رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیا، لە ھاوینە ھەواری "سوچی" لەگەڵ "ڤلادیمیر پوتن" ھاوتا روسیەکەی کۆدەبێتەوە و چەندین تەوەر تاوتوێدەکەن، کە گرنگترینیان باسکردن دەبێت لە داھاتووی گەرانەوەی مۆسکۆ بۆ رێککەوتنی دانەوێڵەی ئۆکراین کە کاریگەری ھەیە لەسەر ئاسایشی خۆراک لە جیھاندا.
ھەر لە کۆبونەوەکەدا بریارە باس لە چەند تەوەرێکی دیکەش بکرێت لەوانە، پڕۆژەی گواستنەوەی غازی روسیا بۆ ئەوروپا لە رێگای تورکیاوە، ئاڵوگۆڕی دیلەکان لە نێوان مۆسکۆ کیێڤ و دۆسیەی سوریا.
سەرۆکی ئۆکراین لە پەیامێکدا رایگەیاندوە، رێزنیکۆڤ زیاتر لە ٥٥٠ ڕۆژی لە جەنگی وڵاتەکەیدا بەسەر بردووە و کاتە ئەوەیە کە گۆڕانکاریی لە سوپادا بکرێت.
ئاماژەی بۆ ئەوەش کردوە، ڕوستەم ئۆمیرۆڤ، وەک وەزیری بەرگری نوێی ئۆکراین دەستبەکاردەبێت و چاوەروانی ئەوەش دەکات کە پەرلەمانی ئۆکراین پشتیوانی لە کانیدەدە نوێیەکەی بۆ پۆستی وەزیری بەرگری بکات.
ئۆلێکسی ڕێزنیکۆڤ کە لە کارکەی دوور خراوەتەوە، لە تشرینی دووەمی ساڵی ٢٠٢١ەوە وەک وەزیری بەرگری کاری کردووە، ھەروەھا ڕۆڵی ھەبووە لە دەستخستنی سەدان ملیار دۆلار لە ھاوکارییە سەربازییەکانی خۆرئاوا کە بۆ پشتیوانیکردن لە ئۆکراینییەکان پێشکەشیان کردوە.
فادیم کۆلیت، جێگری بەڕێوەبەری ناوەندی ئاشتەوایی روسیا لە سوریا لە راگەیەنراوێکدا باسی لەوەکرد، چوار فڕۆکەی ھاوپەیمانی نێودەوڵەتی بەسەرۆکایەتی ئەمریکا، دوو ئامانجیان لە پارێزگای حمسی سوریا بۆردومانکردووە.
ئەوەشی خستوەتەڕو، بۆردومانەکان لەرێگەی فڕۆکەی جەنگی ئێف ١٦ و ئێف ٣٥ەوە ئەنجام دراون و فڕۆکەکان لە بنکەی تەنەفەوە ھاتوونەتە حمس و بۆردومانەکانیان ئەنجامداوە.
ناوەندی ئاشتەوایی روسیا لە سوریا دەڵێت، ھاوپەیمانی نێودەوڵەتی بەو رەفتارانەی ناوەڕۆکی ئەو لێکتێگەیشتنەی پێشێلکردووە کە ساڵی ٢٠١٧ لەگەڵ مۆسکۆدا ئیمزای کردووە و تایبەتە بە کەمکردنەوەی گرژییەکان لە باشوری سوریا.
میدیاکانی تورکیا بڵاویانکردووەتەوە، ئۆتۆمبێلێکی بارھەڵگر کە لمی بارکردووە لەناوچەی ھوناز لەسەر رێگای سەرەکی ئەفیون لە سنوری پارێزگای دەنیزلی، بەھۆی تیژڕەوییەوە کۆنترۆڵی لە دەستداوە و خۆی کێشاوە بە پاسێکدا کە ژمارەیەکی زۆر سەرنشینی تێدابووە کە ھەموویان کەسوکاری یەکترن و لە ئاھەنگێکی ھاوسەرگیریی دەگەڕانەوە.
ئاماژەیان بەوەشکردووە، لە ئەنجامی رووداوەکەدا شەش سەرنشینی پاسەکە گیانیانلەدەستداوە و ٤٣ی تریش برینداربوون.
رێکخراوی مافی مرۆڤی ھەنگاو رایگەیاند، لە مانگی رابردوودا ٧٤ بەندکراو لە زیندانەکانی رۆژھەڵاتی کوردستان ئێران لە سێدارەدراون، بەپێی ئەو ئامارەش بەراوورد بە مانگی تەمموز ١٣ حاڵەتی لە سێدارەدان زیادیکردووە.
