دەستەی دەستپاکی عیراق لە راگەیەندراوێکدا ئاماژەی بەوە کردووە، دادگای تاوانەکانی بەرەنگاربوونەوەی گەندەڵی بە غیابی سزای دە ساڵ زیندانیکردن و غەرامەکردنی ١٠ ملیۆن دیناری بۆ سەرۆکی پێشووی ئەنجومەنی بەڕێوەبەری فڕۆکەخانەی نەجەف فائید کازم شەممەری و سێ لە ئەندامی ئەنجومەنی کارگێڕی ئیدارەی پێشوو دەرکردووە.

دەشڵێت، سزادراوەکان پێشێلکارییان لە گرێبەستی ئامادەکردنی دیزاین بۆ دروستکردنی ڕێڕەوی نوێی فڕین بۆ فڕۆکەخانەی نەجەف و بەربەستەکانی ئەنجامداوە.

دەستەی دەستپاکی باسی لەوەشکردووە، گرێبەستی پرۆژەکە بە بەھای ٧١ ملیۆن و ٩٨٩ ھەزار ھەزار دۆلار بووە و تەندرەکەی بۆ کۆمپانیایەکی نزیک لە سەرۆکی پێشووی ئەنجومەنی بەڕێوەبەری فڕۆکەخانە دەرچووەو بانگەوازی ئاشکرای بۆ نەکراوە، ئەوەش یەکێکە لە گەندەڵییە دیارەکانی پرۆژەکە.