موحسین دەھنەوی ئەندامی دەستەی سەرۆکایەتی پەرلەمانی ئێران لە تویتێکدا ڕایگەیاند، ئەو ھێزە پتەوەی کە ئیسڕائیل باسی دەکات، تەنھا بە مووشەکێکی کۆنی ئێران داڕما و شپرزە بووە، بەرامبەر مووشەکە نوێ و پێشکەوتووەکانی ئێران چی دەکەن.
وتیشی، ئەو مووشەکەی ئاڕاستەی وێستگەی ئەتۆمی دیمۆنا لە ئیسرائیل کرا، جۆرێکی کۆنی مووشەکی ئێران بووە.
پێشتریش سوپای ئیسرائیل ڕایگەیاندبوو، ئەو مووشەکەی ئاڕاستەی وێستگەی ئەتۆمی دیمۆنا کراوە لە دووری ٢٠٠ کم لە وێستگەکەوە، لەناو سوریاوە ئاڕاستەکراوە.
زانکۆی زانستە پزیشکییەکانی کوردستان لە پارێزگای سنە ڕایگەیاند، تا ئێستا (٧) ھەزار کەس دۆزی یەکەمی ڤاکسینیان پێدراوە، (١٢٥) ھەزار بە ساڵاچووش کە مەترسی زیاتریان لەسەرە، تا ئێستا ڤاکسینیان وەرنەگرتووە.
ڕاشیگەیاندووە، ئەگەر بە ساڵاچووان ڤاکسین وەربگرن، ڕێژەی مردن لەناو ئەو توێژە لە (٧٠٪) کەم دەکات.
تەندروستی ئێرانیش ڕایگەیاندووە، بە چەند قۆناغێک سەرجەم ھاوڵاتیانی ئێران کە تەمەنیان لە سەروو ١٨ ساڵەوەیە، ڤاکسین وەردەگرن.
ڕێکخراوی بەھاناوەچوونی ئەوروپا ڕایگەیاند، بەلەمێکی کۆچبەران کە (١٣٠) سەرنشینی تێدابووە لە کەناراوەکانی لیبیا لە دەریای ناوەڕاست ژێر ئاوکەتووە، تا ئێستا تەنھا تەرمی (١٠) کۆچبەر دۆزراونەتەوە و (١٢٠)یشیان بێسەروشوێنن.
ڕێکخراوی بەھاناوەچوونی ئەوروپا ئاماژەی بەوەشکردووە، کۆچەبەرەکان ھەوڵیانداوە بە نایاسایی بگەنە کەناراوەکانی ئەوروپا و تا ئێستاش ناسنامەی قوربانییەکان نادیارە.
(چاک شومەر) سەرۆکی دیموکراتەکان لە کۆنگرێسی ئەمریکا ڕایگەیاند، (جۆو بایدن) دەبێتە یەکەم سەرۆکی ئەمریکا کە بە ڕەسمی دانبنێت بە کۆمەڵکوژیی ئەرمنەکان وەک تاوانێکی جینۆساید، دەشڵێت سبەینێ ئەمریکا دان بەو ڕاستیەیدا دەنێت و ساڵیادی ئەو جینۆسایدە دەکاتەوە.
ساڵی (٢٠١٩)ش کۆنگرێس، بڕیارێکی بۆ بە جینۆساید ناساندنی کۆمەڵکوژی ئەرمەنەکان پەسەندکرد.
لە قامیشلۆ شەڕ و پێکدادانەکانی ئاسایشی ڕۆژئاڤا و چەکدارانی بەرگری نیشتیمانی سەر بە حکومەتی سوریا بەردەوامە و تا ئێستا ژمارەیەک کەس کوژراون و برینداربوون، (حایس جریانە) سەرۆک ھۆزی (بەنی سەعب)یش، کە گەورەترین ھۆزی عەرەبە لە ناوچەکە و بەشداری کۆبوونەوەکانی ئاگربەست بووە، بەرەبەیانی ڕۆژی ھەینی لەلایەن ژمارەیەک چەکداری نەناسراوەوە کوژرا.
(کێنیز مەکێنزی) فەرماندەی فەرماندەیی ناوەندیی ھێزەکانی ئەمریکایش ڕایگەیاند، ئەوەی لە دەستیان بێت دەیکەن بۆ ھێورکردنەوەی ڕەوشی قامیشلۆ.
وتیشی، ھێزەکانی سەر بە سوپای سوریا ھەوڵیانداوە ھەڵبکوتنە سەر کێڵگە نەوتییەکان کە سەرچاوەی داھاتی ھەسەدەن، بەڵام ئەمریکا دەستپێشخەری بە پەلەی نابێت.
کۆشکی سپی لە راگەیەنراوێکدا بڵاویکردەوە، بایدن لە پەیوەندییەکەدا جەختیکردووەتەوە لەسەر گرنگی پەیوەندیی دوو قۆڵی بونیادنەر، کە بوارەکانی ھەماھەنگی فراوان و ئیدارەدانی کارای ناکۆکییەکان بگرێتەوە.
رونیشیکردووەتەوە، ھەردوو سەرۆک رێککەوتوون لەسەر ئەنجامدانی کۆبوونەوەیەکی دوو قۆڵی لە پەراوێزی لوتکەی ناتۆ، کە بڕیارە لە مانگی حوزەیراندا بەڕێوەبچێت .
ھاوکات ئاژانسی بلومبێرگ بڵاویکردەوە، لە پەیوەندییەکەدا بایدن بە ئەردۆغانی وتووە سورە لەسەر داننان بە کۆمەڵکوژی ئەرمەنەکان.
بەرپرسانی ئەمریکا بە ئاژانسەکەیان وتووە، بایدن رۆژی شەممە راگەیەنراوێک لەیادی کۆمەڵکوژی ئەرمەنەکان بڵاودەکاتەوە و دەستەواژەی جینۆساید بۆ کۆمەڵکوژی ئەرمەنەکان بەکاردەھێنێت.
وەزیری بەرگری ڕووسیا لە وتەیەکدا بۆ سوپای وڵاتەکەی لە دوورگەی کریما ڕایگەیاند، ھاوپەیمانی ناتۆ جموجۆل و چالاکییە سەربازییەکانی بە شێوەیەکی بەرچاو لە نزیک سنورەکانی ڕووسیا زیادکردووە.
وتیشی، بە وردی چاودێری مانۆڕ و جموجۆڵە سەربازییەکان و گواستنەوەی ھێزەکانی ھاوپەیمانی ناتۆ دەکەن، بۆ وڵاتانی بەڵکان و خۆرھەڵاتی ئەوروپا و وڵاتانی ھاوسنوری ڕووسیا.
داواشی لە سوپای وڵاتەکەی کرد لە ئامادەباشی تەواودا بن بۆ ھەر ڕووداو و پێشھاتێکی چاوەڕواننەکراو.
کۆمیسۆنەکە ڕایگەیاندووە: بە پێی گرێبەستی نێوانیان، پێویست بوو تا کۆتایی مانگی شوباتی ئەمساڵ، کۆمپانیای دەرمانی (ئەسترازینکا)، حەفتا ملیۆن دۆزی ڤاکسینەکەی ڕادەستی یەکێتی ئەوروپا بکردایە، بەڵام ئەو بڕەیان بە دەست نەگەیشتووە.
سەرچاوەیەکی دیبلۆماتکاریش ئاشکرای کردووە، پەیوەندییەکانی بەریتانیا و یەکێتی ئەوروپا کاریگەری لەسەر گرێبەستەکەی (ئەسترازینکا)، ھەیە.