دەسەڵاتدارانی یۆنان رایانگەیاند، بەلەمەکە لە ئاوە ھەرێمییەکانی تورکیا ژێرئاو کەوتووەو یەکێک لە کۆچبەرەکان بە مەلە خۆی گەیاندۆتە ئاوە ھەرێمییەکانی یۆنان و دواتریش ھێزی دەریایی یۆنان توانیویانە ٩ کۆچبەری تر رزگاربکەن .
ئاماژەیان بەوەشکرد، بەلەمەکە پلاستیکی بووەو ئاژانسی سنوری ئەوروپاو ھەلیکۆپتەرێک و دوو فرۆکە و کەشتییەکیش بەشدارییان کردووە لە گەڕان بەدوای بێسەروشوێن بووەکاندا و ھێزی دەریای تورکیاش لە رووداوەکە ئاگادارکراوەتەوە.
بەوتەی رزگاربووەکانیش ، بەلەمەکەیان ١٣ کەسی تێدا بووە بەڵام تا ئێستا رەگەزنامەکانیان ئاشکرا نەکراوە.
ئەوەش لەکاتێکدایە لە ٢٢ی ئەم مانگەدا بەلەمێکی تری کۆچبەران بە ٥٥ سەرنشینەوە لە دەریای ئیجە ژێر ئاو کەوت و تا ئێستا چارەنوسی ١٤ کۆچبەریان نادیارە کە ژمارەیەکیان کوردن.
میدیاکانی تورکیا ڕایانگەیاند، ژمارەیەک نەتەوە پەرست لە شارۆچکەی مەرامی سەر بە شاری کۆنیا، بە چەک ھێرشیان کردووەتە سەر ماڵی خێزانێکی کورد و دوای ئەوەی حەوت ئەندامی خێزانەکە دەکوژن کە سیانیان ژنن، ئاگر لە ماڵەکەشیان بەردەدەن و ھەڵدێن.
بە پێی زانیارییەکان ئەو خێزانەی ھێرشیان کراوەتە سەر و کوژراون بە خێزانی دەدەئۆغوڵاری بەناوبانگن و پێشتریش چەند جارێک لەلایەن نەرتەوە پەرستەکانەوە پالاماریان دراوە، نەتەوە پەرستەکان چەند جارێک بە خێزانە کوردەکەیان وتووە کە ڕێگە نادەن لەم شارە تورکییەدا بمێنن و بژین.
لە ١٢ی ئایاری ئەمساڵیش ٦٠ نەتەوە پەرست بە دار و بەرد ھێرشیان کردبووە سەر ئەم خێزانە و ١١ کەسیان لێ بریندارکردبوون.
ژمارەیەک لە ئەندامانی ئەنجومەنی پیران نامەیەکیان ئاڕاستەی بایدن کردووە و داوایان لێکردووە رێگەنەدات ئیبراھیم رەئیسی سەرۆکی ھەڵبژێردراوی ئێران سەردانی ئەمریکا بکات، بۆ بەشداری کردن لە کۆبوونەوەی کۆمەڵەی نەتەوە یەکگرتووەکان کە بڕیارە مانگی ئەیلولی داھاتوو لە نیویۆرک بەڕێوەدەچێت.
ئەندامەکانی کۆنگرێس لە نامەکەیاندا، بە وردیی مێژووی رەئیسی لە پێشێلکردنی مافەکانی مرۆڤ لە ئێران و رۆڵی لە کوشتنی زیاتر لە پێنج ھەزار کەس لە گرتووخانەکانی وڵاتەکەی لە ساڵی ١٩٨٨ باس کردووە.
وەزارەتی گەنجینەی ئەمریکا، ناوی ھەشت قەوارە و گروپی توندڕەوی سوری خستە لیستی تیرۆرەوە، کە لە نێویاندا گروپی ئەحرار شەرقی ھەیە و تێوەگلاوە لە کۆمەڵکوژییەکانی رۆژئاڤای کوردستان و دەرکردنی کورد لەسەر ماڵ و حاڵی خۆیان و کوشتنی ھەڤرین خەڵەف ژنە چالاکوانی کورد.
