بەپێی ئەو کارنامەیەی بڵاوکراوەتەوە، کۆبوونەوەکەی ئەنجومەنی نوێنەران سەعات یەکی پاش نیوەڕۆ دەستپێدەکات و شەش بڕگە لەخۆدەگرێت و تێیدا، دەنگ لەسەر پڕۆژەیاسای ھەمواری یاسای باری کەسێتی ساڵی ١٩٥٩ دەدات.
ھەروەھا لە کۆبوونەوەکەدا دەنگدان لەسەر پڕۆژەیاسای گەڕانەوەی خاوەندارێتی موڵک و ماڵ بۆ خاوەنەکانیان لەخۆدەگرێت، کە بەپێی پڕۆژەیاساکە هەشت بڕیاری ئەنجومەنی سەرکردایەتی رژێمی بەعسی پێشوو ھەڵدەوەشێنرێنەوە کە لەنێوان ساڵانی ١٩٧٥ بۆ ١٩٧٩ دەرکراون بۆ دەستبەسەرداگرتنی زەوی جوتیاران لە سنوری کەرکوک و ناوچە جێناکۆکەکان.
ھاوکات ئەنجومەنی نوێنەران، تاوتوێ پڕۆژەیاسای خوێندنی باڵای ئەھلی و تەواوکردنی خوێندنەوەی یەکەم بۆ پڕۆژەیاسای فڕۆکەوانی مەدەنی دەکات.
بەپێی ئەو كارنامەیەی بڵاوكراوەتەوە، بڕیاربوو كۆبوونەوەكە سەعات یەكی پاش نیوەڕۆ دەستپێبكات بەڵام تا ئێستا دەستیپێنەكردووە و چەند جارێك زەنگی چوونە ژوورەوەی ئەندامان لێدراوە، بەڵام رێژەی یاسایی تەواو نەبووە.
بەپێی كارنامەكەش، كۆبوونەوەكە شەش بڕگە لەخۆدەگرێت و بڕیارە دەنگ لەسەر پڕۆژەیاسای هەمواری یاسای باری كەسێتی ساڵی ١٩٥٩ دەدات. هەروەها لە كۆبوونەوەكەدا دەنگدان لەسەر پڕۆژەیاسای گەڕانەوەی خاوەندارێتی موڵك و ماڵ بۆ خاوەنەكانیان لەخۆدەگرێت، كە بەپێی پڕۆژەیاساكە هەشت بڕیاری ئەنجومەنی سەركردایەتی رژێمی بەعسی پێشوو هەڵدەوەشێنرێنەوە كە لەنێوان ساڵانی ١٩٧٥ بۆ ١٩٧٩ دەركراون بۆ دەستبەسەرداگرتنی زەوی جوتیاران لە سنوری كەركوك و ناوچە جێناكۆكەكان.هاوكات ئەنجومەنی نوێنەران، تاوتوێ پڕۆژەیاسای خوێندنی باڵای ئەهلی و تەواوكردنی خوێندنەوەی یەكەم بۆ پڕۆژەیاسای فڕۆكەوانی مەدەنی دەكات.
سەرچاوەیەكی حكومی لە پارێزگای نەینەواوە رایگەیاند، كاروانێكی نوێی خێزانەكانی داعش كە ژمارەیان لەنێوان 150 بۆ 180 خێزاندایە، لە كەمپی هۆلەوە دەگوازرێنەوە كەمپی جەدعە لە باشوری شاری موسڵ.
بەپێی سەرچاوەكە، گواستنەوەی ئەو خێزانانە ئەم هەفتەیە یاخود هەفتەی داهاتوو دەبێت و هەماهەنگی زۆر لەنێوان هێزە ئەمنییەكان كراوە، بۆ وردبینیكردن لە دۆسیە ئەمنییەكانیاندا.
تائێستا زیاتر لە 20 هەزار عیراقی لە كەمپی هۆل دەژین، عیراقیش هەوڵی داخستنی ئەو كەمپە دەدات، كە دەیان هەزار ژن و منداڵی تیرۆریستانی داعشی لەخۆگرتووە.
كەمپی هۆل دەكەوێتە باشوری شاری حەسەكە لە رۆژئاوای كوردستان و لەژێر كۆنترۆڵی هێزەكانی سوریای دیموكراتدایە.
