رێکخراوی تەندروستی جیھانیی رایگەیاند، ئامارەکانی توشبون بە کۆرۆنا لە کیشوری ئەوروپا، ھەفتەی رابردوو بە رێژەی ٧٪ بەرز بوەتەوە، ھۆشداریشیدا لەوەی کە دابەشکردنی نا یەکسانی ڤاکسین بەسەر وڵاتە ئەوروپییەکاندا، ھەرەشە لەسەر کیشوەرەکە دروست دەکات .


تەندروستی جیھانیی ئاماژەی بەوەشکردووە، ھەفتەی رابردوو نزیکەی دوو ملیۆن ٧٠٠ ھەزار کەس لە جیھاندا توشی کۆرۆنا بون و زیاتر ٤٦ ھەزار توشبوی ڤایرۆسەکەش لەو ھەفتەیەدا گیانیان لەدەستداوە کە ئەو ئامارە بە رێژەی لە سەدا ١١ بەرز بوەتەوە، ئەو ناوچانەش کە زۆرترین حاڵەتیان تێدا تۆمار کراوە ئەوروپا و ھەردوو ئەمریکان و بە تەنھا لە ئەوروپا یەک ملیۆن و ٣٠٠ ھەزار حاڵەتی نوێی توشبون تۆمار کراوە، ھەریەک لە بەریتانیا و روسیاش بە رێژەی لە سەدا ١٥ ئامارەکان تێیاندا بەرز بوەتەوە، بەڵام لە ئەفریقا و زەریای ھێمن، ئامارەکانی کۆرۆنا بە رێژەی لە سەدا ١٦ بۆ لە سەدا ١٨ کەمبونەتەوە .


بەپێی داتاکانی رێکخراوی تەندروستی جیھانیی، تا ئێستا نزیکەی ملیار ملیار دۆزی ڤاکسینی کۆرۆنا لە کیشوەری ئەوروپا بەکارھێنراوە، ئەو ژمارەیەش بەراورد بە ژمارەی دانیشتوانی کیشوەرەکە بەپێی پێویست نیە.


ساجد جاوید وەزیری تەندروستی بەریتانیا دەڵێت، ئەگەر رەوشەکە بەمشێوەیە بەردەوام بێت، دور نیە رۆژانە ١٠٠ ھەزار کەس لە بەریتانیا توشی کۆرۆنا ببن، چونکە بەھۆی پابەند نەبون بە رێنماییە تەندروستییەکان، ئامارەکانی کۆرۆنا جارێکی تر لە بەرزبونەوەدان و لە ماوەی ٢٤ سەعاتدا زیاتر لە ٤٩ ھەزار حاڵەتی توشبون بە کۆرۆنا لە وڵاتەکەدا تۆمارکراوەو ١٧٩ توشبوش گیانیان لەدەستداوە.


بەرزبونەوەی ئامارەکانی کۆرۆنا لە کاتێکدایە کە جۆرێکی نوێی ڤایرۆسی کۆرۆنا لە روسیا دەرکەوتوە کە ئەویش جۆری ئەی وای فۆر تو وە و لێپرسراوانی تەندروستی ئەو وڵاتەش ھۆشدارییان داوە لە بڵاوبونەوەی فراوانی ئەو جۆرەی کۆرۆنا لەوڵاتەکەدا .