گۆتێرێس لە نامەکەیدا رایگەیاندووە، ھەست بە نیگەرانییەکی زۆر دەکات لە رووداوی سوتاندنی قورئانی پیرۆز لە ستۆکھۆڵم کە بووە مایەی خۆپیشاندان لە عێراق لە پشووی جەژنی قورباندا، ھەروەھا ئیدانەی کردەوەکانی توندڕەوی و دەمارگیری و ئیسلامۆفۆبیا دەکات کە دەبێتە مایەی ئاڵۆزکردنی پشێوییەکان و زیادکردنی جیاکاری و توندڕەوی.
سکرتێری گشتی نەتەوە یەکگرتووەکان راشیگەیاندووە، دامەزراوەی نەتەوە یەکگرتووەکان سورە لەسەر جێبەجێکردنی تەواوەتی بڕیاری ئەنجومەنی مافەکانی مرۆڤ لەبارەی بەرەنگاربوونەوەی رقی ئاینی کە ھاندەرە بۆ جیاکاری و توندوتیژی و ناکۆکی.
دووپاتیشیکردوەتەوە، نەتەوە یەکگرتووەکان لە رێگەی ئاژانسەکانییەوە ھانی وڵاتانی ئەندام دەدات، بە سیاسەت و یاساکانیاندا بچنەوە بۆ دیاریکردنی ئەو بۆشاییانەی لەوانەیە ئاستەنگ بن لەبەردەم رێگریکردن لە بانگەشە بۆ رقی نەتەوەیی، ئاینی، رەگەزی و سزادانی ئەنجامدەرانی.
ناوەندی راگەیاندنی ھێزەکانی ئاسایشی ناوخۆ، لە خۆبەڕێوەبەریی باکوور و رۆژھەڵاتی سوریا لە راگەیەندراوێکدا ئاماژەی بەوەکرد، لە بەردەوامیی زنجیرە ھێرشەکانی تورکیا بۆسەر ناوچەکە، رۆژی پێنجشەممە فڕۆکە بێفڕۆکەوانەکانی تورکیا دوو ئۆتۆمبێلیان لە رێگەی نێوان گوندی خزنە و شارۆچکەی تەلمەعروف کردووەتە ئامانج.
ئاماژەی بەوەشکردووە، بەھۆی ھێرشەکانەوە، سێ کەس کوژران و دوو کەسیش بریندار بوون.
میدیاکانی سوید بڵاویکردەوە، پۆلیس رەزامەندی پیشانداوە رۆژی ھەینی گردبوونەوەیەک لە بەردەم باڵیۆزخانەی ئیسرائیل لە ستۆکھۆڵم ئەنجامبدرێت و تیایدا کۆپییەک لە تەورات بسوتێنرێت.
ئەو کەسانەی داوای گردبوونەوەکەیان کردووە چوار کەسن و ئامانجیان لە سوتاندنی تەورات داواکردنی مافی منداڵانە لە سوید کە وەک خۆیان وتوویانە بەشێوەیەکی بەرنامە بۆ دارێژراو پێشێل دەکرێت.
لەئێستادا پۆلیسی سوید سەرقاڵی ژمارەیەک داواکاری دیکەی خۆپیشاندانە، کە سوتاندنی کتێبە پیرۆزەکان لە خۆدەگرن لەوانەش سوتاندنی قورئانی پیرۆز لە بەردەم باڵیۆزخانەی ئێران.
میدیاکانی سوید ئاماژەیان بەوەکردووە، کەسێکی تەمەن ٤٠ ساڵ داواکاری پێشکەشکردووە بۆ سوتاندنی ئینجیل، ژنێکی تەمەن ٣٠ ساڵیش داوایکردووە لە بەردەم باڵیۆزخانەی ئێران خۆپیشاندان بکات بە مەبەستی سوتاندنی ئاڵای ئێران و دەقە پیرۆزەکان.
وەزارەتی تەندروستی سوریا بڵاویکردەوە، لە ناوچەی سەیدە زەینەب لە باشوری دیمەشق ماتۆڕسکیلێکی بۆمبرێژکراو لە نزیک گەراجێکی وەستانی تاکسی تەقیوەتەوە و بەھۆیەوە پێنج کەس گیانیان لەدەستداوە و ٢٦ کەسی دیکەش برینداربوون.
ھاوکات سەرچاوەیەکی ئەمنیش رایگەیاندووە، تیمە تایبەتەکان گەمارۆی شوێنی تەقینەوەکەیان داوە و لێکۆڵینەوەیان بۆ ئاشکراکردنی لایەنی بەرپرسیار لە کردەوەکە دەستپێکردووە.
