عەلی خامنەیی ڕێبەری باڵای شۆڕشی ئیسلامی ئێران ڕایگەیاند، نەرمی نواندن لە بەرامبەر ئەمریکا یا ھەر ھێزێکی تر، لە پێناو دەربازبوون لە گەمارۆکان، ھەڵەیەکی گەورەیە و زیان بە دەسەڵاتی ئێران دەگەیەنێت.

ئاماژەی بەوەشکرد، بەرەوپێشبردنی زانستی ئەتۆمیی و بەشداری سیاسییان لە ناوچەکە لە قوڵایی ستراتیژی ئێراندایە، بۆیە ھەرگیز لەو بوارانەدا پاشەکشێ ناکەن.

ئەم  لێدوانەی خامنەئی لە کاتێکدایە، کە خولی ھەشتەمی دانوستانەکانی ڤیەننا بۆ کاراکردنەوەی ڕێککەوتنی ئەتۆمی بەردەوامە و ئەوروپا و وڵاتانی خۆرئاواش فشارەکانیان بۆ سەر ئێران چڕکردووەتەوە، بۆ ئەوەی بە ھەر شێوەیەک بێت، لەم خولەدا بگەنە ئەنجام و چیدی دانوستانەکان درێژە نەکێشێت.