وەزارەتی دەرەوەی روسیا لەبارەی رێککەوتنی ھەناردەی دانەوێڵە، کە ئەمڕۆ دوای نزیکەی ساڵێک کۆتایی ھات لە راگەیەندراوێکدا بڵاویکردەوە، روسیا ئامادەیە ئەو رێککەوتنە درێژبکاتەوە، بەو مەرجەی ئەو ئەنجامەی ھەبێت کە دەیەوێت، لەوانە دابینکردنی دانەوێڵە بۆ وڵاتە ھەژارەکان، نەک تەنیا بەڵێن بێت و جێبەجێنەکرێن.
ئەوەشی خستەڕوو، گرنگە رێککەوتنی ھەناردەی دانەوێڵە درێژبکرێتەوە، چونکە لە بەرژەوەندی تەواوی وڵاتانی جیھانە، بەڵام ئۆکراین ئەو رێککەوتنە بەشێوەیەک لە شێوەکان بەکاردەھێنێت بۆ ھێرشکردنەسەر روسیا و ئەوەش قبوڵنەکراوە.
رێککەوتنی ھەناردەی دانەوێڵە لە دەریای رەشەوە، کە مانگی تەمووزی ساڵی رابردوو بەنێوەندگیری تورکیا و نەتەوە یەکگرتوەکان لە ئەستەنبوڵ لەنێوان روسیا و ئۆکراین ئەنجامدرا، لە رێگەیەوە ئۆکراین توانی زیاتر لە ٣٠ ملیۆن تۆن دانەوێڵە ھەناردەی وڵاتان بکات، مەرجی روسیاش بۆ رێککەوتنەکە ئەوەبوو لەو بڕەی ھەناردە دەکرێت، بڕێکی پێویست ھەناردەی وڵاتانی ھەژار بکرێت.
(سەعید مونتەزیر مەھدی) وتەبێژی پۆلیسی ئێران رایگەیاندوە، ھێزەکانی پۆلیس بە ئۆتۆمبێل و پیادە لە شوێنە گشتییەکاندا دەگەڕێن بۆ ئاگادارکردنەوەو سزادانی ئەو کچ و ژنانەی ملکەچی فەرمانەکان نابن و رێکارەکانی پاڵاپۆشی رەتدەکەنەوە.
دەستگیرکردنی ژینا ئەمینی کچە کوردی رۆژھەڵات لەلایەن پۆلیسی ئادابی ئێرانەوە بە پاساوی پێشێلی باڵاپۆشی و گیانلەدەستدانی لە ژێر ئەشکەنجەدا لە ١٦ی ئەیلولی رابردوو، شەپۆلێکی خۆپیشاندان بە دروشمی ( ژن- ژیان ئازادی) ئەو وڵاتەی گرتەوەو بەھۆیەوە سەدان کەس گیانیان لەدەستداو ھەزارانی تریش برینداربوون و ٧ خۆپیشاندەریش لە سێدارەدران.
بۆ کەمکردنەوەی ناڕەزاییەکانیش بوونی پۆلیسی ئاداب لە شوێنە گشتییەکان کەمکرانەوەو ژمارەیەکی زۆر لە ژنان و کچان لە تاران و شارە گەورەکان بەبێ سەرپۆش دەردەکەوتن، بەڵام لەسەرەتای ئەمساڵەوە حکومەت کۆمەڵێک رێکاری گرتووەتەبەر وەک دانانی کامێرا لە شەقامەکان بۆ سزادانی ئەو ژنانەی پاڵاپۆش نین.
ئاژانسی سانای سەر بە حکومەتی سوریا دەڵێت، دوێنێ ھێزەکانی ئەمریکا لە پارێزگای حەسەکە، ٣٥ تانکەری نەوتیان لەرێگەی خاڵی سنوری وەلیدەوە بۆ ھەرێمی باکوری عێراق گواستوەتەوە.
ئەوەشی خستوتەڕو، کاروانەکە لە ٣٥ تانکەری نەوت، ٦٥ ئۆتۆمبێل و ئامێری سەربازی کە بەشێکیان لەکارکەوتوون لەگەڵ ٢٠ ئۆتۆمبێلی ساردکەرەوە پێکھاتوون کە سەرجەمیان گوازراونەتەوە بۆ باکوری عێراق.
