هاوپەیمانی بەڕێوەبردنی دەوڵەت لە بەغداد بە ئامادەبوونی سەرۆك بافڵ جەلال تاڵەبانی كۆبوەوە و موچەی فەرمانبەرانی هەرێمیش تەوەرێكی كۆبونەوەكە بوو.
هاوپەیمانی بەڕێوەبردنی دەوڵەت لە بەغداد بە ئامادەبوونی بافڵ جەلال تاڵەبانی سەرۆكی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان و سەرۆكی هەرێمی كوردستان كۆبووەوە و لە راگەیەندراوێكیشدا ئاماژەی بەوەكردووە، هیچ هەڵوێستێكی سیاسی لە پشت دۆسێی موچەی فەرمانبەرانی هەرێمی كوردستانەوە نییە و بابەتەكە تەنها هونەرییە و سیاسی نییە، دەتوانرێت لە رێگەی لێكتێگەیشتن و دانووستانەوە چارەسەری گونجاوی بۆ بدۆزرێتەوە.
ئاماژەی بەوەشكردووە، لە كۆبونەوەكەدا جەختكراوەتەوە لەسەر پێویستی پشتیوانیكردنی حكومەتی عیراق بۆ ئەو چاكسازییە دارایی و ئابوورییەی دەستیپێكردووە لە پێناو سەقامگیری دارایی و ئابووری.
راشیگەیاندووە، پێویستە عیراق خۆی بەدور بگرێت لە كێشە و ململانێ سیاسی و ئەمنییە هەرێمی و نێودەوڵەتییەكان لە پێناو پاراستنی بەرژوەندییەكانی عیراق.
د. لەتیف رەشید سەرۆک کۆماری عیراق پێشوازیکرد لە عەتوان عەتوانی سەرۆکی لیژنەی دارایی پەرلەمان و گرنگی چارەسەری ڕیشەیی و جددی لە چوارچێوەی دەستوور سەبارەت بە کێشە هەڵپەسێردراوەکانی نێوان حکومەتی فیدراڵی و حکومەتی هەرێمی کوردستان دوپاتکردەوە.
لە میانی دیدارەکەدا ئەمڕۆ یەکشەممە 12-1-2025 لە کۆشکی بەغداد بەڕێوەچوو، باس لە ئاستەنگە ئابوورییەکانی بەردەم وڵات و چۆنیەتی چارەسەرکردنیانکرا، لەوبارەیەوە سەرۆک کۆمار ئاماژەیکرد بە پێویستی کاراکردنی ڕۆڵی چاودێریی لیژنەی دارایی و بەدواداچوونکردن بۆ رێکخستنی میکانیزمەکانی خەرجکردنی باجی دارایی بۆ دامەزراوەکانی دەوڵەت بە شێوەیەکی دادپەروەرانە و گونجاو، هەروەها باس لە چۆنیەتی مامەڵەکردن لەگەڵ ئەو دامەزراوانە کرا بە پێی یاسا و ڕێساکانی کارپێکراو بە شێوەیەک کە خزمەت بە بەرژەوەندیی گەلی عێراق و گەلەکەی بکات.
سەرۆک کۆمار گرنگی چارەسەری ڕیشەیی و جددی لە چوارچێوەی دەستوور سەبارەت بە کێشە هەڵپەسێردراوەکانی نێوان حکومەتی فیدراڵی و حکومەتی هەرێمی کوردستان دوپاتکردەوە بە شێوەیەک کە مافی هاوڵاتیان بپارێزێت بە فەرمانبەران و خانەنشینەوە لە سەرتاسەری وڵاتدا.
