رۆژنامەی وۆڵ ستریت جۆرناڵی ئەمریکی لەزاری لێپرسراوانی سەربازی ئەمریکاوە ئاشکرایکردووە، تا مانگی ئەیلولی داھاتوو سەدان سەربازی ھاوپەیمانان و ئەمریکا کە لە بنکە سەربازییەکان لە بەغداد و ڕۆژئاوای عیراق دەکشێنەوە، تا کۆتایی ساڵی دواتریش ھێزەکانیان لە شاری ھەولێر دەکشێنەوە.

لێپرسراوێکی باڵای ھاوپەیمانان بە رۆژنامەکەی وتووە، ھێڵکاری پلانی کشانەوەکە تەواو بووە، بەڵام ھەندێک وردەکاری کۆتایی ماوە کە پەسەند بکرێت، بەتایبەت لەگەڵ وڵاتانی تری ھاوپەیمانان.

وتیشی ھەفتەی داھاتوو وادەی ڕاگەیاندنی کشانەوەکە ئاشکرا دەکرێت، ھەرچەندە بڕیاربوو وادەکە زووتر رابگەیەنرێت.

رۆژنامەکە بە پشت بەستن بە وتەی لێپرسراوانی باڵای سەربازی ھەردوولا ئاماژەی بەوە کردووە، تەنانەت لە دوای ساڵی ٢٠٢٦یشەوە، پێدەچێت ھێزێکی کەمی ئەمریکا بەسیفەتی ڕاوێژکاری و بۆ پشتیوانی لۆجستی بۆ سەربازە ئەمریکییەکان کە بنکەکانیان لە سوریایە، بەپێی ڕێککەوتنێکی نوێی ئەمنی دوولایەنە، بمێننەوە.

ھەفتەی رابردوو محەمەد شیاع سودانی سەرۆک وەزیرانی عیراق لە چاوپێکەوتنەکەیدا لەگەڵ ئاژانسی بلومبێرگی ئەمریکی ئاماژەی بەوەکردبوو، لە کۆنگرەی نێودەوڵەتی ھاوپەیمانان دژی داعش وادەی کۆتایی ھێنان بە ئەرکی سەربازی ھێزەکانی ھاوپەیمانان رادەگەیەنن.

باسی لەوەشکردبوو، بۆ تێکەڵنەکردنی پرسەکان راگەیاندنی ئەنجامی گفتوگۆکانیان دواخستووە بۆ کۆنگرەی ھاوپەیمانی نێودەوڵەتی دژی داعش کە بڕیارە لەم مانگەدا لە واشنتن بەڕێوەبچێت.