"ئەلکساندەر لاڤرینتیڤ" نێردەی تایبەتی سەرۆکی روسیا لە سوریا رایگەیاند، کارەکان بۆ ئاساییکردنەوەی پەیوەندییەکانی نێوان سوریا و تورکیا بە چڕوپڕی بەڕێوەدەچن، لەگەڵ کۆتاییھاتنی کارەکانیش، وادەی کۆبوونەوەی "رەجەب تەیب ئەردۆغان" سەرۆک کۆماری تورکیا و "بەشار ئەسەد" سەرۆکی سوریا، رادەگەیەنن.

نێردەی سەرۆکی روسیا وتیشی، چەند ئاستەنگێک ھەن لەبەردەم ئاساییکردنەوەی پەیوەندییەکانی نێوان ئەنقەرە و دیمەشق، وەک بوونی سەربازی تورکیا لە خاکی سوریا و پەیوەندییەکانی تورکیا لەگەڵ گروپە چەکدارەکانی ناوچەکە، بەڵام ھیچ خاوبوونەوەیەک نییە لە نێوەندگیری روسیا بۆ نزیککردنەوەی ئەو دوو وڵاتە.