عەوادی: هەموو رێوشوێنێك دەگرینەبەر بۆ سنورداركردنی گروپە چەكدارەكان
کەژان
٢٢ی تشرینی دووەمی ٢٠٢٤
١٤
وتەبێژی حكومەتی عیراق دەڵێت، هەموو رێوشوێنێك دەگرنەبەر بۆ سنورداركردنی گروپە چەكدارەكان و بەتوندی وەڵامی هەر هێرشێك دەدەنەوە كە لەلایەن ئیسرائیلەوە بكرێتەسەریان.
باسم عەوادی وتەبێژی حكومەتی عیراق بە كەناڵی سكای نیوزی راگەیاند، وڵاتەكەیان ڕووبەڕووی هەڕەشەی ئەمنی جددی بووەتەوە لەلایەن ئیسرائیلەوە، لەدوای پەرەسەندنی گرژی و ئاڵۆزییەكانی ناوچەكە.
وتیشی ئەو هەڕەشانەی ئیسرائیل لە كاتێكی هەستیاردا دێن، لەكاتێكدا حكومەتی عیراق هەوڵێكی زۆر دەدات بۆ كۆنترۆڵكردنی ئەو گروپە چەكدارانەی كە هەوڵدەدەن خاكی عیراق بۆ هێرشكردنە سەر ئیسرائیل بەكاربهێنن.
باسم عەوادی جەختیكردەوە، حكومەتی عێراق ئامادەیە هەموو ڕێوشوێنێكی پێویست بگرێتەبەر بۆ سنوورداركردنی دەسەڵاتی گروپە چەكدارەكان.
دەشڵێت عیراق پاساو بۆ هێرشكردنە سەر خاكەكەی لە هیچ بارودۆخێكدا قبوڵ ناكات و وڵاتەكەیان بە توندی وەڵامی هەر هێرشێكی لەو جۆرە دەداتەوە.
لەچەند رۆژی رابردوودا ئیسرائیل یاداشتێكی ئاڕاستەی ئەنجومەنی ئاسایشی نەتەوەیەكگرتووەكان كرد و داوای لێكرد فشاری بخاتە سەر بۆ راگرتنی هێرشی گروپە چەكدارەكان بۆ سەر ئیسرائیل، عیراقیش یاداشتەكەی بە بیانوو بۆ هێرشكردنە سەر عیراق لەلایەن ئیسرائیلەوە ناوبرد.