چوارچێوەی هەماهەنگی شیعەكان داوای كۆبوونەوەی ئەنجومەنی نوێنەران دەكات
لاڤە
٢٢ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٤
١٦٦
چوارچێوەی هەماهەنگی شیعەكان داوا لە ئەنجومەنی نوێنەران دەكات رۆژی شەممەی داهاتوو كۆببنەوە، بۆ یەكلاكردنەوەی پرسی سەرۆكی ئەنجومەنەكە.
چوارچێوەی هەماهەنگی شیعەكان لە راگەیەندراوێكدا بڵاویكردەوە، كۆبوونەوەی ئاسایی خۆیان لە نوسینگەی عەممار حەكیم سەرۆكی رەوتی حیكمە ئەنجامداوە و محەمەد شیاع سودانی سەرۆك وەزیرانی عیراقیش ئامادەی بووە.
چوارچێوەی هەماهەنگی داوای لە ئەندامانی ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق كرد رۆژی شەممەی داهاتوو كۆببنەوە، بۆ یەكلاكردنەوەی پرسی سەرۆكی ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق، كە نزیكەی ساڵێكە لە دوای دوورخستنەوەی محەمەد حەلبوسی ئەو پۆستە بە بەتاڵی ماوەتەوە.
هەر لە كۆبوونەوەكەدا، رۆڵی حكومەتی عیراق بەرز راگیرا سەبارەت بە ئامادەكارییەكان بۆ ئەنجامدانی سەرژمێری گشتی دانیشتووان و چەسپاندنی ئاسایش و دەستگیركردنی داواكراوان، هەروەها بیروڕاكان سەبارەت بە پێشهاتە سیاسییەكانی عیراق و ناوچەكە و جەنگی فەلەستین و لوبنان تاوتوێكران.