ئاماژەی بەوەشکردووە، لەماوەی مانگی ئابدا، لەو ژمارەیە ٥٣ بەندکراو بە تۆمەتی بازرگانیکردن بە ماددە ھۆشبەرەکان لەسێدارە دراون، ١٥ حاڵەتیش بەھۆی کوشتنی بەئەنقەستەوە بووە.
رێکخراوەکە ئەوەشی خستووەتەڕوو، مانگی رابردوو، ١٦ بەندکراوی بەلوچ و ١٠ بەندکراوی کورد و ھەشت بەندکراوی تورک و سێ ئەفغانی لە ئێران سێدارە دراون.
ئیوانیس ئەرتۆبیوس وتەبێژی بەرگری شارستانی یۆنان رایگەیاند، لەکاتی گەڕان لە گوندەکانی جیانولی و دادیا لەناوچەی ئیفروس لە باکوری رۆژھەڵاتی وڵات، ٢٥ کۆچبەری عێراقی و سوری و لوبنانییان دۆزیوەتەوەو گواستراونەتەوە بۆ شوێنێکی تر.
وتیشی، ھەموو کۆچبەرەکان لە رەگەزی نێرن و ژمارەیەکیان دەستگیرکراون.
ماوەی دوو ھەفتەیە ئاگری دارستانەکانی ناوچەی ئیفروسی یۆنان بەردەوامەو تا ئێستا لانی کەم ٢٠ کەس گیانیان لەدەستداوە و جگەلە یەک حاڵەتیان سەرجەمیان کۆچبەر بوون و لە تورکیاوە بەڕێکەوتوون و لە دارستانەکاندا خۆیان شاردوەتەوە.
فیریت خوجە نێردەی ھەمیشەیی ئەلبانیا لە رێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان کە ئەم مانگە وڵاتەکەی سەرۆکایەتی ئەنجومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی دەکات رایگەیاند، بڕیارە ٢٠ ئەم مانگە کۆبوونەوەیەکی ئەنجومەنی ئاسایش تایبەت بە رەوشی ئۆکراین بەڕێوەبچێت و ڤۆلۆدیمیر زیلینسکی سەرۆکی ئەو وڵاتەش دەگاتە نیویۆرک و ئامادەی کۆبوونەوەکە دەبێت.
وتیشی، چاوەڕوان دەکرێت ڤۆلۆدیمیر زیلینسکی سەرۆکی ئۆکراین لە پەراوێزی کۆبوونەوەکەی ئەنجومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتیدا لەگەڵ ئەنتۆنیۆ گۆتێرێس سکرتێری گشتی رێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان و ژمارەیەک لە نێردەی وڵاتان کۆببێتەوە.
وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا لە راگەیەندراوێکدا ئاماژەی بەوە کردوە، کۆنگرێس رەمەزاندی داوە لەسەر گرێبەستێکی سەربازیی کە لە نێوان ئەمریکا و بولگاریا ئیمزا کراوە و بەھاکەی زیاتر لە یەک ملیار و ٥٠٠ ملیۆن دۆلارە و تایبەتە بە فرۆشتنی ١٨٣ زرێپۆش و بڕێکی زۆر چەکی سوک و کەرەستەی سەربازیی بە بولگاریا.
لە بەرامبەریشدا وەزارەتی دەرەوەی روسیا رایگەیاندووە، ئەمریکا ھەموو ھەوڵێک دەدات بۆ ئەوەی زیان بە روسیا بگەیەنێت، بەڵام تائێستا شکستیھێناوە لەسەرجەم ئەو ھەوڵانەی و پێدانی زرێپۆش و چەک و کەرەستەی سەربازیش بە بولگاریا و ھەوڵێکی ترە کە ئەویش پوچەڵ دەبێتەوە و ھیچ ئەنجامێکی نابێت.
رۆژنامەی وەتەنی سوری بڵاویکردووەتەوە، لە ناوچەی دۆڵی رەبیعە سەر بە پارێزگای لازقیە لە سوریا، ھێزێکی سوپای سوریا کەوتووەتە ناو بۆسەی گرووپێکی تیرۆریستیی سەربە بەرەی نوسرە، شەڕ و پێکدادانێکی قورس روویداوە و بەھۆیەوە ١٦ سەربازی سوپای سوریا کوژران و پێنجی تریش برینداربوون.
