دادگای تاوانەكانی مووسڵ بە تۆمەتی پێشێلكاری و بوونی گەندەڵی سزای شەش مانگ زیندانی بۆ بەڕێوەبەری شارەوانیی موسڵ و پارێزگاری پێشوو دەركرد.
بەپێی هەواڵی میدیاكانی عیراق، دادگای تاوانەكانی مووسڵ، سزای شەش مانگ زیندانی هەڵپەسێردراو و سزای دارایی بۆ عەبدولستار ئەلحەبو بەرێوەبەری شارەوانی موسڵ دەركرد، بەتۆمەتی پێشێلكاریی و بەكرێدانی دوكانەكانی لە دەرەوەی ڕێكارەكان.
هەروەها دادگای تاوانەكانی موسڵ سزای شەش مانگ زیندانی هەڵپەسێردراوی بۆ نەجم جبوری، پارێزگاری پێشووی نەینەوا دەركرد لەگەڵ سزای دارایی، بە تۆمەتی گواستنەوەی یاریگای وەرزشی بە سەرپێچی یاسایی.
چوارچێوەی هەماهەنگی شیعەكان داوا لە ئەنجومەنی نوێنەران دەكات رۆژی شەممەی داهاتوو كۆببنەوە، بۆ یەكلاكردنەوەی پرسی سەرۆكی ئەنجومەنەكە.
چوارچێوەی هەماهەنگی شیعەكان لە راگەیەندراوێكدا بڵاویكردەوە، كۆبوونەوەی ئاسایی خۆیان لە نوسینگەی عەممار حەكیم سەرۆكی رەوتی حیكمە ئەنجامداوە و محەمەد شیاع سودانی سەرۆك وەزیرانی عیراقیش ئامادەی بووە.
چوارچێوەی هەماهەنگی داوای لە ئەندامانی ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق كرد رۆژی شەممەی داهاتوو كۆببنەوە، بۆ یەكلاكردنەوەی پرسی سەرۆكی ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق، كە نزیكەی ساڵێكە لە دوای دوورخستنەوەی محەمەد حەلبوسی ئەو پۆستە بە بەتاڵی ماوەتەوە.
هەر لە كۆبوونەوەكەدا، رۆڵی حكومەتی عیراق بەرز راگیرا سەبارەت بە ئامادەكارییەكان بۆ ئەنجامدانی سەرژمێری گشتی دانیشتووان و چەسپاندنی ئاسایش و دەستگیركردنی داواكراوان، هەروەها بیروڕاكان سەبارەت بە پێشهاتە سیاسییەكانی عیراق و ناوچەكە و جەنگی فەلەستین و لوبنان تاوتوێكران.
نزیکەی ساڵێک دەبێت ھەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاکان لە عێراق بەڕێوەچووە ، ئێستا وەزارەتی دارایی عیراق رازی بووە لیژنەیەک پێکبھێنرێت بۆ خەرجکردنی پارەی کارمەندانی کۆمیسیۆن، کە ھەندێکیان ١٥٠ ھەندێکی تریان ٢٥٠ ھەزار دیناریان پێ ئەدرێت.
رێکارەکەشی بەم شێوەیەیە ھەژمارێکی بانکی کاتی و خەرجکردنی پارەی کارمەندانی کۆمیسیۆن بۆ ھەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاکانی عیراق.
ئەوەشی خستووەتەڕوو، لیژنەکە لەلایەن بەڕێوەبەری گەنجینەی داراییەوە سەرۆکایەتی دەکرێت و بە ئەندامێتی پارێزگاران و بەڕێوەبەرانی بەشی دارایی و پشکنین و نوێنەری کۆمیسیۆن کاروبارەکانی جێبەجێدەکات.
ئاماژەی بەوەشداوە، پارەی کارمەندانی کۆمیسیۆن بە ھاوپێچکراوی لەگەڵ لیستی ناوەکانیاندا لەلایەن وەزارەتی دارایی فیدراڵەوە خەرجدەکرێت.
