عەلی خامنەیی ڕێبەری باڵای شۆڕشی ئیسلامی ئێران ڕایگەیاند، نەرمی نواندن لە بەرامبەر ئەمریکا یا ھەر ھێزێکی تر، لە پێناو دەربازبوون لە گەمارۆکان، ھەڵەیەکی گەورەیە و زیان بە دەسەڵاتی ئێران دەگەیەنێت.
ئاماژەی بەوەشکرد، بەرەوپێشبردنی زانستی ئەتۆمیی و بەشداری سیاسییان لە ناوچەکە لە قوڵایی ستراتیژی ئێراندایە، بۆیە ھەرگیز لەو بوارانەدا پاشەکشێ ناکەن.
ئەم لێدوانەی خامنەئی لە کاتێکدایە، کە خولی ھەشتەمی دانوستانەکانی ڤیەننا بۆ کاراکردنەوەی ڕێککەوتنی ئەتۆمی بەردەوامە و ئەوروپا و وڵاتانی خۆرئاواش فشارەکانیان بۆ سەر ئێران چڕکردووەتەوە، بۆ ئەوەی بە ھەر شێوەیەک بێت، لەم خولەدا بگەنە ئەنجام و چیدی دانوستانەکان درێژە نەکێشێت.
لە دوای تێپەڕبوونی دوو ھەفتە بەسەر دەستپێکردنی شەڕی روسیا بۆ سەر ئۆکراین، راگەیاندنی ئاگربەست بۆ کردنەوەی رێڕەوی مرۆیی لە چەند شارێکی ئۆکراین بەردەوامە، شارەکانیش "سومی و خارکیڤ و ماریوپوڵ و چیرنیگیڤ" دەگرێتەوە، کردنەوەی ئەو رێڕەوانەش ستراتیژییەتێکی نێودەوڵەتییە بۆ رزگارکردنی مەدەنییەکان و کەمکردنەوەی نەھامەتییەکانیان لە کاتی جەنگدا.
ھاوکات "ڤۆلۆدمیر زیلینسکی" سەرۆکی ئۆکراین لە وتەیەکیدا سوپاسی "جۆ بایدن" سەرۆکی ئەمریکای کرد بۆ سەپاندنی سزا بەسەر ھاوردەی نەوتی روسیا و وتی دەبێت جەنگ رابگیرێت و دانوستانێکی شەفاف و پاک لەپێناو بەرژەوەندی گەل بکرێت.
وەزارەتی دەرەوەی روسیا ئاشکرایکردوە ، ئەمرۆ سێرگی لاڤرۆڤ وەزیری دەرەوەی روسیا بەرەو تورکیا بەرێ دەکەوێت بۆ ئەوەی سبەینێ لەگەڵ دمیترۆ کۆلیبا وەزیری دەرەوەی ئۆکراین لە ئەنتاڵیا کۆببێتەوە.
ئەوە لەکاتێکدایە رۆژی دوو شەممە خولی سێیەمی دانوستانەکانی نێوان روسیا و ئۆکراین لە سنوری نێوان ئۆکراین و بێلاروس بەڕێوەچوو، لەبارەی ئەو خولەی دانوستانەکانیشەوە لێپرسراوانی ئۆکراین رایانگەیاند ، ھەندێک ئەنجامی ئەرێنی لە دانوستانەکاندا ھەبووە ، بەڵام لێپرسراوانی روسیا پێیان وایە ئەنجامەکان لە ئاستی چاوەروانکراودا نەبوون .
وەزیری وزەی تورکیا ئاماژەی بۆ ئەوە کردووە ، ئەنقەرە ناتوانێت دەستبەرداری وزەی روسیا بێت چونکە لە بەدەستھێنانی غازی بەرێژەی ٤٥% و لە نەوت ١٧% و لە بەنزین ٤٠% پشت بە روسیا دەبەستێت .
وتیشی، جیھان پێویستی بە بڕێکی زیاتر نەوت و وزەیە جا چ لە ئەمریکا یاخود ڤەنزوێلا یان ئێران و سعودیە و ھەر وڵاتێکەوە بێت، بە پێویستیشی زانیوە سزاکانی سەر ئێران ھەڵبگیرێت بۆ ئەوەی وڵاتان بتوانن دووبارە لە تارانەوە وزە ھاوردە بکەن .
بەیرەقدار ئاماژەی بۆ ئەوە کردووە، لەکاتی راگرتنی ھاوردەکردنی وزە لە ئێرانەوە ، زیانیان بەرکەوتووە ، ھەربۆیە جارێکی تر ناتوانن بە ھەمان رەوشدا تێبپەرن و ھاوردەی ووزە لە روسیاشەوە رابگرن .