سەردار محەمەد بەڕێوەبەری ناحیەی قۆرەتوو بە کوردسات نیوزی راگەیاند، کۆمپانیای پیت ئۆیل کە کاری دەرھێنانی نەوت لە کێلگەی چیاسورخ دەکات بەھۆی خەرجنەکردنی شایستە داراییەکانی لەلایەن حکومەتەوە کارەکانی بەشێوەیەکی کاتی راگرتووە و ٩٠٪ی کارمەندەکانی ئاگادارکردووەتەوە لە یەکی ئابەوە نەگەڕێنەوە سەر کارەکانیان.
وتیشی، کۆمپانیاکە داواکاری پێشکەش بە حکومەت کردووە بۆ خەرجکردنی شایستە داراییەکانی، بەڵام تائێستا وەڵامنەدراوەتەوە.
لە دوای راگرتنی ھەناردەی نەوتی ھەرێم بۆ تورکیا، کۆمپانیای پیت ئۆیلی تورکی بەردەوامبووە لە دەرھێنانی نەوت لە کێڵگەی چیاسورخ کە دەکەوێتە سنوری ناحیەی قۆرەتووی گەرمیان و رۆژانە ١٥٠٠ بۆ ٢٠٠٠ بەرمیل نەوتی بەرھەمھێناوە و رەوانەی پاڵاوتگەی پارێزگاکانی ھەرێم کراوە.
ئاژانسی ھەواڵی "مھر"ی ئێران بڵاویکردەوە، ئەو گەنجە ناوی محەمەد قبادلو_یە و تەمەنی ٢٣ ساڵە، تۆمەتباربوو بە کوشتنی پۆلیسێک بە ئۆتۆمبێل و بریندارکردنی ژمارەیەکی دیکە، لەکاتی خۆپیشاندانەکاندا کە لە مانگی ئەیلولی ساڵی رابردوو دژی گیانلەدەستدانی ژینا ئەمنییەوە بەڕێوەدەچوون.
ئاژانسەکە لە تیمی بەرگری پارێزەرانەوەی بڵاویکردووەتەوە، دادگای باڵا تۆمەتەکانی ھەڵوەشاندووەتەوە و دۆسیەکەی رەوانەی دادگایەکی دیکە کردووە، بۆ مامەڵەکردن لەگەڵ کێشەی تەندورستی و ھزری تۆمەتبارەکە.
لە کۆتاییەکانی ساڵی رابردووەوە، لێپرسراوانی ئێران حەوت کەسیان بە تۆمەتی ھێرشکردنەسەر ھێزەکانی پۆلیس و ھێزە ئەمنییەکانی لەکاتی خۆپیشاندانەکاندا لەسێدارەدا.
وەزارەتی دەرەوەی عێراق لە راگەیەندراوێکدا ئاماژەی بەوە کردووە، فوئاد حسێن وەزیری دەرەوەی عێراق پەیوەندییەکی تەلەفونی لە لارس لوکە راسموسن وەزیری دەرەوەی دانیمارکەوە پێگەیشتووە و رایگەیاندووە، حکومەتی و گەلی عێراق سوتاندن و سوکایەتیکردن بە قورئان و ئاڵای عێراق لە دانیمارک ئیدانە دەکەن و نابێت بەناوی ئازادی رادەربڕینەوە ئازادییەکانی تر پێشێل بکرێن و ئەو جۆرە کارانەش پێچەوانەی شکۆمەندی و مافەکانی مرۆڤە، داواشیکردووە جارێکی تر حکومەتی دانیمارک رێگە بە دووبارەبوونەوەی ئەو جۆرە کارانە نەدات.
ئاماژە بەوەشکراوە، لەو پەیوەندییە تەلەفونییەدا وەزیری دەرەوەی دانیمارکیش رایگەیاندووە، ئەوەی روویداوە حکومەتی دانیمارکیشی نیگەران کردووە و زۆر بەتوندیش لە دژی ئەنجامدانی ئەو جۆرە کارانەیە بەتایبەتیش ھەر کارێک لە دژی ئیسلام بێت و پابەندبوونی وڵاتەکەی بە پاراستنی باڵیۆزخانەی عێراق لە کۆپنھاگن دووپاتکردەوە.
