ئۆڵف کریسترسون، سەرۆک وەزیرانی سوید رایگەیاند، لەگەڵ میت فریدریکسن ھاوتا دانیمارکییەکەی باسیان لە گرتنەبەری رێکاری پێویست کردوە بۆ رێگرتن لە سوتاندنی قورئان و کتێبە پیرۆزەکان، کە بەھۆیەوە بەرژەوەندی وڵاتەکانیان کەوتۆتە مەترسیەوە.

وتیشی، لە دوای ئەو رووداوانە رەوشی ئەمنیی وڵاتەکەیان بە شێوەیەک ئاڵۆزبووە کە لە دوای کۆتاییھاتنی جەنگی دووەمی جیھانەوە بەو شێوەیە نەبووە، ئەوەش وایکرد ھەندێک لایەن و وڵات ئەو ئاڵۆزییە بۆ بەرژەوەندی سیاسی خۆیان بەکاربھێنین.

سەرۆک وەزیرانی سوید راشیگەیاند، رێکاری پێویستیان گرتووەتەبەر بۆئەوەی چیتر رووداوی سوتاندنی قورئان و کتێبە پیرۆزەکان لە ھەردوو وڵاتدا دووبارە نەبێتەوە ئەوەش بە ئامانجی پاراستنی بەرژەوەندییەکانی وڵاتەکانیان.

حکومەتی دانیمارکیش رایگەیاند، لە ئێستادا بیردەکەنەوە لە سەپاندنی سزا بەسەر ئەو کەسانەدا کە ھەوڵدەدەن قورئان بسوتێنین.