كۆنسێرتی ژمارەیەك هونرمەندی كورد لەچەند شارێكی توركیا هەڵوەشێنراونەتەوە
هادی
٢٢ی تشرینی دووەمی ٢٠٢٤
٢٣
لە چەند شارێكی توركیا رێگە نادرێت هونەرمەندانی كورد كۆنسێرت سازبكەن و كۆنسێرتەكانیان هەڵوەشێنراوەتەوە.
پەیامنێری كوردسات نیوز رایگەیاند، لەماوەی ئەم مانگەدا كۆنسێرتی ژمارەیەك هونرمەندی كورد لەچەند شارێكی توركیا بەتایبەت ئەو شارانەی كە سەرۆك شارەوانییەكانیان سەر بە ئەكەپە و جەهەپەن هەڵوەشێنراونەتەوە.
وتیشی لە ٨ی ئەم مانگە كۆنسێرتەكەی هونەرمەند رۆژدا شەنسێس لە ئیستەنبوڵ بەبێ هیچ هۆكارێك هەڵوەشێنراوەتەوە، هەروەها كۆنسێرتەكەی هونەرمەند دڵن رۆنی لە ناوەندی ڕۆشنبیری شاری شیشلی هەڵوەشێنراوەتەوە.
پەیامنێری كوردسات نیوز باسی لەوەشكرد، لە 15ی ئەم مانگەش، كۆنسێرتەكەی ئازاد بێران لە هۆڵی شارەوانی ئەنتالیا موراتپاشا بە بیانوی كۆبونەوە لە هۆڵەكە هەڵوەشێنراوەتەوە، هەروەها ئیلكای ئەكای هونەرمەندیش رایگەیاندوە، كۆنسێرتەكەی لە بورسا عوسمانغازی لەلایەن قایمقامیەتی قەزاكە قەدەغە كراوە.