ئۆکراین: خولی سێیەمی دانوستانەکان لەگەڵ ڕووسیا ھەندێک ئەنجامی ئەرێنی ھەبووە
کوردسات نیوز
٨ی ئازاری ٢٠٢٢
١٬٥٢٧
"میخاییلۆ بۆدۆلیاک" ئەندامی وەفدی دانوستانکاری ئۆکراین لە تویتەر نوسیوویەتی، لە خولی سێیەمی دانوستانەکانیان لەگەڵ ڕووسیا، ھەندێک ئەنجامی ئەرێنی ھەن لە بارەی ڕێرەوە مرۆییەکانەوە و ھاوکاری باشتر و کاریگەرتر دەگەیەندرێتە ئەوانەی بەدەست داگیرکاریی ڕووسیاوە دەناڵێنن.
ئاماژەی بەوەشداوە، سەبارەت بە بابەتەکانی تر بە تایبەت ئەوانەی پەیوەندییان بە ڕاگەیاندنی ئاگربەستەوە ھەیە، بەردەوام دەبن لە گفتوگۆی چر و پر.
لە بەرامبەریشدا ڤلادیمیر مدینسکی دانوستانکاری ڕووسیا ڕایگەیاندووە، خولی سێیەمی دانوستانەکانیان لەگەڵ ئۆکراین کە لە سنوری نێوان ئۆکراین و بێلاروس بەڕێوەچووە، لە ئاستی چاوەڕوانیەکانی مۆسکۆدا نەبووە و ھیوایان ھەیە لە خولی داھاتوودا پێشکەوتنی زیاتر لە دانوستانەکاندا بەدیبھێنن.
بڕیاریشە ڕۆژی ١٠ی ئەم مانگە وەزیرانی دەرەوەی ڕووسیا و ئۆکراین لە شاری ئەنتاڵیای تورکیا کۆببنەوە.