وەزارەتی گەنجینەی ئەمریکا رایگەیاندووە، جگە لە ئەحرار شەرقی، پێنج لێپرسراوی باڵای تری سەربازی و ھەواڵگری سەربە حکومەتی سوریاش لە لیستی سزادراوانن، کە تۆمەتبارن بە ئەشکەنجەدانی دەستگیرکراوەکان.
ئاماژەی بۆ ئەوەشکردووە، دوو کەسایەتی تر کە ناویان لە لیستەکەدا ھەیە، ئێستا لە تورکیا نیشتەجێن و سەر بە گروپە توندڕەوەکانی سوریان و دەستیان ھەبووە لە رفاندنی کچ و ژنانی ئێزدی.
قەیس سەعید چەند بڕیارێکی نوێی دەرکردووە و بڕیاریدا بە دوور خستنەوەی محەمەد دەھاش بەڕێوەبەری وێستگەیەکی تەلەفزیۆنی نیشتمانی تونس، لە پێناو پاراستنی ئازادی رابردەبڕین، ئەو بڕیارەش لە دوای ئەو سکاڵایانەوە بووە کە لەلایەن سەندیکای رۆژنامەنووسانەوە ئاڕاستەی ئەو بەڕێوەبەرە کرابوون.
سەرۆکی تونس راشیگەیاند، لیستێکی لە بەردەمدایە بە ناوی ٤٦٠ کەس کە چوار ملیار و ٨٠٠ ملیۆن دۆلاری گەلیان بە تاڵان بردووە و دەبێت بیانگەڕێننەوە، پێشنیاری رێککەوتنێکیشی کردووە لەگەڵ بازرگانان و ئەو کەسانەی پارەی گەلیان بەتاڵان بردووە، کە لە بەرامبەر سزا نەدانیان پارەکان بگەڕێننەوە.
راگەیاندنە رەسمییەکانی کوبا بڵاویانکردەوە، ھەفتەی داھاتوو ئێران دەبێتە یەکەم وڵات کە ڤاکسینی کوبی بەرھەم دەھێنێت.
بەپێی ھەڵسەنگاندنەکانی لێپرسراوانی تەندروستی کوباش، ڤاکسینی "عەبدەڵا" و "سوبرانا"ی کوبی لە پێشکەوتووترین ڤاکسینەکانن لە جیھاندا و کاراییان دەگاتە ٩٠%، بەڵام بەشێک لە لێپرسراوانی تەندروستی دەڵێن متمانەیان بەو ئەنجامە نییە چونکە لەسەر ئاستی نێودەوڵەتی نەسەلمێندراوە.
ئێران و کوبا ھەردووکیان لەژێر سزای قورسی ئەمریکادان و بۆ ماوەیەکی دوور و درێژ رێگەیان پێنەدەدرا پێداویستی تەندروستییان بە ئاسانی بەدەست بگات، ھەردوو وڵاتیش چەند ڤاکسینیێک بەرھەم دەھێنن کە ناوی نیشتمانییان لێنراوە، پێشتریش پەیمانگای "پاستۆر" لە ئێران رەزامەندی دەربڕی لەسەر ھەماھەنگی کردن لەگەڵ پەیمانگای "ڤینلا"ی کوبی، کە ڤاکسینی "سوبرانا"ی بەرھەمھێناوە.
ئیدارەی کارەساتی سروشتی و فریاگوزاری تورکیا رایگەیاند، ئاگرێکی گەورە لە دارستانەکانی شاری "مانافجات" لە "ئەنتاڵیا" کەوتووەتەوە و بەھۆیەوە سێ کەس گیانیان لەدەستداوە و ١٢٢ کەسیش زیانی تەندروستییان پێگەیشتووە و ٥٨ کەسیان لە نەخۆشخانە چارەسەر وەردەگرن.
بەکر باکدمیرلی وەزیری کشتوکاڵی تورکیاش وتویەتی، ئاگرکەوتنەوەکە رێگەی لە چەندین خەڵک گرتووە و ١٨ گوند و ناوچە لە "ئەنتاڵیا" و ١٦ گوند لە "ئەدەنە و مێرسین" چۆڵکراون و ھەوڵەکانیش بۆ کۆنترۆڵکردنی بەردەوامە.
