زیلینسکی لە تۆمارێکی ڤیدیۆیدا رایگەیاند، روسەکان بە ھەموو ھەوڵیان دەیانەوێت سەربازەکانیان رابگرن و شەڕ لە ھەموو بەرەکان سەختە، بەڵام دوژمن ھەرچییەک بکات ھێزی وڵاتەکەی باڵادەستە.
ئۆکراین لە مانگی حوزەیرانەوە ھێرشی پێچەوانەی بۆ رزگارکردنی خاکەکەی لەژێر دەستی روسیا دەستپێکردووە و لە ناوچەکانی لە رۆژھەڵاتی وڵاتەکە و محیوەری باشور شەڕی سەخت بەردەوامە.
فەرماندەیی ھێزەکانی پاراستنی کەناراوەکانی تورکیا بڵاویکردەوە، لە کەناراوەکانی ئیڤانجیک لە ویلایەتی چانە قەڵا لە باکوری رۆژئاوای وڵات ٢٠ کۆچبەری ئەفغانی لە بەلەمێکدا دەستگیرکراون، لە کەناراوەکانی دەریای ئیجەش ٢٢ کۆچبەری دیکە رزگارکران کە لە نێو بەلەمێکی لاستیکیدا بوون و لەلایەن یۆناوە ناچارکرابوون بگەڕێنەوە کەناراوەکانی ناوچەی بۆدروومی سەربە ویلایەتی موگلا.
فەرماندەی ھێزەکانی پاراستنی کەناراوەکانی تورکیا ئاماژەی بەوەشکرد، لە کەناراوەکانی ویلایەتی ئیزمیر ٤٦ کۆچبەر دیکە رزگارکراون کە لەلایەن ھێزە دەریاییەکانی یۆنانەوە ناچارکرابوون بگەڕێنەوە ئاوە ھەرێمییەکانی تورکیا.
لە کەناراوەکانی ناوچەی فوچاش ١٨ کۆچبەری دیکە رزگارکران کە لە نێو بەلەمێکی لاستیکدابوون و بزوێنەرەکەی لەکارکەوتبوو.
عەمار حەمەد خەڵەف جێگری پارێزگاری بانکی ناوەندی ئاشکرایکرد، کۆمپانیاکانی ئاڵوگۆڕی دراو ھەفتانە دۆلاریان بە مەبەستی فرۆشتن بە گەشتیاران بۆ دابیندەکرێت و بۆ ھەر گەشتیارێک سێ ھەزار دۆلار بە نرخی رەسمی دابیندەکرێت.
وتیشی، ئەو کۆمپانیایانەی بۆ ئەو مەبەستە دیاریی دەکرێن، ئەوانەن کە مەرجەکانی یاسای روبەروبوونەوەی سپییکردنەوەی دراویان جێبەجێکردووە.
ئاماژەی بۆ ئەوەشکرد، سەکۆیەکی ئەلکترۆنییان دروستکردووە کە لە سەرەتای ئەمساڵەوە پەرەی پێدراوە و بانکی ناوەندی چاودێری دەکات، کە لە رێگەیەوە دۆلار بۆ بازرگانان و خاوەن پڕۆژەکانی بازرگانی بچوک و گەشتیاران دابیندەکرێت.
جێگری پارێزگاری بانکی ناوەندی راشگەیاند، بانکەکان بۆ پارەدارکردنی کەرتی تایبەت و حکومی و رەوانەکردنی دۆلار بۆیان لە رێگەی بەڵگەنامەی بانکییانەوە، بانکەکانی رافیدەین و رەشید راسپێردراون کە لە فڕۆکەخانەکان دۆلار بە نرخی رەسمی بفرۆشن.
وتیشی، ئەو کاڵایانەی دەھێنرێنە عێراقەوە دەبێت دڵنیایی بدرێت لەوەی بازرگانەکە لە رێگەی بانکی ناوەندییەوە، دۆلاری بۆ کڕینی کاڵاکەی دەستەبەرکردبێت.
دوای دوو رۆژ لە تۆمەتبارکردنی بە ھەوڵدان بۆ دەستکاریکردنی ئەنجامی ھەڵبژاردنی سەرۆکایەتی ساڵی ٢٠٢٠، دۆناڵد ترامپ چووە بەردەم دادگای فیدراڵی لە واشنتۆن و بێبەریبوونی خۆی لەو تۆمەتانە راگەیاند کە لەلایەن دادوەری دادگاکەوە ئاڕاستەی کران.
