ئەردۆغان، لە میانی بەشداریکردنی لە کۆبوونەوەی راوێژکاری ئاکەپە لە شاری ئێسکی شەھیر رایگەیاند، رێنمایی بە وەزیری دەرەوە داوە کە ئەو ١٠ باڵیۆزەی رەخنەیان لە دادگای تورکیا گرتووە بە کەسانی نەخوازراو ناوبھێنرێن.
ئەردۆغان ناڕەزایەتی و سەردانی باڵیۆزەکانیشی بۆ وەزارەتی دەرەوەی وڵاتەکەی بە بێئەدەبی ناو بردووە.
ئاماژەی بەوەش کردوە، تورکیا وڵاتێکی بەشکۆیە و ھەرکەسێک لە تورکیا تێنەگات و نەیناسێت ئەوا دەبێت ئەم وڵاتە بەجێبھێڵێت.
لە چەند رۆژی رابروودا باڵیۆزانی ئەمریکا، ئەڵمانیا، کەنەدا، دانیمارک، فینلەندا، فەڕەنسا، ھۆڵەندا، نیوزیلەندا، نەرویج و سوێد رەخنەیان لە دادگای تورکیا گرت و داوای ئازادکردنی عوسمان کاڤاڵا سەرمایەدارو چالاکوانی سیاسیان کرد کە ماوەی چوار ساڵە بە تۆمەتی بەشداریکردنی لە خۆپیشاندانەکانی گەزی پارک لە ساڵی ٢٠١٣ و کودەتاکەی ١٥ی تەموزی ٢٠١٦ لە زینداندایە.
رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆک کۆماری تورکیا رایگەیاند، کەمال کڵچدارئۆغڵو، سەرۆکی پارتی گەلی کۆماری لە خەمی ئەوەدایە سەڵاحەدین دەمیرتاش لە زیندان دەربکات، بەڵام با ھەمووان دڵنیا بن، دادگا چی بڕیارێک دەربکات ھەر ئەوەیە و دەمیرتاش ئازاد ناکرێت.
ئەردۆغان دەمیرتاشی بە تیرۆریست ناو برد و وتی، کڵچدارئۆغڵو لەگەڵ دەمیرتاشی "تیرۆریست"دا ھاوکارە و یەک ئامانجیان ھەیە و شەرمیش ناکات لەو کارەی دەیکات.
سەڵاحەدین دەمیرتاش، سەرۆکی پێشووتری پارتی دیموکراتی گەلان ھەدەپە لە چواری تشرینی دووەمی ٢٠١٦ بە تۆمەتی پشتیوانیکردن لە پارتی کرێکارانی کوردستان پەکەکە دەستگیرکرا و سەرەڕای ناڕەزایەتییەکانی ئەمریکا و ئەوروپا و رێکخراوە نێودەوڵەتییەکان ئازاد نەکراوە.
(موراد قەرەیلان) ئەندامی کۆمیتەی بەڕێوبەری پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە) ڕایگەیاند، پێویستە ئەمریکا و یەکێتی ئەوروپا ھاوکارییەکانیان بۆ پشتیوانی سوپای تورکیا ڕابگرن.
وتیشی، ھاوپەیمانی ناتۆ ڕۆڵێکی نەرێنیان ھەیە لە بەرامبەر دۆسیەی ڕۆژئاڤای کوردستان و بە ناڕاستەوخۆ ھاوکاری سوپای تورکیا دەکەن.
بە وتەی قەرەیلان ھاوکاری ناتۆ بۆ تورکیا دەگەڕێتەوە بۆ ئەوەی ناتۆ، بەرژەوەندی سیاسی و ئابوریان لەگەڵ تورکیا ھەیە.
لە وەڵامی تانەکەی (عوسمان بایدەمیر)، دادگای دەستوریی تورکیا ڕایگەیاند: بایدەمیر مافی پێشێلکراوە، دەبێت بە بڕی ٣٠ ھەزار لیرە قەرەبووی ماددی بکرێتەوە. دەشڵێت، سزاکەی پێچەوانەی بنەماکانی دەستوری تورکیایە.
لە ساڵی ٢٠١٨ بە تۆمەتی بێڕێزیکردن بە سەروەری تورکیا، سزای یەک ساڵ و ٥ مانگ زیندانیکردن بەسەر بایدەمیردا سەپێنرا و دواتریش مافی پەرلەمانتاری لێ سەنرایەوە، لە ئێستاشدا (عوسمان بایدەمیر)، باکوری کوردستانی بەجێھێشتووە و لە بەریتانیا نیشتەجێیە.
