سوپای ئۆکراین: بۆمبی ھێشووییمان بەدەستگەیشت
ئایار
١٣ی تەمووزی ٢٠٢٣
١٬٩٦١
ڤالێری چیرشین وتەبێژی سوپای ئۆکراین رایگەیاند، بۆمبی ھێشوویی گەیشتووەتە کیێڤ و ئێستا لە دەستی ھێزە بەرگرییەکانی ئۆکرایندایە، وتیشی، ئەو چەکە گۆڕانکاریی ریشەیی لە مەیدانی جەنگدا دژی روسیا بەی دەھێنێت.
ھاوکات دۆگلاس سیمیز بەڕێوەبەری ئۆپراسیۆنەکان لە دەستەی ئەرکانی ھاوبەشی ئەمریکا، گەیشتنی ئەو چەکەی بە دەستی سوپای ئۆکراین پشتڕاستکردەوە.
ھەرچەندە سوپای ئۆکراین جەختدەکاتەوە تاکو ئێستا ئەو چەکەیان لە دژی ھێزەکانی روسیا بەکارنەھێناوە، بەڵام سوپای روسیا دەڵێت، ئۆکراین ئەو چەکەی لە ھەرێمی دۆنباس و بەتایبەت لە شاری دۆنێتسک بەکارھێناوە.
رۆژی حەوتی ئەم مانگە جۆ بایدن سەرۆکی ئەمریکا رایگەیاند، بۆمبی ھێشوویی رادەستی سوپای ئۆکراین دەکەن.
ناردنی بۆمبی ھێشوویی بۆ ئۆکراین لەلایەن ئەمریکاوە لەکاتێکدایە، نزیکەی ١٠٠ وڵاتی جیھان بەکارھێنانی ئەو چەکەیان قەدەغە کردووە، لەناویاندا ژمارەیەک ھاوپەیمانیی ئەمریکا ھەن.