە ئەوروپا ١٢ ھەفتە لە ژێر چاودێری تونددا دەمێنێتەوە، ئەگەر داواکاری مانەوەشی رەتکرایەوە، دەستبەجێ بۆ وڵاتەکەی دەنێردرێتەوە.
ئەڵمانیاش لەسەرەتای ئەمساڵەوە یاسای نوێی کاری پەسەندکردوە وەک ھەنگاوێک بۆ کردنەوەی زیاتری بازاڕی وڵاتەکەی و راکێشانی کرێکاری زیاتر لە دەرەوەی وڵاتانی یەکێتیی ئەوروپا بۆ ناو ئەڵمانیا.
حکومەتی ئەڵمانیا دەڵێت، پێویستە ئەو خێزانانەی منداڵیان لەگەڵدایە، لەو رێکارانە بەدەر بکرێن کە ھێزە ئەمنییەکان لەسەر سنورەکان بەرامبەر کۆچبەران دەیگرنەبەر.
دیمیتری بیسکۆڤ وتەبێژی کۆشی سەرۆکایەتی روسیا رایگەیاند، ئەمڕۆ بە رەسمی رێککەوتنی رێگەدان بە ھەناردەی گەنمی ئۆکراین بۆ جیھان کۆتاییھات، چونکە داواکارییەکانی مۆسکۆ لەو رێککەوتنەدا جێبەجێ نەکراون.
وتیشی، ھەر کاتێک داواکارییەکانی روسیا جێبەجێکران، رێککەوتنەکە کارا دەکەنەوە و رێگە بە کیێڤ دەدەن گەنمەکەی لەرێگەی دەریای رەشەوە ھەناردەی جیھان بکات.
لە رێککەوتنی ھەناردەی گەنمدا کە بەنێوەندگیری تورکیا و نەتەوە یەکگرتوەکان ئەنجام درا، ئۆکراین توانی ٣٢ ملیۆن تۆن گەنم ھەناردەی دەرەوە بکات، روسیاش مەرجی ئەوەی ھەبوو بڕێکی پێویست لەو گەنمە بدرێت بە وڵاتانی ھەژار، بەگوێرەی ئاماری نەتەوە یەکگرتوەکانیش ٢٠٪ی ئەو گەنمە دراوە بە وڵاتانی ھەژار.
رێکخراوی ھەنگاو بۆ مافی مرۆڤ لە راگەیەندراوێکدا بڵاویکردەوە، دوو بەندکراوی کورد بە ناوەکانی موحسین یاقووتی و حەمزە فەڕۆخی کە خەڵکی پارێزگای کرماشانن، کە پێشتر بە تۆمەتی پەیوەندیدار بە ماددە ھۆشبەرەکانەوە سزای سێدارەیان بەسەردا سەپابوو، سزاکەیان لە بەندیخانەی ھەمەدان جێبەجێ کرا.
بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگاداری نزیک لە بنەماڵەکەی ئەو دوو ھاووڵاتییە، ئەو دوو بەندکراوە دوو ساڵ لەمەوبەر لە شاری ھەمەدان دەستبەسەر کراون و دواتر لەلایەن دادگای شۆڕشی ھەمەدان سزای سێدارەیان بەسەردا سەپاوە.
ھەر ئەمڕۆ، سزای سێدارەی بەندکراوێکی دیکەی کورد بە ناوی سەنگەر خزری و خەڵکی شاری سەردەشت، کە پێشتر بە تۆمەتی پەیوەندیدار بە ماددە ھۆشبەرەکان سزای سێدارەی بۆ دەرکرابوو، لە بەندیخانەی ناوەندیی نەغەدە سزاکەی بەسەردا جێبەجێکرا.
ئاگرەکە دارستانێکی قەزای گویلناری سەر بە پارێزگای مێرسینی گرتووەتەوە و بە درێژایی شەوی رابردوو تیمە پەیوەندیدارەکان ھەوڵی کوژاندنەوەی ئاگرەکەیان دا، سەختیی جوگرافیای ناوچەکەش کارەکانی تیمەکانی قورستر کردووە.
بەھۆی ئاگرەکەوە، پێنج خانوو لەو ناوچەیە سووتاون و ژمارەیەک خانووی تریش چۆڵ کراون.
جگە لە پارێزگای مێرسین، لە پارێزگای ھاتاش ئاگر لە دارستانێک کەوتووەتەوە، بەھۆی ئاگرەکەشەوە حەوت خانوو و چوار ئۆتۆمبێل زیانیان بەرکەوتوە.
سابرینە سینگ وتەبێژی وەزارەتی بەرگری ئەمریکا لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند، بەھۆی زیادبوونی جموجۆڵەکانی ئەم دواییەی ھێزە دەریاییەکانی ئێران لە کەنداوی عەرەبی، بڕیاردراوە بە رەوانەکردنی ژمارەیەک فڕۆکەی جەنگی ئەمریکی لە جۆرەکانی ئێف ١٦ و ئێف ٣٥ بۆ ھێزی دەریایی ئەمریکا لە کەنداوی عەرەبی.
ئەوەشی خستەڕوو، ئەرکی فڕۆکەکان پاراستنی ئاسایشی ئاوی کەنداوی عەرەبی دەبێت و ھیچ کاریگەرییەکی نەرێنی بۆ سەر ھاتوچۆی کەشتییەکان نابێت.
رۆژی پێنجی ئەم مانگە، تیم ھاوکینز وتەبێژی ھێزی دەریایی ئەمریکا لە کەنداوی عەرەبی رایگەیاند، ھێزە سەربازییەکانی ئێران ھەوڵیانداوە دەستبگرن بەسەر دوو کەشتی بارھەڵگری نەوت لە کەنداوی عەرەبی و دەستڕێژی گولـلەیان لە کەشتییەک کردووە، بەڵام دوای گەیشتنی ھێزی دەریایی ئەمریکا بە شوێنی رووداوەکە ھێزەکانی ئێران کشاونەتەوە.