ھاوکات، جومانە غەلای وتەبێژی کۆمیسیۆنی ھەڵبژاردنەکانی عیراق بە کوردسات نیوزی راگەیاند، پارەی ھەر کارمەندێکی کۆمیسیۆن بۆ ھەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاکان لەنێوان ١٥٠ بۆ ٢٥٠ ھەزار دیناردایە.
وەزیری کشتوکاڵی عیراق داوای زیادکردنی تواناکان دەکات بۆ سەرخستنی پلانی کشتوکاڵ و زیادکردنی بەرھەمھێنانی گەنم.
عەباس جەبر مالیکی وەزیری کشتوکاڵی عیراق لە راگەیەنراوێکدا داوای زیادکردنی توانا و ھەوڵەکانی کرد بۆ دەستەبەرکردنی پێداویستییەکانی سەرکەوتنی وەرزی کشتوکاڵی زستانی ٢٠٢٤ بۆ ٢٠٢٥ بۆ گەشەپێدانی بەروبوومی گەنم، ئەوەش لە رێی ئەنجامدان و تەواوکردنی دابەشکردنی تۆوی گەنم لە سەرتاسەری پارێزگاکان.
راشیگەیاندوە، لەڕێگەی ئەنجومەنی نیشتمانی تۆوەوە ڕێنماییەکانیان دەرکردووە بۆ پاککردنەوەی تۆوی گەنم بە زووترین کات، بەمەبەستی تەواوکردنی ھەڵمەتەکانی دابەشکردنیان، ھەوڵی زۆریشیان داوە بۆ بەردەوامییدان بە پێشکەشکردنی پاڵپشتی حکومەت بەڕێژەی ٧٠% کە دەبێتە ھۆی گەیشتن بە خودبژێوی و زیادکردنی بەرھەمھێنانی بەرھەمی ستراتیژی گەنم، ھاوشێوەی دوو ساڵی ڕابردوو.
هێزە ئەمنییەكانی بەغداد باندێكیان دەستگیركرد كە دراوی ناوخۆیی و بیانی ساختەیان پێبووە و ویستویانە ساغی بكەنەوە.
سەرچاوەیەكی ئەمنی لە بەغداد رایگەیاند، هێزێكی ئەمنی توانیویەتی لە ڕێگەی دانانی بۆسەیەكی ورد لەناوچەی سەدر لە بەغداد، هەشت كەس دەستگیربكەن كە زیاتر لە هەشت ملیۆن و دیناری جۆری 25 هەزاری و شەش ملیۆن دیناری چاپی هەزاری و 50 هەزار دیناری و هەزار یۆرۆی ساختەیان پێبووە.
ئاماژەی بەوەشكرد، هەموو ئەو بڕە پارانەی دەستیان بەسەردا گیراوە ساختەن، رێوشوێنی یاساییش بەرامبەر تۆمەتبار گیراوەتەبەر.
سەرۆككۆماری عیراق جەختدەكاتەوە لە پشتیوانیكردنی وەزارەتی داد لە بەدیهێنانی دادپەروەری و سەروەریی یاسا و جێبەجێكردنی بنەماكانی تایبەت بە مافەكانی مرۆڤ.
د.لەتیف رەشید سەرۆككۆماری عیراق لە كۆشكی سەلام لە بەغداد پێشوازیكرد لە خالید شوانی وەزیری داد و گفتوگۆیانكرد لەبارەی هەوڵەكانی وەزارەتی داد بۆ باشتركردنی رەوشی زیندانەكان و گرنگیدان بە دەزگاكانی دادوەریی و ئاسانكاری لە میكانیزمی ئەو خزمەتگوزارییانەی پێشكەش بە هاووڵاتیان دەكرێن.
سەرۆككۆمار جەختیكردەوە لە پشتیوانی سەرۆكایەتی كۆمار بۆ رێوشوێنەكانی وەزارەتی داد لە بەدیهێنانی دادپەروەری و سەروەریی یاسا و جێبەجێكردنی بنەماكانی تایبەت بە مافەكانی مرۆڤ.