ترەمپ دوای دادگاییەکە لە فڕۆکەخانەی ریگان ئیدانەی دادگاییەکەی کرد و بە رۆژێکی خەمناک ناوی برد بۆ ئەمریکا. وتیشی، دادگاییەکە بۆ لەناوبردنی کەسێکە کە لەھەڵبژاردنە سەرەتاییەکانی پارتی کۆماری رێژەیەکی بەرز دەنگی بەدەستھێناوە و زۆر لە پێش جۆ بایدنەوەیە.
لیستی تۆمەتەکانی ترامپ لە ٤٥ لاپەڕە پێکھاتووە و ئاماژەیە بە پڕۆژەیەکی تاوانکاری، تۆمەتباری دەکات بە لاوازکردنی بنەماکانی دیموکراسییەتی ئەمریکا لە رێگەی دەستکاریکردنی ئەنجامی ھەڵبژاردنەکان کە زیاتر لە ١٥٠ ملیۆن کەس بەشدارییان تێداکرد.
ئەبو حوزەیفە ئەنساری وتەبێژی رێکخراوەکە لە تۆمارێکی دەنگیدا کە لە ھەژماری گروپە جیھادییەکان بڵاوکراوەتەوە و رایگەیاندووە، ئەبو حەسەن حسەینی قوڕەیشی، دوای رووبەرووبوونەوە لەگەڵ دەستەی تەحریری شام لە یەکێک لە ناوچەکانی ریفی ئیدلب کە ھەوڵیانداوە دەستگیری بکەن بەرگری کردووە و دوای برینداربوونی گیانیلەدەستداوە.
وتەبێژی داعش راشیگەیاندوە، ئەبو حەفسە ھاشمی قوڕەیشی کراوەتە خەلیفەی نوێی رێکخراوەکە.
سەرۆکایەتی تورکیا بڵاویکردەوە، ئەردۆغان پەیوەندییەکی تەلەفۆنی لەگەڵ پوتن ئەنجامداوە و جەختیکردوەتەوە لەسەر گرنگی دەستپێشخەری دەریای رەش کە بووەتە پردی ئاشتی و لە بەرژەوەندی ھیچ لایەک نیە بۆ ماوەیەکی درێژ پەکبخرێت.ئەردۆغان راشیگەیاندووە، لەماوەی جێبەجێکردنی رێککەوتنەکەدا نرخی دانەوێڵە بەرێژەی ٢٣% دابەزیوە، بەڵام لە دوو ھەفتەی رابردوودا بەرێژەی ١٥% بەرزبووەتەوە، راگرتنی رێککەوتنەکە وڵاتانی ھەژار دووچاری قەیرانی کەمی دانەوێڵە دەکات.
داواشی لە پوتن کرد لە ململانێکانیدا لەگەڵ ئۆکراین رەوشی دەریای رەش ئاڵۆز نەکات.
لای خۆشییەوە، سەرۆکی روسیا ئامادەیی پیشاندا رێککەوتنی ھەناردەکردنی دانەوێڵەی ئۆکراین درێژبکاتەوە بەمەرجێک پابەندییەکانیان جێبەجێبکەن. بەپێی راگەیەنراوی سەرۆکایەتی تورکیا، ھەردوو سەرۆک رێککەوتوون پوتن سەردانی تورکیا بکات.
ئۆڵف کریسترسون، سەرۆک وەزیرانی سوید رایگەیاند، لەگەڵ میت فریدریکسن ھاوتا دانیمارکییەکەی باسیان لە گرتنەبەری رێکاری پێویست کردوە بۆ رێگرتن لە سوتاندنی قورئان و کتێبە پیرۆزەکان، کە بەھۆیەوە بەرژەوەندی وڵاتەکانیان کەوتۆتە مەترسیەوە.
وتیشی، لە دوای ئەو رووداوانە رەوشی ئەمنیی وڵاتەکەیان بە شێوەیەک ئاڵۆزبووە کە لە دوای کۆتاییھاتنی جەنگی دووەمی جیھانەوە بەو شێوەیە نەبووە، ئەوەش وایکرد ھەندێک لایەن و وڵات ئەو ئاڵۆزییە بۆ بەرژەوەندی سیاسی خۆیان بەکاربھێنین.
سەرۆک وەزیرانی سوید راشیگەیاند، رێکاری پێویستیان گرتووەتەبەر بۆئەوەی چیتر رووداوی سوتاندنی قورئان و کتێبە پیرۆزەکان لە ھەردوو وڵاتدا دووبارە نەبێتەوە ئەوەش بە ئامانجی پاراستنی بەرژەوەندییەکانی وڵاتەکانیان.