سەرۆک کۆمار جەختیکردەوە لەسەر سەقامگیری ئابووری و ئەمنی و دابینکردنی ژیانێکی شایستە بۆ هاووڵاتیان و چڕکردنەوەی هەوڵەکان بە ئاراستەی کارکردن بۆ بەرەنگاربوونەوەی گەندەڵی و داخستنی ئەو بوارانەی کە گەندەڵی دروست دەکات و ڕەخساندنی دەرفەتی کار بۆ بێکاران بە دەستپێکردنی پرۆژەکانی وەبەرهێنان و گەشەسەندنی ناوچەکان، جگە لە چارەسەرکردنی دۆسییەی گرێبەست و کرێکارانی لە دامەزراوەکانی دەوڵەتدا.
لای خۆیەوە عەتوانی سوپاس و پێزانینی خۆی بۆ سەرۆک کۆمار دەربڕی بۆ ڕێنماییە بەنرخەکانی و پەرۆشی بۆ دەستەبەرکردنی مافەکانی هەموو هاووڵاتیان، هاوکات باسی لە هەوڵەکانی لیژنەکە و پلانە ستراتیژییەکان بۆ سەرۆک کۆمار کرد لەبارەی دابینکردنی پێداویستییەکان بۆ هاووڵاتیان.
نوێنەری یۆنامی لە عیراق دەڵێت، لەژێر رۆشنایی پرۆسەی سیاسی ئێستای عیراق و ئەو سیستمەی دامەزراوەكانی پەیڕەوی دەكات، هیچ مەترسییەك لەسەر عیراق نییە.
محەمەد حەسان، نوێنەری تایبەتی سكرتێری گشتی نەتەوەیەكگرتووەكان بۆ عیراق رایگەیاند، لە عیراق ئازادی رادەبڕین و بیروڕای سیاسی جیاواز هەیە و دەسەڵاتی یاسادانان و جێبەجێكردن هەیە و هەموو لایەنە سیاسییەكانیش بڕیاریانداوە پابەندی پرۆسەی سیاسی وڵات بن.
وتیشی، لەژێر رۆشنایی پرۆسەی سیاسی ئێستای عیراق و ئەو سیستمەی دامەزراوەكانی پەیڕەوی دەكات، هیچ مەترسییەك لەسەر عیراق نییە.
نوێنەری یۆنامی جەختیشیكردەوە، نەتەوەیەكگرتووەكان دەست لە كاروباری ناوخۆی عیراقدا وەرنادات.
د. لەتیف رەشید سەرۆک کۆماری عیراق لەگەڵ محەمەد حەلبوسی سەرۆکی پارتی پێشکەوتن کۆبووەوە و جەختی لەوە کردەوە کە پێویستە هاوکاری و لێکتێگەیشتنی نێوان هێزە سیاسییەکان بەهێز بکرێت و بەرژەوەندیی نیشتمانی لەپێش بەرژەوەندییە حزبییە تەسکەکاندا گرنگی پێبدرێت.
سەرۆک کۆمار د.لەتیف جەمال ڕەشید ڕۆژی شەممە 2025.1.11 لەگەڵ محەمەد حەلبوسی سەرۆکی پارتی پێشکەوتن کۆبووەوە.
لە کۆبوونەوەکەدا ژمارەیەک دۆسیە و رێگەکانی بەهێزکردنی سەقامگیریی سیاسی و ئەمنی لە وڵاتدا تاوتوێکرا.
هەروەها میکانیزمی پاڵپشتیکردنی بەرنامەی حکومەت بۆ بەدیهێنانی ئامانجه خوازراوەکان له بوارەکانی خزمەتگوزاری و گەشەپێدانی ئابووری و نەهێشتنی گەندەڵی تاوتوێ کرا.
سەرۆک کۆمار جەختی لەوە کردەوە کە پێویستە هاوکاری و لێکتێگەیشتنی نێوان هێزە سیاسییەکان بەهێز بکرێت و بەرژەوەندیی نیشتمانی لەپێش بەرژەوەندییە حزبییە تەسکەکاندا گرنگی پێبدرێت.
