گۆتێرێس لە نامەکەیدا رایگەیاندووە، ھەست بە نیگەرانییەکی زۆر دەکات  لە رووداوی سوتاندنی قورئانی پیرۆز لە ستۆکھۆڵم کە بووە مایەی خۆپیشاندان لە عێراق لە پشووی جەژنی قورباندا، ھەروەھا ئیدانەی کردەوەکانی توندڕەوی و دەمارگیری و ئیسلامۆفۆبیا دەکات کە دەبێتە مایەی ئاڵۆزکردنی پشێوییەکان و زیادکردنی جیاکاری و توندڕەوی.

سکرتێری گشتی نەتەوە یەکگرتووەکان راشیگەیاندووە، دامەزراوەی نەتەوە یەکگرتووەکان سورە لەسەر جێبەجێکردنی تەواوەتی بڕیاری ئەنجومەنی مافەکانی مرۆڤ لەبارەی بەرەنگاربوونەوەی رقی ئاینی کە ھاندەرە بۆ جیاکاری و توندوتیژی و ناکۆکی.

دووپاتیشیکردوەتەوە، نەتەوە یەکگرتووەکان لە رێگەی ئاژانسەکانییەوە ھانی وڵاتانی ئەندام دەدات، بە سیاسەت و یاساکانیاندا بچنەوە بۆ دیاریکردنی ئەو بۆشاییانەی لەوانەیە ئاستەنگ بن لەبەردەم رێگریکردن لە بانگەشە بۆ رقی نەتەوەیی، ئاینی، رەگەزی و سزادانی ئەنجامدەرانی.