ئاژانسەکانی ھەواڵ بڵاویانکردەوە، سوپای روسیا بەتەواوەتی گەمارۆی شارەکانی کیێڤ و خارکیڤ و سومی و ماریۆپۆلی داوە و ئەمڕۆش چەند جارێک ناوەندی ئەو شارانەی تۆپباران و بۆردومان کردووە.
وەزارەتی بەرگری بەریتانیاش رایگەیاند، شەڕ و پێکدادانی نێوان ھێزەکانی ئۆکراین و سوپای روسیا لە باشوری خۆرئاوای کیێڤ بەردەوامە و سوپای روسیا نەیتوانیوە پێشڕەوەیی ئەوتۆ لەو ناوچەیە بکات، ئاماژەی بەوەشکردووە، سیستمی بەرگریی ئاسمانی ئۆکراین سەرکەوتوانە توانیویەتی بەرپەرچی ھێرشەکانی روسیا بداتەوە.
رێکخراوی کۆچی نێودەوڵەتیش رایگەیاند، بەھۆی ھێرشەکانی روسیا، ژمارەی ئاوارەکانی ئۆکراین دوو ھێندە زیادیکردووە و پێشبینی دەکرێت لە چەند رۆژی داھاتوودا ژمارەیان بۆ پێنج ملیۆن کەس بەرزبێتەوە.
ئیسحاق ھێرزۆگ سەرۆکی ئیسڕائیل سەردانی تورکیای کرد و لەگەڵ ڕەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆک کۆماری تورکیا کۆبووەوە، لە کۆنفرانسێکی ڕۆژنامەوانی ھاوبەشیشدا ئەردۆغان وتی، ھەوڵ دەدەن پەیوەندییەکانیان لەگەڵ ئیسڕائیل ئاسایی بکەنەوە و ئاڵوگۆڕە بازرگانییەکانیشیان لە ھەشت ملیار و ٥٠٠ ملیۆن دۆلارەوە بۆ ١٠ ملیار دۆلار بەرز بکەنەوە. سەرۆکی ئیسڕائیلیش وتی، ئامانجیان دروستکردنەوەی پەیوەندییەکی دۆستانەیە لەگەڵ تورکیا.
ماوەی ١٤ ساڵە پەیوەندییەکانی نێوان تورکیا و ئیسڕائیل تێکچووە و لەو کاتەشەوە ھیچ سەرۆکێکی ئیسڕائیل و تورکیا سەردانی یەکتریان نەکردووە، ئامانجی سەردانەکەش بۆ ئاسایکردنەوەی پەیوەندییەکان و کۆتایھێنانە بە کێشەکانی نێوانیان.
"زیلینسکی" بۆ یەکەمین جار لە دوای دەستپێکردنی شەڕ، گەڕایەوە کۆشکی سەرۆکایەتی لە "کیێڤ" و ڕایگەیاند لە ھیچ کەسێک ناترسێت و ئەوەی پێویست بێت دەیکات بۆ سەرکەوتن لەو شەڕەدا.
ھاوکات، لە چاوپێکەوتنێکیشدا لەگەڵ تۆڕی "ئەی بی سی نیوز"ی ئەمریکی وتی، "ڤلادمیر پوتن" سەرۆکی ڕووسیا بە داگیرکردنی ئۆکراین ناوەستێت و وڵاتانی تر لە ھاوپەیمانی باکوری ئەتڵەسی ناتۆ، دەکاتە ئامانج، داواشی لە "جۆو بایدن" سەرۆکی ئەمریکا کردەوە ناوچەی دژەفڕین لە ئۆکراین ڕابگەیەنێت.
وەزارەتی بەرگریی ڕووسیا بڵاویکردەوە، ئەمڕۆ لە سەعات ٧ی بەیانی بە کاتی گرینچ، ئاگربەست لە چەند شارێکی ئۆکراین جێبەجێ دەکەن.
ڕاشیگەیاند، ڕەوشی بەشێک لە شارەکانی ئۆکراین، بە خێرایی ڕووی لە داڕووخانکردووە و تاکو ئێستاش دەسەڵاتدارانی ئۆکراین نەیانتوانیووە گەرەنتی کارکردن لە ڕێڕەوە مرۆییەکان دابین بکەن.
