ئاژانسی ھەواڵی "سانا" بڵاویکردەوە، بنکەی سەربازی "تەنەف" لە سوریا لەڕێی فڕۆکەی بێفڕۆکەوانەوە بۆردوومان کراوە و چەند تەقینەوەیەک بەھۆیەوە روویانداوە. 


فەرماندەی ناوەندی ئەمریکیش بۆردوومانەکەی پشت راستکردەوە و رایگەیاند، لە کات و شوێنی گونجاودا وەڵامی دەدەنەوەو لە ئێستاشدا لێکۆڵینەوە دەکەن. 


سەرچاوەیەکی ئەمنی عێراقیش نزیک لە ھاوپەیمانی نێودەوڵەتی رایگەیاند، پێنج فڕۆکەی بێفڕۆکەوان ئەو بنکەیەیان کردوەتە ئامانج و بۆردوومانەکە لە ناو خاکی سوریاوە کراوە نەک عێراق.


بنکەی سەربازی "تەنەف" بنکەیەکی سەربازی سەر بە ھاوپەیمانی نێودەوڵەتییە و لە ساڵی ٢٠١٤ لە شاری "حومس" دامەزرا بۆ روبەڕوبوونەوەی تیرۆریستانی داعش.