وەزیری بازرگانی تورکیا رایگەیاند، عێراق سێیەم وڵاتە کە زۆرترین پڕۆژەیان لەسەر ئاستی جیهان تێدا ئەنجامداوە. دەشڵێت، "ئەو هەناردەیەی لە ١٠ ساڵی رابردوودا بۆ عێراقمان کردووە، زیاتر ٥٪ی کۆی هەناردەی تورکیایە".
عومەر بۆڵات وەزیری بارزگانی تورکیا رایگەیاند، ئەو هەناردەیەی لە ١٠ ساڵی رابردوودا تورکیا بۆ عێراقی کردووە ٥٪ی کۆی هەناردەی تورکیایە، بە جۆرێک لە ساڵی رابردووەوە بەبڕی ١٢.٨ ملیار دۆلار هەناردەی کەلوپەل و خۆراک و پێداویستییەکان بۆ عێراق کراوە.
ئاماژەی بەوەشکردووە، تەنها لە ساڵی رابردووەوە تاوەکو ئێستا قەبارەی بازرگانی دووقۆڵی نێوان هەردوولا گەیشتووەتە ٢٠ ملیار دۆلار.
وەزیری بازرگانی تورکیا ئەوەشی خستە روو، تورکیا هەزار و ١١١ پڕۆژەی لە عێراق بە بڕی ٣٥ ملیار دۆلار ئەنجامداوە، بەوەش عێراق دەبێتە سێیەم وڵات لە ریزبەندی ئەو وڵاتانەی تورکیا زۆرترین پڕۆژەی تێدا ئەنجام داون.
بەهۆی پشتبەستنی زیاتری عێراق بە داهاتی نەوتی و لاوازی کەرتی پیشەسازی و بەرهەمهێنان، پێداویستی ناوخۆ لەرووی کەلوپەل و پێداویستی و خۆراکەوە پڕنابێتەوە و ئەوەش وای کردووە بەشێکی زۆری ئەو پێداویستیانە عێراق لە وڵاتانی دیکەوە هاوردەی بکات، کە تورکیاش یەکێکە لەو وڵاتانە.