ئاژانسی ھەواڵی "سانا" بڵاویکردەوە، بنکەی سەربازی "تەنەف" لە سوریا لەڕێی فڕۆکەی بێفڕۆکەوانەوە بۆردوومان کراوە و چەند تەقینەوەیەک بەھۆیەوە روویانداوە.
فەرماندەی ناوەندی ئەمریکیش بۆردوومانەکەی پشت راستکردەوە و رایگەیاند، لە کات و شوێنی گونجاودا وەڵامی دەدەنەوەو لە ئێستاشدا لێکۆڵینەوە دەکەن.
سەرچاوەیەکی ئەمنی عێراقیش نزیک لە ھاوپەیمانی نێودەوڵەتی رایگەیاند، پێنج فڕۆکەی بێفڕۆکەوان ئەو بنکەیەیان کردوەتە ئامانج و بۆردوومانەکە لە ناو خاکی سوریاوە کراوە نەک عێراق.
بنکەی سەربازی "تەنەف" بنکەیەکی سەربازی سەر بە ھاوپەیمانی نێودەوڵەتییە و لە ساڵی ٢٠١٤ لە شاری "حومس" دامەزرا بۆ روبەڕوبوونەوەی تیرۆریستانی داعش.
پەرلەمانی کەتەلۆنیا لە دانیشتنی ئاسایی خۆیدا لە کۆی ١٢٩ ئەندامی پەرلەمان ١١١ پەرلەمانتار دەنگیاندا بە بەڕەسمی ناساندنی ئیدارەی خۆبەڕێوەبەری باکور و رۆژھەڵاتی سوریا، داواش لە حکومەتی وڵاتەکەی دەکات پەیوەندییان لەگەڵ دروست بکات.
پەرلەمانی کەتەلۆنیاش لە راگەیەنراوێکدا ئاماژەی بۆ ئەوەکردوە، سیستمی کۆنفیدڕالیزم چارەسەرێکی ئاشتیانەیە بۆ کێشەکانی رۆژھەڵاتی ناوەڕاست، داواش لە چالاکوانانی مافەکانی مرۆڤ و کۆمەڵگەی مەدەنی دەکات، کار بۆ ئاوەدانکردنەوەی باکور و خۆرھەڵاتی سوریا بکەن.
رێکخراوی تەندروستی جیھانیی رایگەیاند، ئامارەکانی توشبون بە کۆرۆنا لە کیشوری ئەوروپا، ھەفتەی رابردوو بە رێژەی ٧٪ بەرز بوەتەوە، ھۆشداریشیدا لەوەی کە دابەشکردنی نا یەکسانی ڤاکسین بەسەر وڵاتە ئەوروپییەکاندا، ھەرەشە لەسەر کیشوەرەکە دروست دەکات .
تەندروستی جیھانیی ئاماژەی بەوەشکردووە، ھەفتەی رابردوو نزیکەی دوو ملیۆن ٧٠٠ ھەزار کەس لە جیھاندا توشی کۆرۆنا بون و زیاتر ٤٦ ھەزار توشبوی ڤایرۆسەکەش لەو ھەفتەیەدا گیانیان لەدەستداوە کە ئەو ئامارە بە رێژەی لە سەدا ١١ بەرز بوەتەوە، ئەو ناوچانەش کە زۆرترین حاڵەتیان تێدا تۆمار کراوە ئەوروپا و ھەردوو ئەمریکان و بە تەنھا لە ئەوروپا یەک ملیۆن و ٣٠٠ ھەزار حاڵەتی نوێی توشبون تۆمار کراوە، ھەریەک لە بەریتانیا و روسیاش بە رێژەی لە سەدا ١٥ ئامارەکان تێیاندا بەرز بوەتەوە، بەڵام لە ئەفریقا و زەریای ھێمن، ئامارەکانی کۆرۆنا بە رێژەی لە سەدا ١٦ بۆ لە سەدا ١٨ کەمبونەتەوە .
بەپێی داتاکانی رێکخراوی تەندروستی جیھانیی، تا ئێستا نزیکەی ملیار ملیار دۆزی ڤاکسینی کۆرۆنا لە کیشوەری ئەوروپا بەکارھێنراوە، ئەو ژمارەیەش بەراورد بە ژمارەی دانیشتوانی کیشوەرەکە بەپێی پێویست نیە.