ئاژانسی سانا لە زاری سەرچاوەکانییەوە دەڵێت، چوار ئۆتۆمبێلی سەر بە ھێزەکانی سوریای دیموکرات -ھەسەدەش یاوەری کاروانەکە بوون و پارێزگارییان لە کاروانەکە کردووە.
لێپرسراوانی ھندستان رایانگەیاندووە، ماوەی دوو ھەفتەیە شەپۆلێکی بەھێزی بارانبارین زۆربەی ناوچەکانی ھندستانی گرتووەتەوەو بەھۆیەوە تائێستا ١٠٠ کەس گیانیانلەدەستداوە و زۆربەی خوێندنگە و زانکۆکانیش داخراون، لە شاری نیودەلھیش ژمارەیەکی زۆری خانووی دانیشتووانی شارەکە ژێرئاو کەوتوون و نزیکەی ٣٠ ھەزار خێزانیش ئاوارەبوون و ماڵ و خانووەکانیان زیانی زۆری بەرکەوتووە.
حکومەتی کۆریای باشوور رایگەیاندووە، لە رۆژی نۆی ئەم مانگەوە شەپۆلێکی بەھێزی بارانبارین چەند ناوچەیەکی کۆریای باشووری گرتووەتەوە و بووەتە ھۆی دروستبوونی لافاوێکی بەھێز و تائێستاش حەو کەس گیانلەدەستداوە و دوو کەسیش بێسەروشوێنن و لەچەند ناوچەیەکیش بەھۆی داڕووخانی زەوییەوە ژمارەیەکی زۆر لە ھاوڵاتیان گیریان خواردووە، تیمەکانیش بەھۆی بەھێزی لافاوەوە ناتوانن بەھانایانەوە بچن و نزیکەی حەوت ھەزار کەسیش ناچاربوون ماڵەکانیان چۆڵ بکەن.
ئاژانسی ئەنادۆڵ بڵاویکردەوە، لە رێگەی نێوان سێواس-ئەرزنجان پێکدادان لە نێوان بارھەڵگرێک و تاکسییەک روویداوە و شۆفێری تاکسییەکە و سێ سەرنشین گیانیانلەدەستداوە، سەرنشینێکی تریش بە سەختی بریندار بووە.
ئەو خێزانەی لە ناو تاکسییەکەدا بوون، لە پشویەک لە ئەنتاڵیا گەڕاونەتەوە و ویستویانە بە تاکسی بگەڕێنەوە بۆ ماڵەوە.
فەرماندەیی ئاسایشی کەناراوەکانی تورکیا لە راگەیەندراوێکدا بڵاویکردەوە، دوای ئەوەی ئاگادارکراونەتەوە لە بوونی ژمارەیەک کۆچبەری نایاسایی لە بەلەمێکی بچووکدا لە کەناراوەکانی سەر بە پارێزگای ئزمیر، توانیوویانە بگەنە ناوچەکە و ٢٢ کۆچبەر رزگاربکەن، کە لەلایەن یۆنانەوە ناچارکرابوون بگەڕێنەوە بۆ ئاوە ھەرێمییەکانی تورکیا.
لەلایەکی دیکەوە،١٢ کۆچبەری نایاسایی دیکە لە ھەمان ناوچەی تورکیا لەلایەن ھێزەکانی کەناراوەکانی تورکیاوە دەستگیرکراون و رادەستی فەرمانگەی کۆچ لە پارێزگای ئزمیر کراون، بۆ ئەوەی رێکارەکانیان بەرامبەر بگیرێتەبەر.
ئیریک دوبۆند مۆریتی وەزیری دادی فەرەنسا رایگەیاند، رێگە بەھیچ کەس نادرێت لەژێر ھیچ پاساوێکدا ئاھەنگەکانی رۆژی نیشتمانی تێکبدات، ھەر کەسێک کاری ئاژاوەگێڕی بکات رێکاری یاسایی توندی لە دژی دەگیرێتەبەر.
