هەسەدە كۆنتڕۆڵكردنەوەی حەوت گوندی لە رۆژهەڵاتی دێرەزوور راگەیاند كە لەژێر دەسەڵاتی هێزەكانی سوپای سوریادا بوون.

روانگەی سوری بۆ مافەكانی مرۆڤ بڵاویكردەوە، بەیانی ئەمڕۆ هەسەدە ئۆپەراسیۆنێكی لە رۆژهەڵاتی دێرەزوور بۆ كۆنتڕۆڵكردنەوەی حەوت گوند دەستپێكرد و دوای روبەڕوبوونەوەیەکی سەخت لەنێوان هەسەدە و سوپای سوریادا، هەسەدە توانی گوندەكانی 'حسێنییە، ساڵحییە، حتە، مەڕات، مەزڵوم، خشام و تابیە' كۆنتڕۆڵ بكاتەوە.

هاوكات ئەنجومەنی سەربازی دێرەزوور لە بەیاننامەیەكدا دەڵێت، مەترسیی پەلاماری شانە نوستووەكانی داعش دروستبووە و كۆنتڕۆڵكردنی ئەو حەوت گوندەش لەسەر داوای دانیشتووانیان بووە.

لە رۆژی ٢٧ی مانگی رابردووەوە شەڕ و پێکدادان لە سوریا دەستی پێکردووە و گروپە چەکدارەکانی بە ئۆپۆزسیۆن ناسراون هێرشەکانیان بەرەو ناو حەلەب دەستپێکردووە، لە ئێستاشدا بەشێوەیەکی گشتی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی داوای بەپەلە راگرتنی شەڕ دەکات لە سوریا.