لای خۆیەوە سەرۆکی پارتی پێشکەوتن تەئکیدی لەوە کردەوە کە یەکڕیزی نیشتمانی و کاری هاوبەش گەرەنتی بەدیهێنانی خواستی هاوڵاتیانە.
هەر لەکۆبونەوەکەدا بارودۆخی ناوچەکەو گرنگی ڕۆڵی عێراق له سەقامگیریی ناوچەکەدا تاوتوێکرا.
كۆبونەوەكانی ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق دەستپێدەكەنەوە و بڕیارە گفتوگۆ لەسەر هەمواری یاسای بودجەی گشتی بكرێت.
رۆژی یەكشەممە كۆبونەوەكانی ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق دەستپێدەكاتەوە و بەپێی كارنامەی ئەنجومەنەكەش، خوێندنەوە یەكەم بۆ پێشنیازی هەمواركردنەوەی یاسای خانەنشینی دەكرێت و خوێندنەوەی یەكەمیش بۆ پرۆژەیاسای رێكخستنەوەی خزمەتگوارییەكان دەكرێت.
بڕیارە رۆژی دوو شەممەش 13ـی ئەم مانگە ئەنجومەنی نوێنەران كۆببێتەوە بۆ گفتوگۆكردن و خوێندنەوەی چەند پرۆژەیاسایەك، بەپێی كارنامەكەش یەكێك لە تەوەرەكان گفتوگۆكردن و خوێندنەوەی دووەم بۆ پرۆژەهەمواری یاسای بودجە بۆ ساڵی 2023 و 2024 و 2025 دەكرێت.
د.نەرمین مەعروف ئەندامی لیژنەی دارایش بە كوردسات نیوزی راگەیاند، لە یاسای بودجە هەمواری ماددەی 12 بڕگەی جیم دەكرێت كە تایبەتە بە تێچووی بەرهەمهێنان و گواستنەوەی نەوتی هەرێم.
لە چوارچێوەی سەردانەکەیدا بۆ پارێزگای واست، د.لەتیف رەشید سەرۆک کۆماری عیراق بە یاوەری محەمەد جەمیل ئەلمەیاحی پارێزگاری واست و ژمارەیەک لە بەڕێوەبەران و بەرپرسانی ئەمنی پارێزگاکە سەردانی بەنداوی کوتی کرد.
له میانەی سەردانەکەیدا سەرۆک کۆمار گوێی لە زانیاریەکان لەبارەی پێکهاتەو توانای بەنداوی کوت گرت و بەدواداچوونی بۆ کارەکانی چاکسازی و نۆژەنکردنەوەو بەردەوامی دان کرد و گوێی له روونکردنەوەی تێروتەسەلی ئەندازیارانی بەرپرسی بەنداوەکه گرتوو سەبارەت بەپلان و ڕێوشوێنەکانی پاراستن و بەردەوام بوونی بەنداوەکه و کارکردن بۆ پەره پێدانی کارەکانیان هانیدان.
سەرۆک کۆمار ستایشی هەوڵەکانی کادران و ئەندازیارانی بەرپرسی بەنداوەکەی کردو جەختیلەوە کردەوە، کە دڵسۆزی بۆ کارکردن بەرهەمی دەبێت بۆ واست و داهاتووی خەڵکەکەی.
لەچوارچێوەی سەردانەکەی د.لەتیف رەشید، سەرۆک کۆماری عیراق بۆ پارێزگای واست، ئەمڕۆ تاجە گوڵینەیەکی لەسەر مۆنۆمێنتی کوردانی فەیلی لەپارێزگاکە دانا.
پاشان سەرۆک کۆمار بۆ ڕێزلێنان لە گیانی شەهیدانی کوردی فەیلی و شەهیدانی عێراق، سورەتی فاتیحای خوێند.
