عەدنان جوحەیشی، سەرۆکی لیژنەی بەرەنگاربوونەوەی ماددەی ھۆشبەر و کارتێکەرە عەقڵییەکان لە ئەنجومەنی نوێنەران داوای لە سەرجەم دامودەزگاکانی دەوڵەت کرد کار بکەن بۆ کەمکردنەوەی دیاردەی ماددە ھۆشبەرەکان و دەڵێت، ھەمواری یاساکە گەیشتووەتە قۆناغی کۆتایی و بەمزووانە دەنگی لەسەر دەدرێت.

ئاماژەی بەوەش کردووە، ھەموارکردنی یاساکە چوار تەوەری لەخۆگرتووە، گرنگترینیان توندکردنەوەی سزاکان لەسەر بازرگانان و بەکارھێنەرانی ماددە ھۆشبەرەکان، ھەروەھا زیادکردنی ژمارەی کلینیکەکان لە سەرجەم پارێزگاکان و پەرەپێدانی بەرنامەی پەروەردەیی قوتابخانەکان و گۆڕینی بەڕێوەبەرایەتییەکانی بەرەنگاربوونەوەی مادەی ھۆشبەر بۆ دەزگایەکی تایبەت.

بەپێی ئامارەکان، ژمارەی ئەو کەسانەی کە تۆمەتبارن بە بازرگانیکردن و بەکارھێنانی ماددە ھۆشبەرەکان لە عیراق لە ساڵی ٢٠٢٠وە تا نیوەی یەکەمی ئەمساڵ گەیشتووەتە نزیکەی ٦٠ ھەزار کەس.