دوای خۆپیشاندانەکانی ھەفتەی رابردووی فەرەنسا کە دژی کوشتنی گەنجێک سەرتاسەری ئەو وڵاتەی گرتووەتەوە، حکومەت بۆ رێگری لە ھەر کارێکی توندوتیژی لە رۆژی نیشتمانیدا ١٣٠ ھەزار پۆلیس و کارمەند و یەکەی زرێپۆشی لە شارەکاندا بڵاوکردوەتەوە، تەنھا لە پاریسی پایتەخت ١٠ ھەزار پۆلیس جێگیرکراون بڕیاریشە ئیمانوێل ماکرۆن وتارێک پێشکەش بکات.
ئۆرسۆلا ڤۆندێرلاین سەرۆکی کۆمیسیۆنی ئەوروپا رایگەیاندووە، رێککەوتنی ھەناردەکردنی دانەوێڵەی ئۆکراین لە ١٧ی ئەم مانگە کۆتایی دێت بۆ دۆزینەوەی رێگەچارەیەکی گونجاویش یەکێتی ئەوروپا و رێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان لە برۆکسل لە کۆبوونەوەدان کە لە رۆژی پێنجشەممەوە دەستیپێکردووە و ئێوارەی ئەمڕۆ کۆتایی دێت، جەختیشیکردەوە، بەرپرسیارێتی درێژنەکردنەوەی رێککەوتنی ھەناردەکردنی دانەوێڵەی ئۆکراین دەکەوێتە ئەستۆی پوتن کە دەبێتە ھۆی نەمانی ئاسایشی خۆراک لە جیھاندا.
لە بەرامبەریشدا ڤلادیمیر پوتن سەرۆکی روسیا رایگەیاندووە، یەکێتی ئەوروپا و نەتەوە یەکگرتووەکان لە کۆبوونەوەکانیاندا بەھیچ شێوەیەک داواکارییەکانی مۆسکۆیان لەبەرچاو نەگرتووە و تائێستا لە چوارچێوەی رێککەوتنی ھەناردەکردنی دانەوێڵەی ئۆکراین مەرجەکانی روسیا جێبەجێنەکراوە، بۆیە پێدەچێت لە رێککەوتنەکە بکشێنەوە.
رەجەب تەیب ئەردۆغان سەرۆککۆماری تورکیا لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند، مانگی داھاتوو ڤلادیمێر پۆتن سەردانی تورکیا بکات و ئامادەکارییەکانیان بۆ پێشوازیکردن لە سەرۆکی روسیا دەستپێکردووە.
ئەوەشی خستەڕوو، لەگەڵ پۆتن چەند پرسێک تاوتوێ دەکەن، لەوانە دوایین بەرەوپێشچوونەکان لە جەنگی ئۆکراین و درێژکردنەوەی رێککەوتنی گواستنەوەی دانەوێڵەی ئۆکراین.
سەرۆککۆماری تورکیا وتیشی، لەگەڵ پۆتن ھاوڕان بۆ درێژکردنەوەی رێککەوتنی گواستنەوەی دانەوێڵە لە دەریای رەشەوە، کە پێشتر بەنێوەندگیری ئەمریکا لەنێوان روسیا و ئۆکراین رێککەوتن کراوە.
ئەکیم شتاینەرفی سەرۆکی پرۆگرامی گەشەپێدان سەربە رێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان رایگەیاندووە، لە ماوەی سێ ساڵی رابردوودا بەھۆی لێکەوتە و کاریگەرییەکانی ڤایرۆسی کۆرۆناو جەنگی ئۆکراین و بەرزبوونەوەی نرخی خۆراک، زیاتر لە ١٦٥ ملیۆن کەس لە جیھاندا کەوتوونەتە ژێر ھێڵی ھەژارییەوە.
ئاماژەی بەوەشکردووە، لە کۆی ئەو ١٦٥ ملیۆن ھەژارەی سێ ساڵی رابردوو، ٧٥ ملیۆنیان داھاتی رۆژانەیان تەنھا دوو دۆلار و ١٥ سەنت بووە، ٩٠ ملیۆنیشیان داھاتی رۆژانەیان سێ دۆلار و ٦٥ سەنت بووە.
