توێژینەوەیەک: کارەساتی ژینگەیی چاوەڕێی نەوەی داهاتوو دەکات
هەساو ئەمیر
٣٠ی ئازاری ٢٠٢٥
توێژینەوەیەکی نوێ دەری خستووە، نەوەی داهاتوو لەبەردەم مەترسی گەورەی ژینگەییدان، تەنانەت لە بارێکدا ئەگەر کۆنتڕۆڵی دەردانی کاربۆنیش بکرێت.
توێژینەوەیەکی نوێ کە زانایانی زانکۆی بوتسدامی ئەڵمانی بۆ توێژینەوە لە کەشوهەوا ئەنجامیان داوە ئاماژەی بەوەکردووە، تێکڕای پلەی گەرمی زەوی تاوەکو 175 ساڵی دیکە، واتە ساڵی 2200، حەوت پلەی سیلیزی بەرز دەبێتەوە، تەنانەت ئەگەر دەردانی کاربۆن لە ئاستێکی مامناوەندیشدا بمێنێتەوە.
ئەوەش هاتووە، ئەو بەرزبوونەوەیەی تێکڕای پلەی گەرمییە دەبێتە مەترسییەکی راستەقینە بۆ زەوی و مرۆڤەکان، لەبەر ئەوەی بۆ ژینگە قورس دەبێت بتوانێت لەگەڵ ئەو پلەی گەرمایەدا خۆی بگونجێنێت، ئەوەش دەبێتە مەترسی بۆسەر ئاسایشی خۆراک.
بەپێی توێژینەوەکە، ئەو گۆڕانکارییە لە پلەی گەرمی زەویدا کارەساتی ژینگەیی زیاد دەکات، بە جۆرێک شەپۆلی باران و زریان زیاد دەبێت لە هەندێک ناوچە کە دەبێتە هۆی لافاو و زریانی بەهێز، یان شەپۆلی بەفر و تەرزە و سەرمای وشک و سەخت، بەپێچەوانەشەوە لە هەندێک ناوچەی دیکە توانەوەی بەستەڵەکەکان و بەبیابانبوون و کەمی بەفر و باران، شەپۆلی سەختی گەرما و ئاگرکەوتنەوە لە دارستانەکانی لەدوا دەبێت.
زانایان ئاماژەیان بەوەشکردووە، بەتایبەت لە وەرزی هاویندا پلەکانی گەرما دەگەنە ئاستێک، کە مەترسی لەسەر ژیانی زیندەوەران دروست بکات.
لەوبارەیەشەوە کریستین کاوفۆڵد نووسەری سەرەکی توێژینەوەکە باسی لەوەکردووە، توێژینەوەکە ئەوەمان پێدەڵێت، کە پێویستە چی زووە کار لەسەر کەمکردنەوەئ دەردانی کاربۆن و نەهێشتنی کاربۆن بدرێت لە بەرگەهەوادا.
دەردانی گازە ژەهراوییەکان بەدەر لە هۆکارەکانی وەک تەقینەوەی گڕکانەکان و هەناسەی ئاژەڵەکانەوە، بە پلەی یەکەم لە سوتانی خەڵوز و گازەوە دەچنە بەرگەهەواوە.