حكومەتی بەریتانیا بەمنزیكانە ئەفسەر رەوانەی عیراق و هەرێمی كوردستان دەكات، بۆ رێگریكردن لە كۆچی نایاسایی و روبەڕوبوونەوەی قاچاخچییەكان.


رۆژنامەی زە ناشناڵ بڵاویكردووەتەوە لە هەوڵێكدا بۆ چارەسەركردنی تۆڕەكانی قاچاخچی كە لە كەناڵی ئینگلیز كاردەكەن، بەمنزیكانە بەریتانیا ئەفسەر رەوانەی عیراق و هەرێمی كوردستان دەكات، چونكە عیراقییەكان ژمارەیەكی زۆری ئەو كۆچبەرانە پێكدەهێنن كە پارە دەدەن بۆ تێپەڕاندنی كەناڵی ئینگلیز بە بەلەمی بچوك بۆ گەیشتن بە بەریتانیا، ئەوەش لەچوارچێوەی رێكارەكانی كەیر ستارمەر سەرۆك وەزیرانی بەریتانیا بۆ رێگریكردن لە كۆچی نایاسایی. 


بەپێی رۆژنامەكە، ئەو ئەفسەرانە بە سیفەتی نێودەوڵەتی كاردەكەن بۆ چارەسەركردنی ئەو كێشەیە لە بنەڕەتەوە.


رۆژنامەكە راشیگەیاندووە، قاچاخچییەكانی هەرێمی كوردستان و عیراق لەم چەند ساڵەی كۆتاییدا زۆرترین كۆچبەریان گواستووەتەوە، یەكێك لە كەسە سەرەكییەكانیش لەمساڵدا دەستگیركرا كە ناوی بەرزان مەجید بووە و بە دووپشك ناسرابوو، لەلایەن دادگای بەلژیكاوە سزای زیندانی ١٠ ساڵی بەسەردا سەپێندرا.

 
بەپێی ئامارەكانی وەزارەتی ناوخۆی بەریتانیا، ئەمساڵ ٣١ هەزار و ٩٤ كۆچبەری نایاسایی بە بەلەمی بچووك كەناڵی ئینگلیزیان تێپەڕاندووە، كە ئەو ژمارەیە ١٦% زیاترە لە ساڵی رابردوو، كە لەو ساڵەدا ٢٦ هەزار و ٦٩٩ كۆچبەر ئەو رێگەیەیان تێپەڕاندبوو.