كارەبای عیراق: راگرتنی هاوردەی غازی ئێران كاریگەری لەسەر بەرهەمهێنانی كارەبا هەیە
٣١ی ئازاری ٢٠٢٥
وتەبێژی وەزارەتی كارەبای عیراق رایگەیاند، پێویستیان بە جێگرەوەی غازی ئێرانە و هاوین رەوشی كارەبا سەخت دەبێت.
ئەحمەد موسا وتەبێژی وەزارەتی كارەبای عیراق رایگەیاند، دوو مانگ زیاترە هەناردەی غاز لە ئێرانەوە بۆ عیراق و پارێزگاكانی ناوەڕاست راگیراوە، نۆ ملیۆن پێ سێجا غازیش بۆ پارێزگاكانی باشوری عیراق هەناردە دەكرێت، بەڵام ئەو بڕە پێداویستی بەرهەمهێنان كارەبا پڕناكاتەوە.
وتیشی، راگرتنی غازی ئێران، كاریگەریی نەرێنی كردوەتە سەر وێستگەكانی بەرهەمهێنانی كارەبا لە عیراق و بووەتەهۆی كەمبوونەوەی هەشت هەزار مێگاوات كارەبا.
دەشڵێت، لە ئێستادا 18 هەزار میگاوات كارەبا بەرهەم دێت لەكاتێكدا پێویستیان بە 32 هەزار مێگاواتە، ئەگەر رەوشەكەش بەو شێوەیە بەردەوام بێت، عیراق روبەڕوی هاوینێكی سەخت دەبێتەوە.