ڤلادیمێر پوتن سەرۆکی روسیا لە چاوپێکەوتنێکدا رایگەیاند، کاریگەری مووشەکەکانی رۆژئاوا لە جەنگی ئۆکراین یەکلاکەرەوە نییە و پێدانی چەکی نوێ بە کیێڤ تەنھا رەوشی ئەو وڵاتە ئاڵۆزتر دەکات، ناکۆکییە نێودەوڵەتییەکانیش قوڵتر دەکاتەوە.
دووپاتیشیکردەوە، ئەندامێتی ئۆکراین لە ناتۆ دەبێتە ھەڕەشە لەسەر ئاسایشی روسیا، کە بەوتەی پوتن ھەر ئەوەش ھۆکاربووە بۆ دەستپێکردنی ئۆپراسیۆنی سەربازی تایبەت بۆ سەر دراوسێکەیان.
سەرۆکی روسیا، ئامادەیی وڵاتەکەشی پیشاندا بۆ درێژکردنەوەی رێککەوتنی دانەوێڵە ئەگەر لایەنەکانی تر پابەندی بەڵێنەکان بن.
ڤۆلۆدیمیر زیلینسکی سەرۆکی ئۆکراین لە راگەیەندراوێکدا بڵاویکردەوە، رەجەب تەیب ئەردۆغان سەرۆککۆماری تورکیا پێی راگەیاندووە، ئۆکراین نزیکتر دەبێتەوە لە بوون بە ئەندامی ھاوپەیمانی ناتۆ.
ئەوەشی خستەڕوو، لە لوتکەی ناتۆ ئۆکراین بنەمایەکی ئەمنی پێکھێناوە و ھەنگاوێک لە بوون بە ئەندامی ناتۆ نزیکبووەتەوە، ئەوەش یەکەمجارە دوای جیابوونەوەی لە یەکێتی سۆڤیەت روودەدات.
سەرۆکی ئۆکراین ئاماژەی بەوەشدا، لە لوتکەی ناتۆ توانیویانە پاڵپشتی چەک لەنێویاندا مووشەکی بەرگری ئەسمانی، مووشەکی بالیستی، زرێپۆش و تۆپخانە بۆ ئۆکراین بەدەستبھێنن، وتیشی سەرکردەکانی ناتۆ گومانەکانیان لەسەر ئەندامبوونی ئۆکراین نەماوە و سەرجەمیان رەزامەندییان نیشانداوە.
ھەرچەندە سێ رۆژ لەمەوبەر رەجەب تەیب ئەردۆغان سەرۆککۆماری تورکیا لە لوتکەی ناتۆ رایگەیاند، داواکاریی سوید بۆ بوون بە ئەندام لە ناتۆ ئاراستەی پەرلەمانی وڵاتەکەی دەکات کە بڕیارە مانگی ١٠ی داھاتوو کۆببێتەوە، بەڵام ئەمرۆ دادگای باڵای سوید رەتیکردەوە دوو داواکراو رادەستی ئەو وڵاتە بکاتەوە، کە ئەنقەرە پێی وایە ئەو دوو کەسە سەر بە گروپی فەتحوڵا گویلەنن و تۆمەتبارن بە ھەوڵی کودەتاکەی ساڵی ٢٠١٦.
تورکیا رایگەیاندوە، ئەو دوو کەسە کە مافی پەنابەرییان لە سوید ھەیە، ئەپڵیکەیشنێکیان بەناوی فەتحوڵا گویلەن دروستکردووە و ئەندامانی ئەو گروپە بەکاریان ھێناوە.
دادگای باڵای سویدیش رایگەیاندوە، دروستکردنی ئەپڵیکەیشتنێک بەتەنھا ئاماژەنیە بۆ پەیوەندی ئەو دوو کەسە بە گروپی گولەنەوە، کە بە پێی یاسای بەرەنگاربوونەوەی تیرۆری سوید گروپێکی قەدەغەیە.