دواتر سەرۆک کۆمار چاویکەوت بە کەسوکاری شەهیدان و لە وتەیەکدا ئاماژەیکرد بۆ رەسەنایەتی پێکهاتەی فەیلی کە یەکێکە لە پێکهاتە سەرەکییەکانی گەلی عێراق کە قوربانی زۆریان داوە لە رێگەی خەبات دژی زوڵم و ستەمی رژێمی دیکتاتۆریدا.
لەو مەراسیمەدا محەمەد جەمیل مەیاحی پارێزگاری واست و ئەندامانی وەفدی یاوەری و ژمارەیەک لە بەرپرسانی پارێزگاکە ئامادەبوون.
حكومەتی عیراق 13 فڕۆكەی پێشكەوتوو بۆ پەرەپێدانی ژێرخانی كەرتی فڕۆكەوانی و پێشكەشكردنی خزمەتگوزاری كوالیتی بەرز بۆ گەشتیاران دابین دەكات.
مەییەم سافی وتەبێژی وەزارەتی گواستنەوە و گەیاندنی عیراق لە راگەیەندراوێكدا بڵاویكردەوە، 13 فڕۆكەی مۆدێرن لە چوارچێوەی پلانی نوێكردنەوەی گەشتی ئاسمانی گەیشتووەتە عیراق و ئەوەش ئاماژەیە بۆ بەرزكردنەوەی تواناكانی گواستنەوەی ئاسمانی و هاوسەنگبوون لەگەڵ نوێترین ستانداردە نێودەوڵەتییەكان.
ئاماژەی بەوەشكردوە، ئەو فڕۆكانەی وەرگیراون بریتین لە شەش فڕۆكەی بۆینگ ماكس و دوو فڕۆكەی درێم لاینەر و پێنج فڕۆكەی ئێرباس.
مەییەم سافی راشیگەیاند، ئامانجی وەزارەتی گواستنەوە و گەیاندن وەرگرتنی 31 فڕۆكەی مۆدێرنە تاساڵی 2027 لەپێناو پەرەپێدانی ژێرخانی كەرتی فڕۆكەوانی و پێشكەشكردنی خزمەتگوزاری كوالیتی بەرز بۆ گەشتیاران.
د. لەتیف رەشید سەرۆک کۆماری عیراق و بافڵ جەلال تاڵەبانی سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لە بەغداد کۆبوونەوە.
لە کۆبوونەوەکەدا باس لە دۆخی عیراق و مووچەی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان کرا و داواشکرا چیتر ماف و شایستەداراییەکانی هەرێمی کوردستان تێکەڵی ململانێ و ناکۆکییەکان نەکرێت.
لە درێژەی کۆبوونەوەکەدا، گفتوگۆ لە بارەی گرنگی سەقامگیری سووریا و ناوچەکە کرا و سەرۆک بافڵ رایگەیاند، "پێویستە مافی هەموو لایەنێک لە سوریا پارێزراوبێت بە تایبەت گەلی کورد، بۆ پاراستنی سەقامگیری ناوچەکەش گرنگە کە لەگەڵ هاوپەیمانان هەماهەنگ و هاریکار بین".
لە کۆتاییدا بافڵ جەلال تاڵەبانی ئاماژەی بەوە کرد، "لەگەڵ هەموو ئەو گۆڕانکارییانەی ناوچەکەی گرتووەتەوە پێویستە سەرکردە و لایەنە سیاسییەکان لە بەغدا هەماهەنگ بن لە گفتووگۆی بنیادنەرانە بۆ سەقامگیری ناوچەکە لەگەڵ پابەندبوون بە دەستووری عیراق".
د.لەتیف رەشید سەرۆک کۆماری عیراق رۆژی پێنجشەممە 9ـی 1ـی 2024، لە بەغداد پێشوازیکرد لە موحسین مەندەلاوی جێگری یەکەمی سەرۆکی ئەنجوومەنی نوێنەران و لەکۆبوونەوەکەدا دوایین پێشهاته سیاسیی و ئەمنی و ئابوورییەکان لەسەر گۆڕەپانی ناوخۆیی و نێودەوڵەتی تاوتوێکران .