میدیاکانی ڕووسیا ئاماژەیان بەوەکرد، ئامانجی ئاگربەستەکەی مۆسکۆ دەربازکردنی مەدەنییەکانە لە شارەکانی کیێڤ و خارکیێڤ و ماریۆپۆل و سوومی و چیرینخۆڤ.
"پوتن" لە وتارێکی تەلەفزیۆنیدا بە بۆنەی ٨ی مارسەوە ڕایگەیاند، ئۆپراسیۆنی سەربازی دژی ئۆکراین لەلایەن سەربازە شارەزاکانەوە ئەنجام دەدرێت بۆ پێکانی ئامانجە دیاریکراوەکانیان، ھەروەھا ئاسایشی گەلی ڕووسیا دەپارێزن.
سەرۆکی ڕووسیا وتیشی، سەربازە یەدەگەکانی ڕووسیا بۆ ئەو شەڕە ناخاتە حاڵەتی ئامادەباشی و بانگھێشتیان ناکات.
"میخاییلۆ بۆدۆلیاک" ئەندامی وەفدی دانوستانکاری ئۆکراین لە تویتەر نوسیوویەتی، لە خولی سێیەمی دانوستانەکانیان لەگەڵ ڕووسیا، ھەندێک ئەنجامی ئەرێنی ھەن لە بارەی ڕێرەوە مرۆییەکانەوە و ھاوکاری باشتر و کاریگەرتر دەگەیەندرێتە ئەوانەی بەدەست داگیرکاریی ڕووسیاوە دەناڵێنن.
ئاماژەی بەوەشداوە، سەبارەت بە بابەتەکانی تر بە تایبەت ئەوانەی پەیوەندییان بە ڕاگەیاندنی ئاگربەستەوە ھەیە، بەردەوام دەبن لە گفتوگۆی چر و پر.
لە بەرامبەریشدا ڤلادیمیر مدینسکی دانوستانکاری ڕووسیا ڕایگەیاندووە، خولی سێیەمی دانوستانەکانیان لەگەڵ ئۆکراین کە لە سنوری نێوان ئۆکراین و بێلاروس بەڕێوەچووە، لە ئاستی چاوەڕوانیەکانی مۆسکۆدا نەبووە و ھیوایان ھەیە لە خولی داھاتوودا پێشکەوتنی زیاتر لە دانوستانەکاندا بەدیبھێنن.
بڕیاریشە ڕۆژی ١٠ی ئەم مانگە وەزیرانی دەرەوەی ڕووسیا و ئۆکراین لە شاری ئەنتاڵیای تورکیا کۆببنەوە.
جۆن کیربی، وتەبێژی وەزارەتی بەرگریی ئەمریکا ڕایگەیاند، لە چوارچێوەی بڵاوکردنەوەی ٧ ھەزار سەربازی ئەمریکا لە وڵاتانی ئەندامی ناتۆ، ٥٠٠ سەربازی تر ڕەوانەی ئەوروپا دەکەن، بۆ پاڵپشتی لە ھەوڵەکانی ناتۆ لە شەڕی ئۆکراین.
لە لایەکی ترەوە، بەرپرسێکی باڵا لە وەزارەتی بەرگریی ئەمریکا، بە میدیای وڵاتەکەی ڕاگەیاندووە، ڕووسیا چەکداری سووریی و چەکداری تری بیانی، بۆ بەشداریکردن لە شەڕی ئۆکراین چەکدار دەکات.
ئەنجوومەنی دەستووریی فەڕەنسا، ڕاگەیاندراوێکی بڵاوکردەوە و ئاماژەی بەوەکرد، ١٢ کاندید مەرجی ٥٠٠ واژۆیان بۆ بەشداربوون لە ھەڵبژاردنی سەرۆکایەتیی کۆکردووەتەوە.
ڕاشیگەیاند، ھەریەکە لە ئیمانوێل ماکرۆن سەرۆکی ئێستا فەڕەنسا و ماری لۆپێن کاندیدی پارتی گردبوونەوەی نیشتمانی و ١٠ کاندیدی تر مەرجە دەستوورییەکانی تێپەڕاندووە و چوونە ململانێی ھەڵبژاردنی سەرۆکایەتیی فەڕەنسا.
کاندیدەکان ٨یان پیاون و ٤یان ژنن، لە ڕۆژی ٢٨ی ئەم مانگەوە دەست بە بانگەشەی ھەڵبژاردن دەکەن، کە ھەڵبژاردنە کە بە دوو خول بەڕێوەدەچێت، خولی یەکەم لە ڕۆژی ١٠ی نیسان و خولی دووەمیش لە ٢٤ی ھەمان مانگ بەڕێودەچێت.