رێکخراوی کۆچی نێودەوڵەتی لە راگەیەنراوێکدا ئاماژەی بەوەکردووە،١٠١ رۆژە شەڕ و پێکدادان لە شارەکانی خەرتوم و بەحری و ئوم دەرمان بەردەوامە و شەڕی توندیش لە دافور و ویلایەتی کەردفالی باشورە.
بەپێی ئامارەکان ٢دوو ملیۆن و ٦٨٦ ھەزار کەس لەناوخۆدا ئاوارەبوون و زیاتر لە ٨٤٤ ھەزار کەسیش پەنایان بردووەتەوە وڵاتانی دراوسێ.
لە رۆژی ١٥ی نیسانەوە شەڕ و پێکدادانی نێوان سوپا و ھێزی پاڵپشتی خێرا لە سودان دەستیپێکردووە، تائێستا بەردەوامە و سەدان کوژراو و ھەزاران برینداری لێکەوتووەتەوە.
لیژنەی کاروباری دەرەوە لە پەرلەمانی بەریتانیا، داوایەکی ئاڕاستەی حکومەتی وڵاتەکەی کردووە بۆ بە تیرۆرناساندنی گروپی سەربازی ڤاگنەر، ھەروەھا داوایانکردووە سزای توند لەسەر ئەندامان و ئەو لایەنانەی سەر بەو گروپەن، بسەپێندرێت.
لیژنەکە راشیگەیاندووە، ئەو گروپە ھەڕەشەن بۆ سەر ئاسایشی نەتەوەیی، بەڵام حکومەتی بەریتانیا بۆ ماوەی ١٠ ساڵە لە مەترسییەکانیان کەمدەکاتەوە.
رۆژنامەی "تەلەگراف"ی بەریتانیش بڵاویکردووەتەوە، وەزارەتی ناوخۆی بەریتانیا کاردەکات لەسەر دانانی پلانێک بۆ ناساندنی ئەو رێکخراوە وەک گروپێکی تیرۆریستی.
کۆمەڵەی گشتی نەتەوە یەکگرتووەکان بە کۆی دەنگ رەشنووسی ئەو بڕیارنامەیەی کە لەلایەن مەغریبەوە پێشکەشکرابوو پەسەندکرد کە تێدا بێڕێزیکردن بەرامبەر بە کتێبە پیرۆزەکان وەک پێشێلکردنی یاسا نێودەوڵەتییەکان دەناسێنێت.
نەتەوە یەکگرتووەکان لە کۆبوونەوەیەکدا بەکۆی دەنگ ئیدانەی دەستدرێژیکردن و سوتاندنی کتێبە پیرۆزەکانی کرد و رایگەیاند، ئەو کردەوانە پێشێلکردنی یاسای نێودەوڵەتین.
ئەو بڕیارەی نەتەوە یەکگرتووەکان ھاوکاتە لەگەڵ رووداوەکانی سوتاندنی قورئانی پیرۆز لە سوید و دانیمارک، کە کاردانەوەی نێودەوڵەتی لێکەوتەوە، بە تایبەت لە جیھانی ئیسلامیدا.
لە ساڵانی ٢٠١٩ و ٢٠٢١یشدا، نەتەوە یەکگرتووەکان ھەمان بڕیاریدا، ئەوەش لە چوارچێوەی رێزگرتن لە ئاینەکان و لێبوردەیی نێوانیان و روبەڕوبوونەوەی وتاری رق و کینە.
وەزارەتی ئاسایشی ئێران دووپاتی کردوەتەوە، سەلوان مۆمیکا، لە ساڵی ٢٠١٤دا ھەوڵیداوە حزبێک بە ناوی یەکێتی دیموکراتی سریانی لە عێراق دابمەزرێنێت کە بەناوی مەسیحییەکانی عێراقەوە قسە بکات، بەڵام لەو پرۆژەیەیدا سەرکەوتوو نەبوە و بریاریداوە عێراق جێبھێڵێت و کۆچبکات بۆ وڵاتانی ئەوروپا.
ئاماژەی بەوەشکردووە، سەلوان لە ژمارەیەک وڵاتی ئەوروپی داوای مافی پەنابەری کردوە، بەڵام بێھیوایان کردوە ئەوەش وای کردوە روو لە سوید بکات، لە دوایشدا ھەوڵیداوە لە دەزگاکانی ئیسرائیل نزیک بێتەوە.
