(سەعید مونتەزیر مەھدی) وتەبێژی پۆلیسی ئێران رایگەیاندوە، ھێزەکانی پۆلیس بە ئۆتۆمبێل و پیادە لە شوێنە گشتییەکاندا دەگەڕێن بۆ ئاگادارکردنەوەو سزادانی ئەو کچ و ژنانەی ملکەچی فەرمانەکان نابن و رێکارەکانی پاڵاپۆشی رەتدەکەنەوە.

دەستگیرکردنی ژینا ئەمینی کچە کوردی رۆژھەڵات لەلایەن پۆلیسی ئادابی ئێرانەوە بە پاساوی پێشێلی باڵاپۆشی و گیانلەدەستدانی لە ژێر ئەشکەنجەدا لە ١٦ی ئەیلولی رابردوو، شەپۆلێکی خۆپیشاندان بە دروشمی ( ژن- ژیان ئازادی) ئەو وڵاتەی گرتەوەو بەھۆیەوە سەدان کەس گیانیان لەدەستداو ھەزارانی تریش برینداربوون و ٧ خۆپیشاندەریش لە سێدارەدران.

بۆ کەمکردنەوەی ناڕەزاییەکانیش بوونی پۆلیسی ئاداب لە شوێنە گشتییەکان کەمکرانەوەو ژمارەیەکی زۆر لە ژنان و کچان لە تاران و شارە گەورەکان بەبێ سەرپۆش دەردەکەوتن، بەڵام لەسەرەتای ئەمساڵەوە حکومەت کۆمەڵێک رێکاری گرتووەتەبەر وەک دانانی کامێرا لە شەقامەکان بۆ سزادانی ئەو ژنانەی پاڵاپۆش نین.