ئاماژەی بەوەشکردووە، ھەرچەندە ھێزێکی تری سوپای بۆ ھاوکاریکردنی ئەو ھێزەی کەوتوونەتە بۆسەکەوە گەیشتوونەتە شوێنی رووداوەکە، بەڵام پێش گەیشتنیان چەکدارەکان بەرەو ناوچەیەکی نادیار ھەڵاتوون.
ئاژانسی گەردوونی روسیا بڵاویکردەوە، وڵاتەکەی مووشەکی سارمات کە مووشەکێکی بالیستی پێشکەوتووی کیشوەربڕە دەخاتە خزمەتی سەربازییەوە، بەبێ ئەوەی وردەکاری زیاتر بخاتەڕوو.
موشەکی سارمات یەکێکە لەو مووشەکانەی پوتن لە ساڵی ٢٠١٨ پەرەپێدانی راگەیاندو توانای ھەیە کڵاوەی ئەتۆمی ھەڵبگرێت و بشگۆڕدرێت بۆ مووشەکی بالیستی کیشوەر بڕی ( ئاڕ ٣٦) ، ناتۆش بە شەیتان ناوی دەبات.
پێشتر ڤلادیمێر پوتن سەرۆکی روسیا لە بارەی مووشەکەکەوە ئاماژەی بەوەکردوو، ئەو جۆرە موشەکە وا لە دوژمنەکانی روسیا دەکات دووجار بیربکەنەوە.
بەڕێوەبەرایەتی بودجەی کۆشکی سپی لە ڕاگەیەنراوێکدا رایگەیاندووە، روونە لە مانگی داھاتوودا درێژکردنەوەی کورتخایەن پێویست دەبێت.
کارین ژان پیێر، وتەبێژی کۆشکی سپی رایگەیاند، پێویستە بودجەی ئەو پرۆگرامانە دابین بکەن کە بۆ ئەمریکییەکان گرنگن و پێداویستی بەپەلەیان بۆ دابین بکەن، ئاماژەی بەوەشکرد، بەبێ دەنگدانی خێرا بەرنامەکانی ھاوکاری خۆراک رادەگیرێن.
لە ئێستادا کۆنگرێسی ئەمریکا دابەش بووە، بەو پێیەی دیموکراتەکان کۆنترۆڵی ئەنجومەنی پیران دەکەن، لەکاتێکدا ئەنجومەنی نوێنەران لەلایەن کۆماریەکانەوە کۆنترۆڵکراوە.
میدیاکانی فەرەنسا ئاشکرایانکرد، گابریل ئاتال وەزیری پەروەردەی ئەو وڵاتە رایگەیاندووە، تەنیا پێشوازی لەو خوێندکارانە دەکرێت کە بەرپرسیارێتی بریارەکانی حکومەت لە ئەستۆ دەگرن. باسلەوەشکراوە، عەلمانیەتی فەرەنسی یەکێکە لە بەھا سەرەکییەکان کە لە خوێندنگەکانی فەرەنسادا پەیڕەو دەکرێت و رێگە بە باڵا پۆشی خوێندکارە کچەکان نادرێت.
لە کاردانەوەیەکیشدا ژان لوک مێلینشۆن سیاسەتمەداری ناسراوی چەپی فەرەنسی بە توندی رەخنەی لە بڕیارەکە گرت و داوای لە بەرپرسان کرد، خۆیان لە وروژاندنی ململانێی ئایینی بەدوور بگرن.
ھاوکات ئەو بڕیارەی وەزیری پەروەردەی فەڕەنسا، پارتە چەپەکانی فەرەنسای دابەشکردوە بەسەر دوو بەرەدا و بەرەیەکیان زۆر بە توندی دژی بریارەکەن و بە پێشێلکردنی ئازادییەکانی وێنای دەکەن و بەرەکەی دیکەش پشتیوانی لێدەکەن.
عەلی شەعبانی یاریدەدەری پارێزگاری کرماشان بە ئاژانسی ئێرنای سەر بە حکومەتی ئێرانی راگەیاند، ھێلیکۆپتەرێک کە عەمید مەھدی حاجیان فەرماندەی ھێزەکانی ئاسایشی ناوخۆی کرماشان و چوار کەسی تری ھەڵگرتووە، کە دووانیان فڕۆکەوان بوون، لە بەرزاییەکان داڵاھۆ کەوتووەتە خوارەوە.