نوسینگەی راگەیاندنی سەرۆکوەزیرانی عێراق بڵاویکردەوە، محەمەد شیاع سودانی و عەلی رەزا گونەی کۆبوونەوە و ھاریکاری و پەرەپێدانی پەیوەندییەکانی عێراق و تورکیایان تاوتوێ کرد، ھەروەھا باسیان لە سەردانی چاوەڕوانکراوی رەجەب تەیب ئەردۆغان سەرۆککۆماری تورکیا بۆ عێراق کرد.
سودانی و عەلی رەزا گوونەی باسیان لە پرسی ئاوی ھاوبەش و پلانی دروستکردنی ناوەندێکی ھاوبەش لەسەر سنوورەکانی عێراق-تورکیا کرد، ھەروەھا باسیان لە رێکخستنی کۆڕبەندی ئابووریی ھاوبەشی بەغداد و ئەنقەرە لە بەسرە کرد.
ژیار موسلیمی، خوێندکاری قوتابخانەی دواناوەندی نموونەی دەوڵەتی زانست، لە شاری بانەی رۆژھەڵاتی کوردستان، لە تیمی چوار کەسی کۆماری ئیسلامی ئێران، توانی بڕوانامەی فەخری و خەڵاتی زێڕ لە ٥٥مین ئۆڵۆمپیادی جیھانی کیمیا بەدەستبھێنێت.
نوعمان کورتوڵموش، سەرۆکی پەرلەمانی تورکیا رایگەیاند، حکومەتی تورکیا لە ئاستێکی باڵادا نیگەرانی و ناڕەزایی گەیاندووەتە ھەموو ئەو وڵاتانەی رێگە دەدەن سوکایەتی بە قورئان و موسڵمانان بکرێت کە پێویستە رێگری لێبکرێت و چیتر بەناوی ئازادی و ئازادی رادەربڕینەوە رێگە نەدرێت سوکایەتی بە ھیچ ئاین و پیرۆزییەک بکرێت.
وتیشی، سوتاندنی قورئان بە تەنھا سوکایەتیکردن نییە بە ئاینی ئیسلام و پیرۆزییەکانی موسڵمانان، بەڵکو سوکایەتیکردنە بە کۆی بەھاکانی مرۆڤایەتی و ئەوانەشی ئەو کارانە دەکەن کەسانێکی بێ بایەخی ناو کۆمەڵگەن.
لیوا حوسێن سەلامی، فەرماندەی گشتی سوپای پاسداران رایگەیاند، دووبارەبوونەوەی حاڵەتەکانی بێ ڕێزیکردن بەرامبەر قورئانی پیرۆز لەژێر ناوی ئازادی لە وڵاتانی ئەوروپا، کارێکی قێزەونە دژی بە ئایینی ئیسلامی دەکرێت و ئامانج لێی بریندارکردنی ھەست و سۆزی موسوڵمانانە.
ئەوەشی خستووەتەڕوو، وڵاتانی ئیسلامی بە بێ ڕێزیکردن بەرامبەر بە قورئانی پیرۆز زیاتر یەکگرتوو و یەکڕیزدەبن.
فەرماندەکەی پاسداران وتیشی، پێویستە لەسەر ئاستی نێودەوڵەتی رێوشوێنی پێویست بگیرێتەبەر بۆ رێگریکردن لە دووبارەبوونەوەی حاڵەتەکانی بێ ڕێزیکردن بەرامبەر ئایینی ئیسلام.
جەختیشیکردەوە، ئەو کەسانەی بێ ڕێزی بەرامبەر بە ئایینی ئیسلام دەکەن ھەتا ھەتایە پارێزراو نابن و نزیک یان دوور تۆڵەیان لێدەکرێتەوە و بە سزای خۆیان دەگەن.
لەگەڵ بەرزبوونەوەی پلەکانی گەرما لە وەرزەکانی بەھار و ھاوینی ئەمساڵ بە تایبەتی لە نیوەگۆی باکووری زەوی، رێکخراوە پەیوەندیدارەکان بە پرسی کەشوھەوا، ھۆشداری لە بەرزبوونەوەیەکی بێ وێنەی پلەکانی گەرما دەدەن.
ئاژانسی ناسای ئەمریکی بڵاویکردەوە، مانگی تەمموزی ئەمساڵ گەرمترین مانگە لە ماوەی سەدان ساڵدا، ھەروەھا رەنگە گەرمترین مانگیش بێت لە ماوەی ھەزاران ساڵدا.
ھەروەھا ھۆشداریداوە لە بەرزبوونەوەی پلەكانی گەرما، بەجۆرێك بە درێژایی چەندین سەدە، ھاوشێوەی نەبوو بێت.