وەزیری دادی عیراقیش پوختەیەكی لەبارەی كاری فەرمانگەكانی دادوەریی و پلانەكانی باشتركردنی كاركردن لە ناو وەزارەتەكەی پێشكەشكرد.
پلەكانی گەرما لەسەرجەم شارەكانی عیراق دادەبەزن و جگە لە پارێزگای بەسرە پلەی گەرمای سەرجەم پارێزگانی تر لە خوار 30 پلەوە دەبن.
دەستەی كەشناسی و بومەلەرزەزانی عیراق رایگەیاندووە، شەپۆلەكانی گەرما كۆتاییان هاتووە و وەرزی سەرما و دابەزینی پلەكانی گەرما دەستیپێكردووە، بەشێوەیەك لە سبەینێوە پلەكانی پلەكانی گەرما رۆژ لە دوای رۆژ دابەزن و لەئێستا جگە لە پارێزگای بەسرە كە پلەی گەرما ٣٠ پلەیە، لەهەر ١٧ پارێزگای تری عیراق پلەی گەرما لە خوار ٣٠ پلەی سەدییەوەیە.
ئاماژەی بەوەشكردووە، لەگەڵ ئەوەی تا رۆژی هەینی لەسەرجەم ناوچەكانی عیراق ئاسمان ساماڵ دەبێت، بەڵام لە ناوچە شاخاوییەكان و هەندێك ناوچەی باكووری رۆژهەڵات پێشبینی بارانبارین دەكرێت.
وەزیری سەرچاوە ئاوییەكانی عیراق رایگەیاند، رێژەی باران بارین لە زستانی ئەمساڵدا كەمتر دەبێت لە ساڵی رابردوو ، بەڵام یەدەگی ئاوی وڵاتەكە بە بڕی 10 ملیار مەتر سێجا زیادیكردووە .
عەون زیاب عەبدوڵا وەزیری سەرچاوە ئاوییەكانی عیراق رایگەیاند، بەپێی پێشبینییەكان لەزستانی ئەمساڵدا بڕی باران كەمتر دەبێت بەراورد بە ساڵی رابردوو، بەڵام ئاوی بەنداوەكانی حەدیسە و حەمرین و دوكان و دەربەندیخان حەبانیە و سەرسار بڕێكی گەورە ئاوی یەدەگەیان تێدایە كە 40 ملیار مەتر سێجا تێدەپەرێنێت.
وتیشی یەدەگی ئاو ئەمساڵ 10 ملیار مەتر سێجا لە پێشتر زیاترە .
لە بەردەوامی هێرشەكانیاندا، مقاوەمەی ئیسلامی هێرشی كردەوە سەر پێگەیەكی سەربازی ئیسرائیل.
بەرەبەیانی ئەمڕۆ مقاوەمەی ئیسلامی لە راگەیەندراوێكدا بڵاویكردەوە، بە فڕۆكەی بێفڕۆكەوان هێرشێكیان بۆ سەر پێگەیەكی سەربازی ئیسرائیل لە جولان ئەنجامداوە.
راشیانگەیاند، هێرشەكانیان لە بەردەوامی پشتیوانییەكانە بۆ سەرخستنی گەلی فەلەستین و لوبنان، لە دژی ئەو كۆمەڵكوژی و بۆردوومانانەی ئیسرائیل دەیكاتە سەر ئەو دوو وڵاتە.
لە بەرامبەردا سوپای ئیسرائیل رایگەیاند، هێزی ئاسمانی وڵاتەكە درۆنێكی خستووەتە خوارەوە كە لە رۆژهەڵاتەوە ئاڕاستەی ئیسرائیل كراوە، كە ئاماژەیەك بووە بۆ ئەو هێرشەی لە عیراقەوە كراوە.
سودانی پەیامێكی لەبارەی هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی كوردستان بڵاوكردەوە و هیوادارە رێوشوێنەكانی تایبەت بە پێكهێنانی حكومەتی نوێی هەرێم جێبەجێبكرێت.
