ئەندامێكی ئەنجومەنی نوێنەران: ئەمریكا هۆشداری بە عیراق داوە لە بارەی قاچاخچێتی بە نەوتی ئێران
ئاکام
٢٨ی ئازاری ٢٠٢٥
ئەندامێكی ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق رایگەیاند، ئەمریكا بەڵگەنامەی قاچاخچێتی نەوتی ئێرانی بە بەڵگەنامەی عیراقییەوە رادەستی بەغداد كردووە.
هەیبەت حەلبوسی، ئەندامی ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق لە چاوپێكەوتنێكی تەلەفزیۆنیدا رایگەیاند، ئەمریكا بە حكومەتی عیراقی وتووە سزا بەسەر كۆمپانیای سۆمۆدا دەسەپێنێت ئەگەر بەردەوام بێت لە قاچاخچێتی نەوتی ئێران لە رێگەی كۆمپانیاكەوە.
وتیشی، كەشتییە بچوكەكانی ئێران نەوتی عیراق و ئێران تێكەڵ دەكەن و دواتر بەڵگەنامەی عیراق بەكاردەهێنن بۆ فرۆشتنی.
ئەوەش لەكاتێكدایە، چەند رۆژێك لەمەوبەر حەیان عەبدولغەنی وەزیری نەوتی عیراق رایگەیاند، هێزەكانی ئەمریكا دەستیان بەسەر بارهەڵگری ئێرانیدا گرتووە كە بەڵگەنامەی ساختەی عیراقی پێبووە و واپێشانیانداوە كە نەوتەكە عیراقییە.
لە بەرانبەردا محەمەد موسەوی جێگری وەزیری نەوتی ئێران رایگەیاند، تاران پابەندە بە رێكارە جیهانیەكان لە بابەتی بازرگانیكردن بە نەوتەوە و لێدوانەكەی حەیان عەبدولغەنی رەتدەكاتەوە.