وەزارەتی دەرەوەی پاکستان ھۆشداری دەداتە ھاوڵاتیانی وڵاتەکەی سەبارەت بە گەشتکردنیان بۆ عیراق و دەڵێت، لەمکاتەدا مەترسیدارە.

وەزارەتەکە لە بەیاننامەیەکدا داوای لە ھاوڵاتیانی وڵاتەکەی کردووە خۆیان لە گەشتە ناپێویستەکان بۆ عیراق بەدوور بگرن بەھۆی پەرەسەندنی گرژییەکانی ناوچەکەوە.

وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی پاکستان دەڵێت، بە لەبەرچاوگرتنی پێشھاتەکانی ئەم دواییەی ناوچەکە، ئامۆژگاری ھاووڵاتیانی پاکستان دەکرێت خۆیان لە گەشتکردن بۆ عیراق بەدوور بگرن تا بارودۆخەکان ئاسایی دەبنەوە و کارەکانی ھێڵی ئاسمانی بە تەواوی دەستپێدەکاتەوە.

ئاماژەی بەوەشکردووە، بۆ ھاوکاریکردنی ھاووڵاتیانی پاکستان، وەزارەتی دەرەوە باڵیۆزخانەی پاکستانی لە بەغداد راسپاردووە رێنمایی و پاڵپشتی بۆ ھاووڵاتییەکانیان دابینبکات.