هەروەها چۆنیەتی فراوانکردنی چوارچێوەی هەماهەنگی و هاریکاری نێوان سەرۆکایەتی کۆمار و ئەنجوومەنی نوێنەران تاوتوێکران بەمەبەستی یاسادانان و پەسەندکردنی ئەو یاسایانەی کە ڕاستەوخۆ کاریگەری لەسەر ژیانی هاوڵاتیان هەیە.
لە کۆبوونەوەکەدا هەوڵەکانی حکومەت لەسەر ئاستی خزمەتگوزاری تاوتوێ کرا و ئاماژە بە گرنگی پاڵپشتیکردنی پرۆسەی ئاوەدانکردنەوە و نۆژەنکردنەوە و پەرەپێدانی ژێرخانی ئابووری کرا بەمەبەستی بەدیهێنانی خواستەکانی هەموو خەڵک بۆ ژیانێکی سەقامگیر لەبواری ئەمنی و ئابووریدا.
سەرۆکایەتی کۆمار لە تۆڕی کۆمەڵایەتی ئێکس ئەمرۆ پێنجشەممە 9-1-2025 پەیامێکی پیرۆزبایی بڵاوکردەوە بەبۆنەی یادی 103 ساڵەی دامەزراندنی پۆلیسی عیراق.
دەقی پیرۆزبایەکەیە
بەبۆنەی یادی 103 ساڵەی رڕۆژی پۆلیس، گەرمترین پیرۆزبایی خۆمان ئاراستەی ڕۆڵەکانمان لە ئەفسەر و پلەدار و فەرمانبەران لە وەزارەتی ناوخۆ دەکەین ، ئەو قوربانیدان و کۆششە مەزنانەمان وەبیردێنینەوە کە هێزەکانمان لە بەرەنگاربوونەوەی تیرۆردا بەخشیویانە شانبەشانی تەواوی هێزەکانی ئاسایش و هاوکات ئەو ئەرکە گەورانەی بەجێیان گەیاندوە لە پاراستنی هاووڵاتیان و بەرقەرارکردنی ئاسایش و سەقامگیری .
هیوای ساڵێکی نوێی پڕ لە سەرکەوتن و پێشکەوتنی زیاتر بۆ هەموو لایەک دەخوازین لە جێبەجێکردنی ئەرکی نیشتمانیاندا.
رۆژی شەممە کۆبوونەوەی کۆمەڵەی پەرلەمانەکانی ئاسیا لە بەغداد دەستپێدەکات و بڕیارە ماوەی دوو رۆژ بخایەنێت.
مەحمود مەشهەدانی سەرۆكی ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق رایگەیاندووە، رۆژی شەممەی داهاتوو ١١ی ئەم مانگە، كۆبوونەوەكانی لیژنەی هەمیشەیی تایبەت بە كاروباری سیاسی لە كۆمەڵەی پەرلەانەکانی ئاسیا لە بەغداد دەست یپێدەكات.
بەپێی راگەیەنراوەکەی مەشهەدانی، کۆبوونەوەکان بە بەشداری وەفدی ١٣ وڵات دەستپێدەکات و بڕیارە دوو رۆژ بخایەنێت.
بڕیارە لە كۆبوونەوەكاندا چەند پرسێكی تایبەت بە كۆمەڵەکە و رەوشی ناوچەكە بە گشتی و دوایین پێشهاتە نێودەوڵەتی و هەرێمییەكان تاوتوێ بکرێت، بەوپێەی ئامانجی دامەزراندنی کۆمەڵەکە "لەپێناو ئاشتی"یە.
کۆمەڵەی پەرلەمانەکانی ئاسیا لە ساڵی ٢٠٠٦دا فراوان بوو، کە درێژکراوەی رێکخراوێکی دیکە بوو لە ساڵی ١٩٩٩ دامەزرابوو و یەکەم کۆبوونەوەیان لە ساڵی ١٩٩٩ لە بەنگلادیش ئەنجامدا.