محەمەد شیاع سودانی، سەرۆك وەزیرانی عیراق لە پەیامەكەیدا دەڵێت، بەردەوامی هەڵبژاردنی بژاردە دیموكراسییەكان بۆ هاوڵاتییان لە ناوچە جیاوازەكانی عیراق، جەختكردنەوەیە لە بەهای دیموكراسی و باوەڕبوون بە دەساودەستكردنی ئاشتییانەی دەسەڵات و چەسپاندنی بنیادنانی دەستوور، هاوكات دەستكەوتێكە بەبێ قوربانیدانەكانی عیراق بۆ ئازادی و سەروەری و سەربەخۆییان بەدەست نایەت.
دەشڵێت، هەوڵەكانی كۆمیسیۆنی هەڵبژاردنەكانی عیراق بەرزدەنرخێنن بۆ بەڕێوەبردنی هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان.
سودانی ئاماژەی بەوەشدا، هیوادارن رێوشوێنەكانی تایبەت بە پێكهێنانی حكومەتی نوێی هەرێم جێبەجێبكرێت و درێژەبدرێت، بە ئاسایش و سەقامگیری و گەشەپێدانی هەرێم و خزمەتكردنی هاوڵاتییانی.
ئەلینا رۆمانوسكی باڵیۆزی ئەمریكا لە بەغداد داوا لە هاوڵاتیانی هەرێمی كوردستان دەكات بەشداری پرۆسەی هەڵبژاردن بكەن .
باڵیۆزی ئەمریكا لە بەغداد ئاماژەی بۆ ئەوەكردووە، هەڵبژاردن رەنگدانەوەی ئیرادەی گەلی هەرێمی كوردستانە و پێویستە بەبێ توندوتیژی بەرێوەبچێ ، دەشڵێت، خۆبەخشەكانی نێردەی ئەمریكا لە عیراق لە بنكەكانی دەنگدانن لە هەرێمی كوردستان بۆ چاودێریكردنی چۆنیەتی بەرێوەچوونی پرۆسەكە .
لە وتەی دەستپێکی کۆربەندەکەدا، نوێنەری سەرۆك کۆمار سڵاوی سەرۆکی بە بەشداربوان بەتایبەت گەنجان گەیاند، کە نوێنەرایەتی ئایندەی نیشتمان دەکەن و درێژە بە کاروانی پێشکەوتنی دەدەن.
د.جەمال عەبدولزەهرا محەممەداوی پێزانینی د.لەتیف رەشیدی بۆ توێژی گەنجان و هەوڵەکانیان لەپێناو خزمەتکردنی وڵات دەربڕی و جەختیکردەوە لەسەر باوەڕی بە رۆڵی کارای گەنجان لە بنیاتنانەوە و پەرەپێدانی عێراق.
هاوکات لە وتەکەیدا ئاماژەی بەوەکرد، کە سەرۆك کۆمار گرنگییەکی زۆر بەمجۆرە دیدار و بۆنانە دەدات بەوپێیەی پردێکن بۆ گفتوگۆ و ئاڵوگۆڕی بیروڕا لە نێوان گەنجان و لێپرسراوان، هەروەها پاڵپشتی هەوڵەکانی پێشخستنیان دەکات لە بوارەکانی پەروەردە و کار و پەرەپێدانی توانای سەرکردایەتی، ئاماژەشیکرد بە گرنگی بەشداریکردنی کەرتی تایبەت بۆ بەهێزکردنی ئابوریی عێراق و کردنەوەی ئاسۆی نوێ لەبەردەم گەنجاندا.
لایەنگرانی گروپە چەکدارەکان لەعیراق ھەڵیانکوتایەسەر کەناڵی ئێم بی سی لە بەغداد و کەناڵەکەیان بە ھێرشیکرنەسەر سەرکردەکانی بەرەی مقاوەمە تۆمەتبارکرد.
لایەنگرانی گروپە چەکدارەکای لە بەغداد بەرەبەیانی ئەمڕۆ ھەڵیان کوتایە سەر کەناڵی ئێم بی سی سعودیە لە گەرەکی جامیعەی بەغداد دوای بڵاوبونەوەی بەرنامەیەک لەو کەناڵە کە مقاوەمەی ئیسلامی بە میحوەری مقاوەمەی ئێران ناوبردبوو.