لەما موسا بەڕێوەبەری گشتی كۆمپانیای بازارگانی ماددە خۆراكیەكان لە وەزارەتی بازرگانی عیراق رایگەیاند، باخیرەیەك گەیشتە عیراق لە رێگەی بەندەری ئوم قەسرەوە كە بر تایلەندی و دۆشاوی تەماتە و ماشی لەخۆی گرتبوو.
دەشڵێت، نمونە لەو ماددە خۆراكیانە وەرگیراوە و پشكنینیان بۆ كراوە دوای دڵنیابوونەوە وەرگیراون و لە ئێستاشدا لەگەڵ لقەكانی كۆمپانیا لە سەرجەم پارێزگاكان كاردەكرێت بۆ دابەشكردنی حەوتەمین بەشەخۆراكی مانگانەی ئەمساڵ.
وتیشی، بەشی كۆنتڕۆڵی جۆری بەدواداچون بۆ چۆنیەتی كۆگاكردنی ماددەكان دەكات بۆ دڵنیابوونەوە لە سەلامەتیان.
محەمەد شیاع سودانی لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ رۆژنامەی بلۆمبێرگی ئەمریکی رایگەیاندووە، وڵاتەکەی سورە لەسەر کشانەوەی ھێزەکانی ئەمریکا و ھاوپەیمانان لە وڵاتەکەی لەکاتێکی دیارکراودا، کە لە چەندین بۆنەی جیادا ئەوان ئەوەیان دووپاتکردووەتەوە، وتیشی دیاریکردنی کاتی کشانەوەی ئەو ھێزانە لەدوای ھەڵبژاردنی سەرۆکایەتی ئەمریکا کە بڕیارە لە ٥ تشرینی دووەم بەڕێوەبچێت دیاریدەکرێت.
سەرۆک وەزیرانی عیراق راشیگەیاند، کشانەوەی ئەو ھێزانە تاکو ساڵی ٢٠٢٦ درێژەی دەبێت، لە پەیوەندی راوێژکارییەوە دەگۆڕیت بۆ پەیوەندی تەنھا نێوان دوو وڵات.
عەلی سەعدون لامی ئەندامی ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق رایگەیاند، بە پشتبەستن بە بڕگەی حەوتنی ماددەی ٦١ی دەستور و ماددەی ٥٠ی پەیڕەوی ناوخۆی ئەنجومەنی نوێنەران، نوسراوێکیان بە ژمارەیەکی زۆر ئیمزای پەرلەمانتارانەوە ئاراستەی سەرۆکایەتی ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق کردووە بۆئەوەی بڕیارێک دەربکرێت بە مەبەستی کەمکردنەوەی نوێنەرایەتییە دیبلۆماسییەکانی ئەمریکا لە عیراق دەکەن.
وتیشی، لە نوسراوەکەدا داوایان لە سەرۆکایەتی ئەنجومەنی نوێنەران کردووە وەڵامی دواکارییەکەی موقتەدا سەدر رێبەری رەوتی نیشتیمانی شیعە بدەنەوە کە داوای کەمکردنەوەی نوێنەرایەتییە دیبلۆماسییەکانی ئەمریکای لە عیراق کردووە، لەبەرئەوەی ئەو وڵاتە بەردەوامە لە پشتیوانیکردنی ئیسرائیل لە جەنگی غەززە.
خاڤیێر کۆلۆمینا یاریدەدەری سکرتێری گشتی ناتۆ بۆ کاروباری سیاسی و ئاسایش رایگەیاند، لەگەڵ کشانەوەی ھێزەکانی ئەمریکا لە عیراق ھاوپەیمانێتیەکە دەیەوێت ژمارەی سەربازەکانی لە عیراق زیاد بکات.
دەشڵێت، لە ئێستادا نزیکەی ٦٠٠ سەربازیان لە عیراق ھەیە و ناتۆ دەیەوێت ئەو ژمارەیە زیاد بکات ئەوەش وەکو قەرەبویەک بۆ کشانەوەی ھێزەکانی ئەمریکا لە وڵاتدا بۆ ئەوەی بۆشایی دروست نەبێت.