ئەمڕۆ چوارشەممە لە کۆشکی بەغداد سەرۆکایەتییەکان کۆبونەوەیەکیان ئەنجامدا کە تیایدا د.لەتیف رەشید سەرۆک کۆماری عیراق و د. مەحمود ئەلمەشهەدانی سەرۆکی ئەنجومەنی نوێنەران و فائق زێدان سەرۆکی ئەنجومەنی باڵای دادوەری ئامادەبوون .
لە کۆبونەوەکەدا گفتوگۆ لەبارەی ئامادەکارییەکان بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی 2025 و پێویستی دابینکردنی پێداویستی لۆجستی و تەکنیکی بۆ کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکان کرا.
سەبارەت بە کاروباری دارایی و مەسەلەی جووڵەی پارە و دارایی وەزارەت و پارێزگاکان لە بودجەی وەبەرهێنان و بودجەی پەرەپێدانی هەرێمەکان تاوتوێ کرا و جەخت لەسەر پێویستی جێبەجێکردنی پابەندییە داراییەکانی دامەزراوەکان و وەزارەتەکان کرایەوە و پەیڕەوکردنی ستانداردەکانی کۆنتڕۆڵ و پێداچوونەوە بە خەرجییەکان بۆ پاراستنی سامانی گشتی و کەمکردنەوەی گەندەڵی .
لەکۆبونەوەکەدا باس لە دواکەوتنی پێشکەشکردنی چەند پڕۆژە یاسایەکی گرنگ کرا کە لەلایەن سەرۆکایەتیی کۆمارەوە ئامادەکرابوو بۆ دانیشتنەکانی ئەنجوومەنی نوێنەران و جەخت لەسەر پێویستی کاری هاوبەش و هەماهەنگی لەنێوان سەرۆکایەتی کۆمار و ئەنجومەنی نوێنەران کرایەوە بۆ ئەوەی پڕۆژە یاسا دواکەوتووەکان بخەنە بەرنامەی دانیشتنەکانی ئەنجومەنەوە بەهۆی پەیوەندییان بە بەرژەوەندیی و کاری هاوڵاتیانەوە.
کۆبونەوەکە جەختی لەسەر پێویستی پشتیوانی حکومەت کردەوە لە تەواوکردنی بڕگەکانی بەرنامەکەی لەڕێگەی بەرزکردنەوەی ئاستی خزمەتگوزاری و باشترکردنی بارودۆخی ژیانی هاووڵاتیان و پاڵپشتیکردنی ئابووری عێراق و هاندانی کەرتی تایبەت بەشێوەیەک کە یارمەتیدەر بێت لەبەدیهێنانی گەشەپێدانی گشتگیر.
سەبارەت بە پەرەسەندنەکانی ناوچەکە تەئکیدیان لەسەر پتەوکردنی ئاسایش و ئاشتی و سەقامگیری ناوچەکە و گرنگی پشتیوانیکردنی هەوڵ و تەقەلا نێودەوڵەتییەکان کردەوە بۆ کۆنترۆڵکردنی قەیرانەکان و دۆزینەوەی چارەسەری کێشە و گرفتەکان لەڕێگەی دیالۆگی بنیاتنەرەوە کە ئاشتی و ئاسایشی نێودەوڵەتی بەهێز بکات.
لە کەرکوک رووبەڕووبوونەوە لەنێوان هێزە ئەمنییەکان و دوو بازرگانی ماددەی هۆشبەردا رویدا و لە ئەنجامدا هەردوو تۆمەتبار بە برینداری دەستگیرکران.