حکومەتی دانیمارکیش رایگەیاند، لە ئێستادا بیردەکەنەوە لە سەپاندنی سزا بەسەر ئەو کەسانەدا کە ھەوڵدەدەن قورئان بسوتێنین.
فڕۆکەخانەی خەرتوم لە راگەیەندراوێکدا بڵاویکردەوە، بەھۆی بەردەوامی پێکدادانەکانی نێوان سوپای سودان و ھێزەکانی وەڵامدانەوەی خێرا، داخستنی کایەی ئاسمانی لەبەردەم گەشتە ئاساییەکاندا تا ١٥ی ئاب درێژکرایەوە، بەڵام ئەو گەشتانە ناگرێتەوە کە بۆ گەیاندنی ھاوکاری مرۆیی و گواستنەوەی ھاووڵاتیان ئەنجام دەدرێن.
لە مانگی نیسانی رابردووەوە، شەڕ و پێکدادان لەنێوان سوپای سودان بە سەرکردایەتی "عەبدولفەتاح بورھان" و فەرماندەی ھێزەکانی وەڵامدانەوەی خێرا بە سەرۆکایەتی "محەمەد حەمدان دقلو" دەستیپێکردووە و بەھۆیەوە ٣٩٠٠ کەس کوژراون و نزیکەی ٣ ملیۆن و ٥٠٠ ھەزار کەسیش ئاوارەبوون. تا ئێستاش ئەو ئاگربەست و نێوەندگیرییانەی راگەیەندراون، ھیچ ئەنجامێکیان لێنەکەوتووەتەوە.
پیتەر سیژارتۆ وەزیری دەرەوەی ھەنگاریا، لە میانەی دیدارێکیدا لەگەڵ ھاکان فیدان وەزیری دەرەوەی تورکیا لە شاری بوداپێستی پایتەختی ھەنگاریا رایگەیاند، رێگە بە سوکایەتیکردن بە پیرۆزییەکانی ھیچ ئاینێک نادەن و دووپاتی کردەوە، ئیدانەی بێرێزیکردن بەرامبەر سەرجەم سیمبۆل و ھێما پیرۆزەکان دەکەن.
لە بارەی پەیوەندییەکانی نێوان ھەنگاریا و تورکیاش رایگەیاند، تورکیا وەک وڵاتێکی بەھێزی ناوچەکە، جگە لە پەیوەندی ئابوورییان بۆ ئاسایشی ناوچەکە و ئەوروپاش گرنگە.
لە بەرامبەردا ھاکان فیدان وەزیری دەرەوەی تورکیا رایگەیاند، بە توندترین شێوە ئیدانەی بێرێزیکردن بە قورئانی پیرۆز دەکەن و لەو بارەیەشەوە لەگەڵ کارەکتەرانی نێودەوڵەتی و وڵاتی ئیسلامی و چەند وڵاتێکی تر لە گفتوگۆی جدیدان.
لەو بارەیەوە میدیاکانی تورکیا ئاشکرایان کردوە، تیمەکانی کەناراوەکان لە ناو بەلەمێکی لاستیکیدا ٣٤ کۆچبەریان لە ناوچەی بۆدروم لە مۆگلا دەستگیر کردوە، لە دوو رووداوی جیادا ٣٨ کەسی تر دەستگیرکراون کە لە ناو دوو بەلەمی لاستیکیدا بوون و لە نزیک ھەمان ناوچەدا بوون.
تا ئێستا ناسنامەی کۆچبەرەکان ئاشکرا نەکراوە، بەڵام رەوانەی فەرمانگەی کۆچی سەربە ویلایەتەکە کراون بە مەبەستی گرتنەبەری رێکاری یاسایی بەرامبەریان.
ئاژانسی کۆچبەرانی سەربە حکومەتی سوید رایگەیاندووە، سەلوان مۆمیکا ئەو پەنابەرە عێراقییەی مانگی رابردوو لە بەردەم مزگەوتێکی ستۆکھۆڵم قورئانی سوتاند و کاردانەوە و لێکەوتەی زۆری بە دوای خۆیدا ھێنا، مافی مانەوەی کاتی ھەیە و لە ساڵی ٢٠٢٤ مافی مانەوەکەی کۆتاییدێت.
ئاماژەی بەوەشکردووە، ئەو کاردانەوە و رووداوانەی بەھۆی سوتاندنی قورئانەوە دروستبوون، لەسەر ئاستی جیھان زیانی زۆری بە سوید گەیاند، بۆیە ئاژانسی کۆچبەران پێداچوونەوەیەکی ورد بۆ دۆسێی ئەو پەنابەرە عێراقییە دەکات بۆئەوەی مافی مانەوەکەی درێژ بکرێتەوە یان نا.