وەزیری دەرەوەی ئەمریکا لە میانی سەردانەکە بۆ کوەیت، لە کۆنفرانسێکی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند، پابەندن بە پڕۆسەی دیپلۆماسی و دەیانەوێت بگەڕێنەوە بۆ ڕێککەوتننامەی ئەتۆمی، بەڵام ئەگەر ئێران دەیەوێت بگەڕێتەوە بۆ پابەندبوون بە ڕێککەوتننامەی ئەتۆمی، ئەوا تۆپ لە گۆرەپانی ئەوانە و پێویستە کۆمەڵێک بڕیاری یەکلاکەرەوە بدەن. جەختیشیکردەوە، ئەمریکا سوورە لەسەر ئەوەی ئیران نەبێتە خاوەنی چەکی ئەتۆمی.
وەزارەتی بەرگریی تورکیا رایگەیاند، لە میانی لەشکرکێشییەکانیان لە ھەرێمی کوردستان و بەھۆی پێکدادان لەگەڵ پارتی کرێکارانی کوردستان، دوو سەربازی سوپای تورکیا لە ناوچەی خواکوڕک لە سنووری پارێزگای دھۆک کوژراون، سەربازێکی تریش برینداربوون.
کوژران و برینداربوونی ئەو سەربازانەی سوپای تورکیا لە کاتێکدایە، رۆژی سێ شەممە لە ناوچەی خواکوڕک لە سنووری پارێزگای دھۆک، سەربازێکی تورکیا کوژرا.
لەسەرەتای ئەمساڵەوە لە ژێر چەند ناوێکدا سوپای تورکیا ھێرش و لەشکرکێشی سەربازیی دژی پارتی کرێکارانی کوردستان لە سنوورەکانی ھەرێمی کوردستان دەستپێکردووە.
قەیس سەعید سەرۆکی تونس چەند بریارێکی نوێی دەرکرد و بەپێی بڕیارەکان، ھەریەک لە بەرێوەبەری دیوانی سەرۆکی حکومەت و ئەمینداری گشتی حکومەت و ژمارەیەک لە راوێژکارانی حکومەت لە پۆستەکەیان دوورخرانەوە.
ئەو بڕیارانە دوای ئەوەدێت کە چەند رۆژێک لەمەوبەر سەرۆکی تونس، ھیشام مەشیشی سەرۆکی حکومەتی لەکار دوورخستەوە و پەرلەمانیشی سڕکرد.
لەلایەتی ترەوە راشد غەنوشی سەرۆکی بزووتنەوەی نەھزە لەبارەی بڕیارەکەی سەرۆکی تونسەوە بۆ سڕکردنی پەرلەمان و ھەڵوەشانەوەی حکومەت دەڵێت، لەھەوڵی دروستکردنی بەرەیەکی نیشتمانین بۆ بۆ رووبەرووبوونەوەی ئەو بڕیارانە.
ئاماژەی بەوەشکردووە، بریارەکانی سەرۆکی تونس وڵات بەرەو دیکتاتۆری و حوکمی تاک رەویی دەبات.
غەنوشی داواش لەسەرۆکی تونس دەکات پاشگەز بێتەوە لە بڕیارەکان و بچێتەوە سەر رێرەوی دیموکراتی.
وەزارەتی دادی ئەمریکا ئاشکرایکردووە، واشنتۆن ئاسەوارێکی سەردەمی گلگامێش کە مێژوەکەی بۆ سێ ھەزار و ٣٠٠ ساڵ بەر لە ئێستا دەگەرێتەوە نوسینی بزماری لەسەرە، رادەستی عێراق دەکاتەوە.
ئاماژەی بەوەشکردووە، دوای ئەوەی دڵنیا بوون لەوەی ئەو تابلۆیە بەتاڵانبراوەتە بازارەکانی ئەمریکا، بڕیاردراوە بگەڕێنرێتەوە بۆ عێراق.