خۆپیشاندەران بانگەشەی ئەوەیان دەکرد کە ئەو کەناڵە سەرکردەکانی مقاوەمەی فەڵەستین و عیراق و لوبنانی بە تیرۆرست ناوبردووە.
ھێزە ئەمنییەکان رێگای سەرەکی کەناڵەکەیان داخست و مستەفا سەنەد ئەندامی ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق رایگەیاند، کەناڵی ئێم بی سی لەلایەن حکومەتەوە پاڵپشتی دەکرێت و ئیدانە و سوتاندنی بەس نییە و ھیچ شوێنێکی لە عیراق نییە و کار لەسەر ھەڵوەشاندنەوەی مۆڵەتەکەی دەکرێت.
دەستەی کەشناسی عیراق رایگەیاند، لە چەند رۆژی داھاتوودا پلەکانی گەرما بەشێوەیەکی بەرچاو دادەبەزن و پێشبینی باران بارین دەکرێت.
دەستەی کەشناسی عیراق لە راگەیەنراوێکدا ئاماژەی بەوەکردووە، رۆژانی دوو شەممە و سێ شەممە ئاسمان ساماڵ و پەڵەھەور دەبێت و پلەکانی گەرما بە جێگیری دەمێننەوە.
دەشڵێت، رۆژی چوار شەممە ئاسمان ساماڵ دەبێت و نیمچە ھەور دەبێت و لە ناوچەکانی ھەرێمی کوردستان بارانی پچڕ پچڕ دەبارێت، رۆژی پێنج شەممەش پێشبینی باران باراین دەکرێت و پلەکانی گەرماش بەشێوەیەکی بەرچاو دادەبەزن.
محەمەد شیاع سودانی، سەرۆک وەزیرانی عیراق لە میانی پەیوەندییەکی تەلەفۆنیدا لەگەڵ نەبیھبڕی سەرۆکی ئەنجومەنی نوێنەرانی لوبنان ئاماژەی بەوەدا، عێراق پاڵپشتی لەو ھەوڵانە دەکات، کە ئامانج لێی وەستاندنی شەڕ و دەستدرێژییەکانی ئیسرائیلە بۆ سەر لوبنان و غەززە، ھاوکات بە ئاڕاستەی چەسپاندنی ئاسایش و سەقامگیرییە لە ناوچەکە.
ئاماژەی بەوەشدا، بەردەوام دەبن لە ناردنی ھاوکارییە مرۆییەکان بۆ لوبنان.
ھاوکات، باسم عەوادی، وتەبێژی حکومەتی فیدراڵ رایگەیاند، دەستدرێژییەکانی ئیسرائیل سەلمێنەری ئیرادەی تاوانکارییەکانی ئەو وڵاتەیە.
دەشڵێت، بێ ھەڵوێستی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی بەرامبەر دەستدرێژییەکانی ئیسرائیل رێ خۆشکەرە بۆ بەردەوامبوونی ئەو دەستدرێژییانە و عیراقیش بانگەوازی نوێ دەکاتەوە، بۆ رێکخراوە نێودەڵەتییەکان تاکو رێوشوێنی پێویست بەرامبەر ئیسرائیل بگرنەبەر.
ستار جابری، بریکاری وەزارەتی بازرگانی عیراق رایگەیاندوە، لە چەند پارێزگایەک دەستکراوە بە گۆڕینی پسوڵەی بەشەخۆراکی مانگانەی ھاوڵاتییان بۆ کارتی ئەلیکترۆنی.
راشیگەیاندووە، کارکردن بە سیستمی کارتی ئەلیکترۆنی لە پارێزگاکانی بەغداد و نەجەف و کەرکووک و دھۆک دەستی پێ کردووە، لە ئێستادا بەرنامەکە بە تەواوەتی بۆ کارپێکردن ئامادەیە.
جەختی لەوەشکردوەتەوە، لەم سیستمەدا کەسانی مردوو ناویان دەسڕدرێتەوە و بەشەخۆراکیان نامێنێت.