راشیگەیاند، بەھۆی رووداوەکەوە فەرماندەی ھێزەکانی ئاسایشی ناوخۆی کرماشان و دووان لە یاریدەدەرەکانی و ھەردوو فڕۆکەوانەکە برینداربوون، بەڵام سەرجەمیان لە ژیاندان و گواستراونەتەوە بۆ نەخۆشخانە.
لەکاردانەوەی زنجیرە کودەتاکەی چەند مانگی رابردووی کیشوەری ئەفریقا گۆتێرێس بە رۆژنامەنوسانی راگەیاند، حکومڕانی ژمارەیەکی زۆر لە وڵاتان رووبەڕووی ئاستەنگی قوڵ بوەتەوە، بەڵام حکومەتی سەربازی کێشەکان زیاتر دەکات و ناتوانێت چارەسەریان بکات.
گۆتێرێس داواشی لە وڵاتان کرد سیستمی دیموکراسی متمانە پێکراو و دەوڵەتی یاسا بونیادبنێن.
ئاژانسی فرانس پرێسی فەڕەنسی، بڵاویکردەوە، بێن واڵاس وەزیری بەرگریی بەریتانیا، بە رەسمی دەستە لەکار کێشانەوەی پێشکەشی ریشی سوناک سەرۆک وەزیرانی وڵاتەکەی کردووە و رایگەیاندووە، لە گۆڕانکارییە وەزارییەکانی کابینەی حکومەتی بەریتانیادا، پۆستەکەی بەجێدەھێڵێت.
ھەرچەندە حکومەتی بەریتانیا بە رەسمی ھیچ لێدوانێکی لەبارەی ئەو بابەتە نەداوە، بەڵام میدیاکانی بەریتانیا، چەند ناوێکیان وەک جێگرەوەی واڵاس بڵاوکردووەتەوە، لەوانەش جەیمس ھیپی وەزیری ھێزە چەکدارەکان و جۆن گلێن سکرتێری یەکەمی وەزیری گەنجینە و گرانت شاپس وەزیری وزەی بەریتانیا.
بێن واڵاس ساڵی ١٩٧٠ لە دایکبووە، لە ساڵی ٢٠١٩وە بووەتە وەزیری بەرگریی بەریتانیا، پێشتریش لە ماوەی ٢٠١٦ بۆ ٢٠١٩، وەزیری دەوڵەت بووە بۆ کاروباری ئاسایش.
نیکبەخت رۆژی ٢٩ی ئەم مانگە لە دادگای شۆڕشی ئیسلامی ئێران لە تاران لەسەر تۆمەتی بڵاوکردنەوەی پروپاگەندە دژی کۆماری ئیسلامی دادگایی کرا، سەبارەت بە دادگاییەکەی بە دەنگی ئەمریکای راگەیاندووە، یەکەم رۆژی دادگایکردنەکە بەشێوەیەکی ناتەواو کۆتاییھاتووە و دادوەر بەھیچ شێوەیەک رێگەی بەرگریکردنی بە پارێزەرەکەی نەداوە لەبەرئەوەی گومانی لەسەر دۆسیەکە ھەبووەو داوای کردووە شارەزایەکی وەزارەتی ئیتڵاعات قسەی لەسەر کات و دواتر بڕیاری لەسەر دەدرێت.
وتیشی، ئەو سکاڵایەی لەسەریەتی پەیوەندیدارە بە زنجیرەیەک چاوپێکەوتن لەگەڵ میدیاکان و نۆ لەو چاوپێکەوتنانەی لە چوارساڵی رابردوودا ئەنجامی داون لە دۆسیەکەدا لە دژی خراونەتەڕوو.
ساڵح نیکبەخت جەختیشیکردەوە، تۆمەتەکان بێبنەمان و پەیوەندی ھەیە بە وەرگرتنی دۆسیەی بنەماڵەی ژینا ئەمینی.
ھاوکات رێکخراوی مافی مرۆڤی کوردستان رایگەیاندووە، پێدەچێت تۆمارکردنی سکاڵا لە دژی ساڵح نیکبەخت پەیوەندی بەوەوە ھەبێت کە تائێستا رەتیکردوەتەوە لێکۆڵینەوەکانی کۆمیسیۆنی پزیشکی دادی ئێران سەبارەت بە گیانلەدەستدانی ژینا ئەمینی قبوڵ بکات.