وتیشی، لەگەڵ لێپرسراوانی عیراق دەستیان بە گفتوگۆ کردووە بۆ زیادکردنی ژمارەی ھێزەکانیان.
نرخی نەوتی قورسی بەسرە رۆژی ھەینی لەکاتی داخستنی بۆرسە ٤٩ سەنت بەرزبووەوە و ھەر بەرمیلێکی بە ٦٩.٣٩ دۆلار مامەڵەی پێوەکرا، بەوەش لەماوەی ھەفتەی رابردوودا بەڕێژەی ٢.٩٢%. بەرزبووەتەوە.
ھەروەھا نرخی نەوتی خاوی بەسرە بۆ ٧٢.٣٩ دۆلار بەرزبووەوە و بەھەمان شێوە لەماوەی ھەفتەی رابردوودا بەڕێژەی ٢.٩٢%. بەرزبووەتەوە.
بەرزبوونەوەی نرخی نەوتی بەسرە ھاوکات بوو لەگەڵ بەرزبوونەوەی نرخی نەوت لەسەر ئاستی جیھان، بەھۆی کەمکردنەوەی رێژەی سود لەلایەن ئەمریکا و پاشەکشکەی ئاستی کۆگاکردنی نەوت لەسەر ئاستی جیھان.
نوسینگەی راگەیاندنی سەرۆک وەزیرانی عیراق رایگەیاند، سودانی لە کۆبوونەوەی کۆمەڵەی گشتی نەتەوەیەکگرتووەکان وتەیەک پێشکەش دەکات و تێیدا جەختدەکاتەوە لەسەر پتەوکردنی ھاریکاریی و بەرەنگاربوونەوەی ئاڵنگارییەکان.
ئاماژەی بەوەشکردووە، سودانی زنجیرەیەک دیدار و گفتوگۆ لەگەڵ سەرکردەی وڵاتان ئەنجام دەدات، سەرباری کۆبوونەوە لەگەڵ سکرتێری گشتی نەتەوەیەکگرتووەکان و ژمارەیەک لێپرسراوی رێکخراو و دەستە نێودەڵەتییەکان.
کۆبوونەوەی کۆمەڵەی گشتی نەتەوەیەکگرتووەکان رۆژی سێشەممە ٢٤ی ئەم مانگە دەستپێدەکات و تا کۆتایی ئەم مانگە دەخایەنێت.
بەشی پێشبینییەکانی کەشناسی وبومەلەرزەزانی لە وەزارەتی گواستنەوەی ھەرێم رایگەیاند، ئەمڕۆ ئاسمان لە نێوان نیمچە ھەور بۆ ھەوری تەواو دەبێت، پێشبینی بارینی نمە باران و تاوە باران دەکرێت بەتایبەتی لە پاریزگای دھۆک و ناوچە شاخاوییەکانی سەر بە پارێزگای ھەولێر، لە پارێزگای سلێمانی و کەرکوک و ھەڵەبجەش ئاسمان پەڵە ھەور و نیمچە ھەور دەبێت.
راشیگەیاندوە، رۆژی یەکشەممەش، ئاسمان ساماڵ دەبێت لەگەڵ دروستبوونی ھەندێ پەڵە ھەوری جیاجیا، نمەباران لە ناوچە شاخاوییەکان دەبارێت.
ھاوکات کەشناسی عیراق رایگەیاند، سبەینی لەناوچەکانی ناوەڕاست و باشوری عیراق ئاسمان ساماڵ و پەڵە ھەور دەبێت و لەناوچەکانی ھەرێمی کوردستان باران دەبارێت.
دەشڵێت، بەرزترین پلەی گەرما لە نەجەف و موسەننا و بەسرە تۆماردەکرێت کە ٤٣ پلەیە.
رۆژنامەی وۆڵ ستریت جۆرناڵی ئەمریکی لەزاری لێپرسراوانی سەربازی ئەمریکاوە ئاشکرایکردووە، تا مانگی ئەیلولی داھاتوو سەدان سەربازی ھاوپەیمانان و ئەمریکا کە لە بنکە سەربازییەکان لە بەغداد و ڕۆژئاوای عیراق دەکشێنەوە، تا کۆتایی ساڵی دواتریش ھێزەکانیان لە شاری ھەولێر دەکشێنەوە.