پەیامنێری کوردسات نیوز رایگەیاند، لە گەڕەکی شۆراوی کەرکوک لە کاتی هەوڵدان بۆ دەستگیرکردنی دوو بازرگانی ماددەی هۆشبەر رووبەڕووبوونەوە لەنێوان هێزە ئەمنییەکان و ئەو دوو بازرگانەدا رویداوە، بە وتەی "سەرچاوەیەکی ئەمنی هێزەکانی ئاسایشی نیشتمانی عیراق"یش دوو بازرگانەکە بە برینداری دەستگیرکراون و هاوکات کارمەندێکی هێزەئەمنییەکانیش برینداربووە.
ئاشکراشیکرد، لە ئێستادا ئەو دوو تۆمەتبارە بەمەبەستی چارەسەر گواستراونەتەوە بۆ نەخۆشخانە، لێکۆڵینەوەش لە روداوەکە دەستیپێکردووە و دۆخی گەڕەکەکەش ئاسایی بووەتەوە.
تەمەنی ئەنجومەنی كۆمیسیۆنی هەڵبژاردنەكانی عیراق بۆ دوو ساڵ درێژكرایەوە، بۆئەوەی بتوانێت هەڵبژاردنی داهاتووی ئەنجومەنی نوێنەران بەڕێوەببات.
ئەنجومەنی باڵای دادوەری عیراق نوسراوێكی بڵاوكردەوە و تیایدا هاتووە، بڕیاریاندا بە درێژكردنەوەی تەمەنی ئەنجومەنی كۆمیسیارانی كۆمیسیۆنی هەڵبژاردنەكانی عیراق بۆ ماوەی دوو ساڵ، واتە تا ٦-١-٢٠٢٧ درێژكراوەتەوە.
راشیگەیاند، ئامانج لە بڕیارەكە دروستنەبوونی بۆشایی یاساییە، بۆئەوەی كۆمیسیۆن بتوانێت هەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق لە مانگی تشرینی یەكەمی ئەمساڵ بەڕێوەببات.
ئەمڕۆ د. لەتیف رەشید سەرۆک کۆماری عیراق لە کۆشکی بەغدا لەگەڵ خالید شوانی وەزیری دادی عیراق کۆبووەوە و لە کۆبوونەوەکەدا باسیان لە پلان و هەوڵەکانی وەزارەت کرد بۆ گرنگیدان به دۆخی گرتووخانەکان و میکانیزمی کارکردن له دامودەزگا دادوەریەکان.
لە کۆبوونەوەکەدا د.لەتیف رەشید سەرۆک کۆمار، جەختی لەسەر پێویستی بەردەوامبوونی کارکردن و هەماهەنگی نێوان لایەنەکانی لیژنەی هاوبەش بۆ ئازادکردنی ئەو دەستگیرکراوانەی که سزاکانیان بەسەر بردووە و یان سزاکانیان لەلایەن دادگای هەڵوەشێنراوەتەوە.
سەرۆک کۆمار ئاماژەی بەوەدا، "پێویستە میکانیزمەکانی پەیوەندی و هەماهەنگی لەنێوان فەرمانگەکانی وەزارەتی داد و لایەنە پەیوەندیدارەکانی دیکەدا کارا بکرێت، بەمەبەستی ئاسانکاری بۆ هاوڵاتیان بۆ پێداچوونەوە بە فەرمانگەکانی وەزارەت و تەواوکردنی مامەڵەکانیان دوور لە رۆتین و بەشێوەیەک کە مافەکانیان بپارێزرێت".
هاوکات، وەزیری داد سوپاسی سەرۆک کۆماری کرد بۆ پشتیوانیکردنی وەزارەتەکە و پەرۆشی بۆ دانانی بناغەی دادپەروەری، هەروەها جەختکردنەوە لەسەر بەرەنگاربوونەوەی گەندەڵی و باشترکردنی بارودۆخی زیندانەکان و پێداچوونەوە بە ئەرک و کارەکانی وەزارەت و پلانەکانی داهاتووی بەمەبەستی جێبەجێکردنی پرەنسیپەکانی دادپەروەری و دەستپاکی.