ئەكیتۆ ، كۆنترین جەژنی مێژوو، جەژنی سەری ساڵی شارستانیەتەكانی سۆمەری و بابلی و ئەكەدی و ئێستاش ئاشورییەكان.

ئەم جەژنە لە یەكەم رۆژی مانگی نیسان دەستپێدەكات و بۆ ماوەی 12 رۆژ بەردەوام دەبێت و لە عیراق و باشووری كوردستان، ئێران و رۆژهەڵاتی كوردستان، ئەوروپا و ئەمریكا بەڕێوەدەچێت.

ئاهەنگی سەری ساڵی ئاشوورییەكان دەگەڕێتەوە بۆ سەرەتای هەزارەی دووەمی پێش زایین، تا ئەمڕۆش لە سەرەتای مانگی نیساندا هەموو ساڵێك یادی دەكرێتەوە، لە ساڵی 1991 بەدواوە تا ئێستا هەموو ساڵێك ئەو یادە لە پارێزگای دهۆك دەكرێتەوە.

ئاشووری و كلدان و سریانیەكان لە عیراق و سوریا ئەم جەژنە دەگێڕن، هەرچەندە ئەوان پەیڕەوی لە ئایینەكانی ئەو شارستانییەتە كۆنانە ناكەن كە هەزاران ساڵ لەمەوبەر لە وڵاتەكانیاندا باڵادەستبوون.

بەپێی ئینسایكلۆپیدیای بریتانیكا، جەژنی ئەكیتۆ لە شارستانیەتی بابلیدا، بەمانای وەرزی چاندن و كێڵانی زەوی دێت كە بۆ ماوەی 12 رۆژ دەخایەنێت و سەماكردن و ئاهەنگ گێڕان، لەبەركردنی جلوبەرگی فۆلكلۆری رەنگا و رەنگ ، سیما دیارەكانی ئەم جەژنەن.