ساجد جاوید وەزیری تەندروستی بەریتانیا دەڵێت، ئەگەر رەوشەکە بەمشێوەیە بەردەوام بێت، دور نیە رۆژانە ١٠٠ ھەزار کەس لە بەریتانیا توشی کۆرۆنا ببن، چونکە بەھۆی پابەند نەبون بە رێنماییە تەندروستییەکان، ئامارەکانی کۆرۆنا جارێکی تر لە بەرزبونەوەدان و لە ماوەی ٢٤ سەعاتدا زیاتر لە ٤٩ ھەزار حاڵەتی توشبون بە کۆرۆنا لە وڵاتەکەدا تۆمارکراوەو ١٧٩ توشبوش گیانیان لەدەستداوە.
بەرزبونەوەی ئامارەکانی کۆرۆنا لە کاتێکدایە کە جۆرێکی نوێی ڤایرۆسی کۆرۆنا لە روسیا دەرکەوتوە کە ئەویش جۆری ئەی وای فۆر تو وە و لێپرسراوانی تەندروستی ئەو وڵاتەش ھۆشدارییان داوە لە بڵاوبونەوەی فراوانی ئەو جۆرەی کۆرۆنا لەوڵاتەکەدا .
بە ئامادەبوونی فەرماندەی گشتی سوپای ئێران و سەرۆکی نوسینگەی فەرماندەیی گشتیی ھێزە چەکدارەکان و بەشێک لە فەرماندە باڵاکانی سوپای ئێران، ھێزی ئاسمانی ئەو وڵاتە مانۆڕێکی سەربازی دەستپێکرد.
حەمید واحدی فەرماندەی ھێزی ئاسمانی ئێران ڕایگەیاند، بۆ یەکەم جارە مانۆڕێکیان بە بەشداری سەرجەم بنکەکانی ھێزی ئاسمانی دەستپێکردووە و تیایدا ژمارەیەک فڕۆکەی شەڕکەر و فڕۆکەی بێفڕۆکەوان تاقیکراونەتەوە کە ھەڵگری چەندین جۆری نوێ لە بۆمبی زیرەک و موشەکی لەیزەر بوون و لەلایەن شارەزایانی ناوخۆی وڵاتەکەوە دروستکراون.
مەزڵوم کۆبانی، فەرماندەی گشتی ھێزەکانی سوریای دیموکرات "ھەسەدە" ڕایگەیاند، ئامانجی حکومەتی تورکیا لە بۆردومانەکردنی کۆبانێ بۆ دورستکردنی شەڕە لە ناوچەکەدا.
مەزلوم کۆبانی ئاماژەی بەوەش کردووە، لە کاتێکدا سورییەکان داوای ئاشتی دەکەن، تورکیا بۆردومانی خەڵکی مەدەنی دەکات و ڕێککەوتنەکان پێشێل دەکات. کۆبانی داوای لە وڵاتانی پەیوەندیدار کردووە بە ئەرکی خۆیان ھەڵسن و ئەم کارانە ڕابگرن.
ڕۆژی چوارشەممە فڕۆکەیەکی بێفڕۆکەوانی تورکیا لە گەڕەکی کۆبانێی نوێ ئۆتۆمبێلێکی بۆردومان کرد و لە ئەنجامدا چەند کەسێک گیانیان لە دەستدا.
بۆغدانۆف ھەڵوێستی ڕووسیای لە بارەی ئەگەری دروستبوونەوەی شەڕ لە نێوان تورکیا و شەڕڤانان ڕاگەیاند و وتی، ڕووسیا دژایەتی دەستپێکردنەوەی ھەر شەڕ و پێکدادانێک دەکات و وتیشی وڵاتەکەی پەیوەندییەکی باشی لەگەڵ سورییەکاندا ھەیە بە کوردەکانیشەوە.
لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا ڕەجەب ئەردۆغان، سەرۆک کۆماری تورکیا و چەند بەرپرسێکی تورکیا باسیان لە ئەگەری ھێرشکردنە سەر ڕۆژئاڤای کوردستان کرد و مەزڵوم کۆبانێش فەرماندەی گشتی ھێزەکانی سوریای دیموکرات دەڵێت، تورکیا دەیەوێت شەڕ ھەڵبگیرسێنێتەوە.