ڤالێری چیرشین وتەبێژی سوپای ئۆکراین رایگەیاند، بۆمبی ھێشوویی گەیشتووەتە کیێڤ و ئێستا لە دەستی ھێزە بەرگرییەکانی ئۆکرایندایە، وتیشی، ئەو چەکە گۆڕانکاریی ریشەیی لە مەیدانی جەنگدا دژی روسیا بەی دەھێنێت.
ھاوکات دۆگلاس سیمیز بەڕێوەبەری ئۆپراسیۆنەکان لە دەستەی ئەرکانی ھاوبەشی ئەمریکا، گەیشتنی ئەو چەکەی بە دەستی سوپای ئۆکراین پشتڕاستکردەوە.
ھەرچەندە سوپای ئۆکراین جەختدەکاتەوە تاکو ئێستا ئەو چەکەیان لە دژی ھێزەکانی روسیا بەکارنەھێناوە، بەڵام سوپای روسیا دەڵێت، ئۆکراین ئەو چەکەی لە ھەرێمی دۆنباس و بەتایبەت لە شاری دۆنێتسک بەکارھێناوە.
رۆژی حەوتی ئەم مانگە جۆ بایدن سەرۆکی ئەمریکا رایگەیاند، بۆمبی ھێشوویی رادەستی سوپای ئۆکراین دەکەن.
ناردنی بۆمبی ھێشوویی بۆ ئۆکراین لەلایەن ئەمریکاوە لەکاتێکدایە، نزیکەی ١٠٠ وڵاتی جیھان بەکارھێنانی ئەو چەکەیان قەدەغە کردووە، لەناویاندا ژمارەیەک ھاوپەیمانیی ئەمریکا ھەن.
لاڤرۆڤ لە چاوپێکەوتنێکدا رایگەیاند، ئەمریکا و مانگە دەستکردەکانی ناتۆ ھەڕەشەی رووبەرووبوونەوەی سەربازی راستەوخۆیان دروستکردووە.
وتیشی، فڕۆکەی ئێف ١٦ کە توانای ھەڵگرتنی چەکی ئەتۆمی ھەیە، بەدەستھێنانی لەلایەن ئۆکراینەوە دەبێتە ھەڕەشەیەکی ئەتۆمی لەسەر وڵاتەکەی.
جەختیشیکردەوە، کاری لە پێشینەی وڵاتەکەی ئاشتییە لەگەڵ ئەوەشدا بەھەر رێگایەک بێت بەرگری لەخۆی دەکات.
بەرنامەی ھاوبەشی نەتەوەیەکگرتوەکان تایبەت بە نەخۆشی ئایدز رایگەیاندوە، کۆتایی ھێنان بە نەخۆشی ئایدز بەرلە ھەموو شتێک بژاردەیەکی سیاسی و داراییە، لەوانەیە لەم دەیەدا بتوانن سەرکەوتوو بن لە کۆتایی ھێنان بە نەخۆشییەکە.
وینی بیانیما بەڕێوەبەری جێبەجێکاری بەرنامەکە رایگەیاندووە، گەورەترین پێشکەوتن لەبارەی ڤایرۆسی کەمی بەرگری کەدەبێتە ھۆی نەخۆشی ئایدز لەو وڵات و ناوچانە دەبینرێت کە لەو بوارەدا بە فراوانی وەبەھێنان کردووە.
رونیشیکردوەتەوە، بەرەو پێشچوونی بەرچاو لە رۆژھەڵات و باشوری کیشوەری ئەفریقا بەدیدەکرێت، بەجۆرێک رێژەی توشبوون بە نەخۆشییەکە بەراورد بە ساڵی ٢٠١٠ لەسەدا ٥٧ کەمیکردووە.
نەتەوەیەکگرتوەکان لە ساڵی ٢٠١٥ ئامانجی کۆتایی ھێنانی بە نەخۆشی ئایدز دیاریکردوە و لە رێگەی وەبەرھێنان و ھەڵمەتەکانی کوتان، دەیەوێت تا ساڵی ٢٠٣٠ کۆتایی بە نەخۆشی ئایدز بھێنێت.