ئەنتۆنی بلینکن وەزیری دەرەەوی ئەمریکا لە پەیامێکدا بۆ محەمەد بازووم سەرۆکی لەسەرکارلابراوی نەیجەر، پشتیوانی نەگۆری ئەمریکای بۆ دووپات کردەوە و رایگەیاند، ئەو کودەتا سەربازییەی کراوە سەدان ملیۆن دۆلاری ئەو وڵاتەی خستوەتە مەترسییەوە.
بە پێی زانیارییەکانی ماتیۆ میلەر وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا، بلینکن بە تەلەفون لەگەڵ بازم قسەی کردوە و دووپاتی کردوەتەوە کە ئەمریکا بەردەوام دەبێت لەسەر زامنکردنی گەرانەوەی تەواوی سیستمی دەستووری و حوکمڕانی دیموکراسی لە نەیجەدا، لە لایەکی ترەوە رێکخراوی نەتەوەیەکگرتەوکان رایگەیاند، سەرباری ئەو کودەتا سەربازییەی کراوە بەڵام بەردەوام دەبێت لە ناردنی ھاوکارییەکان بۆ نەیجەر.
سەرۆکی روسیا لە بەرامبەر ئەو تۆمەتانەی پەیوەستن بە پەیماننامەی نەتەوەیەکگرتوەکان رایگەیاند، ھەنگاوەکانیان پێچەوانەی نییە، چونکە تەئکید لەسەر رێزگرتن لە وڵاتانی تر دەکات و ئەوانیش ھەر ئەوەیان کردوە، دووپاتیشی کردەوە، کە نابێت پەنا بۆ پێودانگی دژ بە یەک و سزای تاکلایەنە لەسەر حسابی ئەوانی تر ببرێت.
لە دوای ھێرشە وێرانکەرەکانی ئەم دواییەی رووسیا بۆسەر خاکی ئۆکراین، لەسەر ئاستی نێودەوڵەتی رەخنەی توند ئاراستەی رووسیا کرا و داوای راگرتنی ھێرشەکانی کرا.
رێکخراوی چاودێری کەشوھەوای یەکێتی ئەوروپا رایگەیاند، بەھۆی بەردەوامبوونی گەرمای زۆر لە زۆربەی ناوچەکانی جیھان، بە تایبەت لە ئەمریکای باکوور و ئەوروپا، رەنگە مانگی تەمموز ببێتە یەکێک لە گەرمترین مانگەکان و ھەموو ژمارە پێوانەییەکان دەشکێنێت.
رێکخراوی کەشناسی جیھانیش دەڵێت، ئەو کەشوھەوا توندەی لە مانگی تەمموزدا کاریگەری لەسەر ملیۆنان کەس ھەبووە، رەنگدانەوەی مەترسیداری گۆڕانی کەشوھەوایە، بەھۆی توندبوونەوەی کاریگەرییەکانی دیاردەی نینۆوە.
بەوتەی پسپۆڕانی کەشوھەوا، مانگی رابردوو گەرمترین مانگ بووە لەساڵی ١٨٥٠ ەوە تا ئێستا، شەشی ئەم مانگەش گەرمترین رۆژ بووە، بەوەش ئاماژەکان بەرەو ئەوە دەچن ئەمساڵ ژمارەی پێوانەیی گەرما بشکێنێت و شوێنی ساڵی ٢٠١٦ بگرێتەوە کە بە گەرمترین ساڵ دیاریکرابوو.
پێگەی پۆلیتکۆی ئەمریکی لە زاری شەش سەرچاوەی ئاگادارەوە بڵاویکردەوە، لەمانگی ئەیلولی ئەمساڵ تانکی ئەبرامز دەگاتە مەیدانی جەنگ لە ئۆکراین.
ئاماژە بەوەشکراوە، ئەو تانکانە لە مانگی ئابی ئەمساڵ رەوانەی ئەڵمانیا دەکرێن و کۆتا چاکسازییان تێدا دەکرێت، کە ئەو پڕۆسەیەش تەواو بوو، کاروانی یەکەم رەوانەی ئۆکراین دەکرێت، کە ژمارەیان ٦ بۆ ٨ تانکی ئەبرامز دەبێت، بە گشتیش ٣١ تانکی ئەبرامز رەوانەی ئۆکراین دەکرێت.
بەر لەوەشی ھێزەکانی ئۆکراین دەستبکەن بە بەکارھێنانی ئەو تانکانە، دەبێت مەشق و راھێنانی لەسەر بکەن، کە ئەوەش نزیکەی ١٠ ھەفتە دەخایەنێت.