لێپرسراوێکی باڵای ھاوپەیمانان بە رۆژنامەکەی وتووە، ھێڵکاری پلانی کشانەوەکە تەواو بووە، بەڵام ھەندێک وردەکاری کۆتایی ماوە کە پەسەند بکرێت، بەتایبەت لەگەڵ وڵاتانی تری ھاوپەیمانان.
وتیشی ھەفتەی داھاتوو وادەی ڕاگەیاندنی کشانەوەکە ئاشکرا دەکرێت، ھەرچەندە بڕیاربوو وادەکە زووتر رابگەیەنرێت.
رۆژنامەکە بە پشت بەستن بە وتەی لێپرسراوانی باڵای سەربازی ھەردوولا ئاماژەی بەوە کردووە، تەنانەت لە دوای ساڵی ٢٠٢٦یشەوە، پێدەچێت ھێزێکی کەمی ئەمریکا بەسیفەتی ڕاوێژکاری و بۆ پشتیوانی لۆجستی بۆ سەربازە ئەمریکییەکان کە بنکەکانیان لە سوریایە، بەپێی ڕێککەوتنێکی نوێی ئەمنی دوولایەنە، بمێننەوە.
ھەفتەی رابردوو محەمەد شیاع سودانی سەرۆک وەزیرانی عیراق لە چاوپێکەوتنەکەیدا لەگەڵ ئاژانسی بلومبێرگی ئەمریکی ئاماژەی بەوەکردبوو، لە کۆنگرەی نێودەوڵەتی ھاوپەیمانان دژی داعش وادەی کۆتایی ھێنان بە ئەرکی سەربازی ھێزەکانی ھاوپەیمانان رادەگەیەنن.
باسی لەوەشکردبوو، بۆ تێکەڵنەکردنی پرسەکان راگەیاندنی ئەنجامی گفتوگۆکانیان دواخستووە بۆ کۆنگرەی ھاوپەیمانی نێودەوڵەتی دژی داعش کە بڕیارە لەم مانگەدا لە واشنتن بەڕێوەبچێت.
دەستەی دەستپاکی عیراق لە راگەیەندراوێکدا ئاماژەی بەوە کردووە، دادگای تاوانەکانی بەرەنگاربوونەوەی گەندەڵی بە غیابی سزای دە ساڵ زیندانیکردن و غەرامەکردنی ١٠ ملیۆن دیناری بۆ سەرۆکی پێشووی ئەنجومەنی بەڕێوەبەری فڕۆکەخانەی نەجەف فائید کازم شەممەری و سێ لە ئەندامی ئەنجومەنی کارگێڕی ئیدارەی پێشوو دەرکردووە.
دەشڵێت، سزادراوەکان پێشێلکارییان لە گرێبەستی ئامادەکردنی دیزاین بۆ دروستکردنی ڕێڕەوی نوێی فڕین بۆ فڕۆکەخانەی نەجەف و بەربەستەکانی ئەنجامداوە.
دەستەی دەستپاکی باسی لەوەشکردووە، گرێبەستی پرۆژەکە بە بەھای ٧١ ملیۆن و ٩٨٩ ھەزار ھەزار دۆلار بووە و تەندرەکەی بۆ کۆمپانیایەکی نزیک لە سەرۆکی پێشووی ئەنجومەنی بەڕێوەبەری فڕۆکەخانە دەرچووەو بانگەوازی ئاشکرای بۆ نەکراوە، ئەوەش یەکێکە لە گەندەڵییە دیارەکانی پرۆژەکە.
مستەفا حەمید بەڕێوەبەری راگەیاندنی کاروباری مین لە وەزارەتی ژینگەی عیراق رایگەیاند، لەکۆی زیاتر لە شەش ھەزار کیلۆمەتر چوارگۆشە زەوی مین رێژکراو لە عیراق، چوار ھەزار کیلۆمەتریان پاککراونەتەوە.
ئەوەشی خستەڕوو، دوو ھەزار بۆ دوو ھەزار و ٢٦٠ کیلۆمەتر چوارگۆشە زەوی مین رێژکراو لە عیراق ماوە پاکبکرێنەوە و لەئێستادا تیمەکانیان کار لەسەر پاککردنەوەی ٤٠٠ بۆ ٤٥٠ کیلۆمەتر چوارگۆشەی زەوی مین رێژکراو دەکەن.
