وەزارەتی دەرەوەی روسیا لەبارەی رێککەوتنی ھەناردەی دانەوێڵە، کە ئەمڕۆ دوای نزیکەی ساڵێک کۆتایی ھات لە راگەیەندراوێکدا بڵاویکردەوە، روسیا ئامادەیە ئەو رێککەوتنە درێژبکاتەوە، بەو مەرجەی ئەو ئەنجامەی ھەبێت کە دەیەوێت، لەوانە دابینکردنی دانەوێڵە بۆ وڵاتە ھەژارەکان، نەک تەنیا بەڵێن بێت و جێبەجێنەکرێن.

ئەوەشی خستەڕوو، گرنگە رێککەوتنی ھەناردەی دانەوێڵە درێژبکرێتەوە، چونکە لە بەرژەوەندی تەواوی وڵاتانی جیھانە، بەڵام ئۆکراین ئەو رێککەوتنە بەشێوەیەک لە شێوەکان بەکاردەھێنێت بۆ ھێرشکردنەسەر روسیا و ئەوەش قبوڵنەکراوە.

رێککەوتنی ھەناردەی دانەوێڵە لە دەریای رەشەوە، کە مانگی تەمووزی ساڵی رابردوو بەنێوەندگیری تورکیا و نەتەوە یەکگرتوەکان لە ئەستەنبوڵ لەنێوان روسیا و ئۆکراین ئەنجامدرا، لە رێگەیەوە ئۆکراین توانی زیاتر لە ٣٠ ملیۆن تۆن دانەوێڵە ھەناردەی وڵاتان بکات، مەرجی روسیاش بۆ رێککەوتنەکە ئەوەبوو لەو بڕەی ھەناردە دەکرێت، بڕێکی پێویست ھەناردەی وڵاتانی ھەژار بکرێت.