راشیگەیاند، لیژنەیەک بە ئەندامێتی نوێنەرانی وەزارەتەکانی بەرگری و کاروباری مین و نەوت و کۆمپانیا نەوتییەکان پێکھێنراوە، بۆ تاوتوێکردنی دۆسیەی ئەو زەوییە مین رێژکراوانەی بوونەتە بەربەست بۆ راکێشانی بۆری نەوت و دۆزینەوەی چارەسەری گونجاو بۆیان.
عەدنان جوحەیشی، سەرۆکی لیژنەی بەرەنگاربوونەوەی ماددەی ھۆشبەر و کارتێکەرە عەقڵییەکان لە ئەنجومەنی نوێنەران داوای لە سەرجەم دامودەزگاکانی دەوڵەت کرد کار بکەن بۆ کەمکردنەوەی دیاردەی ماددە ھۆشبەرەکان و دەڵێت، ھەمواری یاساکە گەیشتووەتە قۆناغی کۆتایی و بەمزووانە دەنگی لەسەر دەدرێت.
ئاماژەی بەوەش کردووە، ھەموارکردنی یاساکە چوار تەوەری لەخۆگرتووە، گرنگترینیان توندکردنەوەی سزاکان لەسەر بازرگانان و بەکارھێنەرانی ماددە ھۆشبەرەکان، ھەروەھا زیادکردنی ژمارەی کلینیکەکان لە سەرجەم پارێزگاکان و پەرەپێدانی بەرنامەی پەروەردەیی قوتابخانەکان و گۆڕینی بەڕێوەبەرایەتییەکانی بەرەنگاربوونەوەی مادەی ھۆشبەر بۆ دەزگایەکی تایبەت.
بەپێی ئامارەکان، ژمارەی ئەو کەسانەی کە تۆمەتبارن بە بازرگانیکردن و بەکارھێنانی ماددە ھۆشبەرەکان لە عیراق لە ساڵی ٢٠٢٠وە تا نیوەی یەکەمی ئەمساڵ گەیشتووەتە نزیکەی ٦٠ ھەزار کەس.
ئەلینا رۆمانۆسکی، باڵیۆزی ئەمریکا لە عیراق لە راگەیەندراوێکدا بڵاویکردەوە، لە رۆژی جیھانی ئاشتیدا، ھۆشداری دەدەن لە بەردەوامبوونی ھەڕەشە و مەترسییەکان بۆ سەر ئاسایش و سەقامگیری و سەروەری عیراق.
راشیگەیاند، پابەندن بە کارکردن شانبەشانی ھاوتاکانیان لە حکومەتی عیراق و کۆمەڵگەی مەدەنی، بۆ بەدیھێنانی عیراقێکی ئارام و ئاوەدان بۆ نەوەکانی داھاتوو.
کۆمەڵەی مانگی سوری عیراقی لە راگەیەندراوێکدا ئاماژەی بەوەکردووە، کاروانێکی تری ھاوکاری بۆ نەخۆشخانەکانی لوبنان ئامادەکراوە و لە رێگەی فرۆکەی ھێزەکانی عیراقەوە نێردراوە.
وتیشی، پێداویستیەکان جۆراوجۆرن و رۆڵیان دەبێت لە چارەسەرکردنی بریندارەکانی تەقینەوەکانی ھەفتەی رابردوو و چەند پێداویستیەکیش بۆ چاودێری چڕ و گواستنەوەی نەخۆشەکان دابینکراون.
ئەمە سێھەمین کاروانی ھاوکاری عیراقە کە بۆ لوبنانی دەنێرێت و ١٨ و ١٩ی ئەم مانگەش عیراق بە دوو کاروان ٤٠ تۆن پێداویستی پزیشکی رەوانەی لوبنان کرد.
رۆژی ١٧ی ئەم مانگە بەھۆی تەقینەوەی ئامێری پەیجەر لە لوبنان نزیکەی سێ ھەزار کەس برینداربوون، زیاتر لە ٢٧ کەسیش کوژران کە زۆرینەیان ئەندامانی حزبوڵای لوبنانن.